٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ڕەواندزی: شیعە و (عەبادی) توندن و میکانیزمێکی دیاریان بۆ ئێمە نییە.. گفتوگۆکان ئەنجامیان نەبووە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.INFO-  گوتەبێژی شاندی دانوستانکاری کورد دەڵێت، وەها بڕیارە، سبەی شاندەکەیان بگەڕێتەوە ھەرێمی کوردستان و لەگەڵ سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان کۆ ببێتەوە، تا دواراپۆرتی گفتوگۆکان و ئەنجامەکانی بخەنە ڕوو و، لەژێر ڕۆشنایی ئەو راپۆرتەیش بڕیار بدەن.

گوتەبێژی شاندی دانوستانکاری کورد (فریاد رەواندزی) بە kdp.infoی راگەیاند: "بڕیارە بەیانی، شاندی دانوستانکاری کورد بگەێنەوە ھەرێمی کوردستان و، لە سلێمانی لەگەڵ سەرکردایەتیی سیاسیی کورد کۆ ببینەوە، تا دواڕاپۆرتی ڕەوتی گفتوگۆکانی خۆمان و ئەنجامەکانی بخەینە ڕوو و، لەژێر ڕۆشنایی ئەو راپۆرتە ئەوانیش بڕیاری خۆیان بدەن."

گوتەبێژی شاندی دانوستانکاری کورد گوتیشی: "لە دوو رۆژی رابردوودا ھیچ کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ لایەنی شیعە، بە شێوەیەکی راستەوخۆ نەکردووە، بەڵکو بە شێوەی ناڕاستەوخۆ گفتوگۆکان بەردەوامن و لە ڕێگەی دۆست و ھاوپەیمانانمانەوە، چەندین پێشنیازمان ئاڵوگۆڕ کردوون، بەڵام هێشتا نەگەییشتووینەتە ئەنجامێکی کۆتایی، بەتایبەت لەبارەی پرسی بودجە، لایەنی شیعە و (حەیدەر عەبادی) توندی دەنوێنن و نایانەوێت میکانیزمێکی دیار بە ئێمە بدەن، بۆ ئەوەی کێشەی بودجەی ئێمە چارەسەر بکەن و، جگە لەوەش دەیانەوێت پرسەکان بۆ دوای پێکھێنانی حکوومەت دوا بخەن و ئەوکات کێشەکان چارەسەر بکەن."

(ڕەواندزی ) ڕوونیشی کردەوە، "ئێمە دەمانەوێت میکانیزمێکی دیار و بەرچاوڕوونیێک ھەبێت بۆ ئەوەی لە کاتی دروستکردنی حکوومەت یەکسەر برێک پارە بدرێتە ھەرێمی کوردستان، بۆئەوەی مووچەی فەرمانبەران بدرێت."

زیاتر گوتی، بۆ پێکھاتەی حکوومەتیش، جیاوازییەکان زۆرن و هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە.

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار