٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

داوودئۆغڵو: لە 2015ـدا پرسی كورد بە یەكجاری چارە دەکرێ.. لەسەر شەش خاڵی سەرەكی رێك كەوتووین

سەرچاوە: KDP.info

ئانكارا-KDP.INFO-  سەرۆكوەزیرانی توركیا رایگەیاند، هەنگاوەكانیان بۆ قۆناخی چارەکردنی پرسی کورد خێراتر كردووە و ساڵی 2015 دەبێتە ساڵی بەئەنجامگەیاندنی قۆناخەكە. دەشڵێت، ئامانجی حكوومەت ئەوەیە كە ساڵی 2015 پرسی كورد بە یەكجاری چارە بكات.

سەرۆكوەزیرانی توركیا (ئەحمەد داوودئۆغڵو) لە بارەی قۆناخی چارەکردنی پرسی كوردەوە گوتی، حكوومەت بۆ ئەوەی بتوانێ بە خێرایی و بە باشی قۆناخی چارەسەری بگەیەنێتە ئەنجام، بە هەموو شێوەیەك هەنگاوەكانی خۆی چڕتر كردووەتەوە.

(داوودئۆغڵو) هەروەها ئاماژەی دا، "بۆ ئەوەی بتوانین هەنگاوەكان بە باشی جێبەجێ بكەین، هەر 15 رۆژ جارێك، كۆبوونەوەیەكی تایبەت بۆ هەڵسەنگاندنی قۆناخی چارەکردن و ئەو هەنگاوانەی كە جێبەجێ دەكرێن و جێبەجێ كراون، ئەنجام دەدەین".

سەرۆكوەزیرانی توركیا جەختی كردەوە كە، تا ئێستا هەنگاوی زۆر گرینگ نراون و هەر دوولایش لەسەر شەش خاڵی سەرەكی وەكو بنەما و پرەنسیب رێك كەوتوون، بەڵام بە مەبەستی رێگریكردن لە نانەوەی هەر جۆرە ئاژاوەیەك، جارێ باسی ئەو شەش خاڵە ناكەن، بەڵام ئامانجی حكوومەت ئەوەیە كە ساڵی 2015 پرسی كورد بە یەكجاری چارە بكات.
هەر لە بارەی خێراتركردنی هەنگاوەكانی قۆناخی چارەکرنەوە، (عەبدوڵڵا ئوجەلان)-یش بە شاندی هەدەپەی رایگەیاندووە كە هەر چەند بەرتەسكیش بن، بەڵام دانوستانەكان لەگەڵ حكوومەتی توركیا بەبێ راوەستان بەردەوامن و لە داهاتوویەكی نزیكدا ئەنجامی باشی ئەو دانوستانانە بۆ رای گشتی ئاشكرا دەكرێن.

هیوا ئەردەلان
 

هەواڵی پەیوەندیدار