٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

(خەسرۆ گۆران)، بە جێبەجێکردنی داواکارییەکانی کورد، گەشبین نییە.. لایەنەکان هێشتا جیاوازییان هەن

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.INFO-  سەرۆکی فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت، هێشتا لایەنەکان لەبارەی کابینەی نوێ، نەگەییشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی و جەختیش دەکاتەوە، ئەگەرچی داواکارییەکانی کورد زۆر قورس نین، بەڵام ڕەنگە لایەنی بەرانبەر ئامادەیی جێبەجێکردنی تێدا نەبێت.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق (خەسرۆ گۆران) بە Kdp.infoی راگەیاند: "گفتوگۆکان لەبارەی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراقەوە، لەنێوان لایەنەکان بەردەوامە و ماوەی ھەفتەیەکە ئاگادار کراوینەتەوە بۆ ئەوەی ئامادە بین بۆ کۆبوونەوەیەک بۆ پێدانی متمانە بە حکوومەت، بەڵام هێشتا رێککەوتنی کۆتایی نەکراوە و ئێمەیش چاوەڕوان دەکەین."
(خەسرۆ گۆران) گوتیشی: "(حەیدەر عەبادی) تا ئاستێکی باش نەخشەی حکوومەتی داھاتووی دروست کردووە کە خۆی لە پشکی ھەرلایەنەک و کارنامەی حکوومەتدا دەبینێتەوە، بەڵام هێشتا لایەنەکان رازی نەبوون و جارێ گفتوگۆ ماوە."
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق راشیگەیاند: "لە ھەندێک خاڵ لایەنەکان زۆر لە یەکدییەوە نزیکن و، لە بارەی ھەندێکیشیان جیاوازی هەیە، بەڵام هێشتا سێ رۆژ لەبەردەم لایەنەکاندا ماوە."
ئەو پێوەست بە دانوستان و داواکارییەکانی کورد، گوتی، "داواکارییەکانی کورد زۆر قورس نین، بەڵام رەنگە لایەنی بەرانبەر ئامادەیی جێبەجێکردنی تێدا نەبێت" و، جەختیشی کردەوە، "ھەموو داواکارییەکان بە لای ئێمەوە گرینگن، نەک تەنیا مووچەی فەرمانبەران."

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار