لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا بڕیار دەدرێت، کورد بەشداری لە کۆبوونەوەی پەرلەمان دهکا یان نا

بەغدا-KDP.INFO- بڕیارە ئەمڕۆ شاندی دانوستانکاری کوردی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کۆ ببێتەوە و تێیدا بڕیار دەدرێت کورد بەشداری لە کۆبوونەوەی متمانەدان بە حکوومەت بکات یان نا.
ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی پارتیی دیموکراتی کوردستان(د.ئەردەلان نورەددین) بە kdp.infoی راگەیاند: "بڕیارە سهعات سێی ئێوارەی ئەمڕۆ، شاندی دانوستانکاری کورد لەگەڵ لایەنە سیاسییەکاندا کۆ ببێتەوە و تێیدا بڕیار دەدرێت کورد بەشداری لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق بکات، کە تایبەتە بە متمانەدان بە حکوومەتی نوێی عێراق یاخود نا."
(د.ئەردەلان نورەددین) گوتیشی: "لەبەر ئەوەی رێک کەوتن نەکراوە و هێشتا لایهنهکان تهواو کۆک نین، بڕوا ناکەم کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق بەرێوە بچێت."
دوێنێیش گوتەبێژی شاندی دانوستانکاری کورد (فریاد رەواندزی) بە kdp.infoی راگەیاند، شاندی دانوستانکاری کورد دهگەڕێنەوە ھەرێمی کوردستان و، لە سلێمانی لەگەڵ سەرکردایەتیی سیاسیی کورد کۆ دهبنەوە، تا دواڕاپۆرتی ڕەوتی گفتوگۆکان و ئەنجامەکانی بخەنە ڕوو و، لەژێر ڕۆشنایی ئەو راپۆرتە ئەوانیش بڕیاری خۆیان بدەن.
گوتیشی: "لە دوو رۆژی رابردوودا ھیچ کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ لایەنی شیعە، بە شێوەیەکی راستەوخۆ نەکردووە، بەڵکو بە شێوەی ناڕاستەوخۆ گفتوگۆکان بەردەوامن و لە ڕێگەی دۆست و ھاوپەیمانانمانەوە، چەندین پێشنیازمان ئاڵوگۆڕ کردوون، بەڵام هێشتا نەگەییشتووینەتە ئەنجامێکی کۆتایی، بەتایبەت لەبارەی پرسی بودجە، لایەنی شیعە و (حەیدەر عەبادی) توندی دەنوێنن و نایانەوێت میکانیزمێکی دیار بە ئێمە بدەن، بۆ ئەوەی کێشەی بودجەی ئێمە چارەسەر بکەن و، جگە لەوەش دەیانەوێت پرسەکان بۆ دوای پێکھێنانی حکوومەت دوا بخەن و ئەوکات کێشەکان چارەسەر بکەن."
(ڕەواندزی ) ڕوونیشی کردەوە، "ئێمە دەمانەوێت میکانیزمێکی دیار و بەرچاوڕوونیێک ھەبێت بۆ ئەوەی لە کاتی دروستکردنی حکوومەت یەکسەر برێک پارە بدرێتە ھەرێمی کوردستان، بۆئەوەی مووچەی فەرمانبەران بدرێت."
زیاتر گوتی، بۆ پێکھاتەی حکوومەتیش، جیاوازییەکان زۆرن و هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە.
بڵند ئیبراھیم




