ئێمینكی: سازش لەسەر بستێكی خاكی کوردستان ناكەین

هەولێر-KDP.INFO- جێگری سەرۆكی پەرلەمان دەڵێ، كەركووك و تەواوی ناوچە كوردستانییەكان بەشێكی دانەبڕاوی خاكی كوردستانن و، ئەمرۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە هەموو شێوەیەك بەرگری لە خەڵك و خاكەكەی دەكات و، بە هیچ جۆرێک سازش لەسەر بستێكی ئەو خاكە ناكەن.
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان(د. جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی)، ئەمرۆ دووشەممە، ئەم قسەیەی لە میانەی پێشوازی لە بەرێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەكانی پارێزگای كەركووك(عەمید سەرحەد قادر) –دا كرد، کە تێیدا
رەوشی ئەمنیی پارێزگای كەركووك و هەڕەشەی تیرۆریستان و پلانی ئەمنی بۆ رووبەڕووبونەوەی چەكدارانی داعش و پاراستنی ئەمنیەت و سەقامگیریی كەركووك گفتوگۆیان لەبارەوە كرا.
(د. جعفر ئیبراهیم ئێمینكی) وێرای ستاییشكردنی هێزەكانی پۆلیس و ئاساییش و دەزگا ئەمنییەكان لەو شارەدا، كە هەمیشە وەك پێشمەرگەی سەنگەر چاوكراوە و بوێر بوونە و توانیویانە ئازایانە هەوڵی تیرۆریستان و ناحەزان لەپێناو درز خستنە نێو یەكڕیزیی نەتەوەكان و تێكدانی ئەمنیەتی شارەكە رابگرن.
(ئێمینكی) هاوكات پشتیوانیی پەرلەمانی كوردستانی بۆ كەركووك و تەواوی ناوچە كوردستانییەكان دووپات كردەوە كە "بەشێكی دانەبڕاوی خاكی كوردستانن و، ئەمرۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە هەموو شێوەیەك بەرگری لە خەڵك و خاكەكەی دەكات و بە هیچ جۆرێک سازش لەسەر بستێكی ئەو خاكە ناكەین."




