پێشمەرگە پلانێکی داعشیان پووچەڵ کردەوە.. شەش تیرۆریستیان کوشتوون

مووسڵ-KDP.INFO- ھێزەکانی پێشمەرگە لە میحوەری ناوەران، پلانێکی چەکدارانی داعشیان پوچەڵ کردەوە، کە لەلایەن شەش چەکدارەوە دارێژرابوو و، ھەرشەشیان کوژران.
بەرپرسی راگەیاندنی لقی چواردەی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ(سەعید مەموزینی) بە kdp.infoی راگەیاند: "ئەمڕۆ لە ناوچەی خورسیبات لە میحوەری ناوەران، شەش چەکداری داعش چووبوونە ناو خانوویەکەوە و خۆیان لە ھێزەکانی پێشمەرگە نزیک کردبووەوە، بۆ ئەوەی ھێرشیان بکەنە سەر و زیانیان پێ بگەیەنن، بەڵام ھێزەکانی پێشمەرگە ھەر زوو بەو پلانەیان زانی و بە ھاوەن خانووەکەیان بۆردوومان کرد."
(مەموزینی) گوتیشی: "لە ئەنجامی ئەو بۆردوومانەکەدا خانووەکە خاپوور کرا و ھەرشەش چەکداریش کوژران."
هاوکات گوتی، ئەمڕۆ لە میحوەری باشیکیش، ھێزەکانی پێشمەرگە، لە لایەن داعشەوە درانە بەر ھاوەن، بەڵام پێشمەرگە لێیان هاتنە دەست و بە توندی وەڵامیان دانەوە، دەربارەی ئەگەری هەبوونی زیانیش دەڵێت، خۆشبەختانە پێشمەرگە ھیچ زیانێکیان نەبووە و زیانی ئەوانیش نەزانراوە.
بڵند ئیبراھیم




