٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سه‌رۆكوه‌زیران: ئه‌زموونێكى تاڵ ژیاین، به‌ڵام زۆر وانه‌یشى تێدا بوون، هانمان ده‌دەن بۆ ئه‌وه‌ى ئایینده‌یه‌كى باشتر كار بكه‌ین

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.INFO-  سه‌رۆكوه‌زیرانى هەرێمی كوردستان(نێچیرڤان بارزانى) بە شاندێكی قەداسەتی پاتریارك (مار دەنخا)-ی چوارەم سەرۆكی كڵێساى ڕۆژهەڵاتی ئاشووری دەڵێت، "ڕاسته‌ ئه‌زموونێكى تاڵ ژیاین، به‌ڵام زۆر وانه‌یشى تێدا بوون كه‌ هانمان ده‌دەن كار بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى ئایینده‌یه‌كى باشتر بۆ هه‌موو پێكهاته‌كانى كوردستانیان بنیات بنێین."

دواى نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، سه‌رۆكوه‌زیرانى هەرێمی كوردستان(نێچیرڤان بارزانى)، پێشوازی لە شاندێكی قەداسەتی پاتریارك (مار دەنخا)-ی چوارەم سەرۆكی كڵێساى ڕۆژهەڵاتی ئاشووری، بە سەرۆكایەتیی مەتران (مار ملیس زیا) كرد.

له‌ دیدارێكدا سه‌ره‌تا شانده‌كه‌ سڵاو و ڕێزى قەداسەتی پاتریاركیان گه‌یانده‌ سه‌رۆكوه‌زیران و سوپاس و پێزانینى خۆیان پێشكه‌ش به‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كرد بۆ ئه‌و هه‌موو كۆمه‌ك و هاوكارییانه‌ى پێشكه‌ش به‌ خوشك و برایانى مه‌سیحى كردووه‌. هه‌روه‌ها ڕایانگه‌یاند "به‌سه‌رهاته‌كان، ئه‌زموونێكى تاڵى نه‌خوازراو و كاره‌ساتێك بوون"، به‌ڵام دڵنیایى خۆیان دووپات كرده‌وه‌ كه‌ بارودۆخه‌كه‌ كاتییه‌ و ڕاده‌بوورێ.

شانده‌كه‌ هه‌روه‌ها تیشكى خسته‌ سه‌ر په‌یوه‌ندیى پێكهاته‌ ئایینى و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانى كوردستان و ناوچه‌كه‌ و، به‌ تایبه‌تى باسیان له‌ په‌یوه‌ندیى مێژووییى كورد و مه‌سیحییه‌كان كرد و جه‌ختیان له‌وه‌ كرده‌وه ‌كه ‌گه‌لان و پێكهاته‌كانى كوردستان هه‌میشه پێكه‌وه‌ بوون و پێكه‌وه‌ ده‌بن، چاره‌نووسى هه‌مووانیش پێكه‌وه‌یه‌. هه‌روه‌ها ستاییشى گیانى پێكه‌وه‌یى و ته‌باییى پێكهاته‌كانى كوردستانیان كرد و دووپاتیان كرده‌وه ‌كه‌ له‌ ئاییندەیشدا‌ هه‌ر وا ده‌بێت و گیانى پێكه‌وه‌ژیان و ژیاندۆستى له‌ كوردستان هه‌ر به‌ر‌ده‌وام ده‌بێت.

لاى خۆیه‌وه‌ سه‌رۆكوه‌زیران، وێڕاى به‌خێرهێنان و ناردنى سڵاو و ڕێز بۆ قەداسەتی پاتریارك، جه‌ختى له‌سه‌ر كو‌لتوورى لێبورده‌یى و پێكه‌وه‌ژیانى پێكهاته‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى كوردستان كرده‌وه كه‌ له‌ بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانى كوردستانیانه‌. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى دا كه،‌ ئه‌وه‌ى ڕووى داوه‌ به‌ هه‌موو پێوانه‌یه‌ك كاره‌ساته‌ و ده‌ریخست هه‌موو پێكهاته‌كانى كوردستان له‌ یه‌ك سه‌نگه‌ردا پێكه‌وه‌ن، بۆیه‌ هه‌مووان سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ هه‌ر پێكه‌وه‌ ده‌بن و ئاینده‌ش بۆ كوردستانیانه‌.

(نێچیرڤان بارزانى) هه‌روه‌ها ڕوونى كرده‌وه‌، كوردستان هه‌میشه‌ به‌ بایه‌خه‌وه‌ له‌ پێكهاته‌كانى ڕوانیوه‌، به‌ تایبه‌تیش پێكهاته‌ى مه‌سیحى كه‌ پێكهاته‌یه‌كى گرینگى كۆمه‌ڵگه‌ى كوردستانه‌. ده‌رباره‌ى ڕووداوه‌كانیش گوتى: "ڕاسته‌ ئه‌زموونێكى تاڵ ژیاین، به‌ڵام زۆر وانه‌یشى تێدا بوون كه‌ هانمان ده‌دەن كار بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى ئایینده‌یه‌كى باشتر بۆ هه‌موو پێكهاته‌كانى كوردستانیان بنیات بنێین"، شانده‌كه‌یشى دڵنیا كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ى له‌ تواناى حكوومه‌ت و گه‌لى كوردستاندا بێت، بۆ دابینكردنى ئارامى و ئاساییش و ژیانێكى سه‌ربه‌رزانه بۆ هه‌موو پێكهاته‌كان‌، درێخى ناكه‌ن.

له‌ كۆتاییدا شانده‌كه‌ دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌، هه‌میشه‌ له‌ نێوه‌نده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان داوا ده‌كه‌ن یارمه‌تیى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌ته‌كه‌ى بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن هه‌نگاوى باشتر له‌ ئاوه‌دانى و وه‌به‌رهێنان و پێشخستنى ژیاندا بنێن. هه‌روه‌ها سوپاس و پێزانینى خۆیان بۆ ڕۆڵى پێشمه‌رگه‌ و قوربانییه‌كانى دووپات كرده‌وه‌ كه‌ مایه‌ى شانازیى هه‌موو لایه‌كه‌ و هه‌رگیز له‌بیر ناكرێت.
 

هەواڵی پەیوەندیدار