٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆک بارزانی: ئاماژەكانی شكست و پاشەكشەی تیرۆریستان بە ڕوونی دەركەوتووە.. داهاتوویەكی ڕوون لەبەردەم خەڵكی كوردستانە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.INFO-  سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان(مەسعوود بارزانی)، ڕایگەیاند،  ئەو لەگەڵ ئەوەدا نییە خەڵك وڵاتی خۆیان جێ بهێڵن، چونكە ئەم بارودۆخە كاتییە و تێپەڕ دەبێ و تیرۆر و تیرۆریستان هیچ ئاییندە و پێگەیەكیان لەم وڵاتەدا نابێت و، ئاماژەكانی شكست و پاشەكشەیان بە ڕوونی دەركەوتووە.
ئەم قسانەی (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی ئەو پێشوازییەدا بوو کە ئەمڕۆ یەكشەممە، لە سەڵاحەدین لە شاندێكی قەداسەتی پاتریاك (مار دەنخا)-ی چوارەم سەرۆكی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری كرد كە بە سەرۆكایەتیی مەتران (مار ملیس زیا) سەردانی كوردستانیان كردووە.
لە دیدارێكدا سەرۆكی شاندەكە سوپاس و پێزانینی سەرۆكی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری لە جیهانی بە (سەرۆك بارزانی) ڕاگەیاند بۆ ئەو هەوڵانەی هەرێمی كوردستان بۆ پاراستن و حەواندنەوەی ئاوارە و پەنابەرانی ئەنجامی داوە و، سوپاسی كرانەوە و دڵفراوانیی خەڵكی كوردستانیشی كرد و ئاماژەی بەوەدا كە چارەنووسی هەموو پێكهاتەكانی كوردستان هاوبەشە و، جێگەی شانازییە كوردستان بووەتە پەناگەیەكی ئارام بۆ مەسیحییەكان و پەیڕەوانی ئایین و ئایینزاكانی دیكەی عێراق.
سەرۆكی شاندی سەرۆكی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری لە جیهان ئەوەیشی دووپات كردەوە كە پێویستە وڵاتانی جیهان هاوكار و پاڵپشتیی هەرێمی كوردستان بن لە شەڕكردنی دژی تیرۆریستان و یارمەتیدانی ئاوارەكان. سەرۆكی شاندی سەرۆكی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری لە جیهان هیوای سەركەوتنی بۆ (سەرۆك بارزانی) و گەلی كوردستان خواست لە تێپەڕاندنی ئەو شەڕ و كارەساتەی بەسەر كوردستاندا سەپێندراوە.

لەبەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندیی مێژوویی نێوان پێكهاتەكان كوردستان جەختی لەوە كردەوە كە كوردستان نیشتیمانی هەمووانە و پێویستە هەموو لایەك تێیدا بە ئازادی و سەربەرزی بژیین.
(سەرۆك بارزانی) ئەوەیشی خستەڕوو كە لەگەڵ ئەوەدا نییە خەڵك وڵاتی خۆیان جێ بهێڵن، چونكە ئەم بارودۆخە كاتییە و تێپەڕ دەبێ و تیرۆر و تیرۆریستان هیچ ئاییندە و پێگەیەكیان لەم وڵاتەدا نابێت و، ئاماژەكانی شكست و پاشەكشەیان بە ڕوونی دەركەوتووە.
(سەرۆك بارزانی) جەختی لەوەیش كردەوە كە، داهاتوویەكی ڕوون لەبەردەم خەڵكی كوردستانە و ئەم داهاتووییە زۆر لە ئێستا و ڕابردوو باشتر دەبێت. لە درێژەی قسەكانیدا (سەرۆك بارزانی) گەشبینیی خۆی نیشان دا بەوەی كە ئەم بارودۆخە لە بەرژەوەندیی گەلی كوردستان كۆتایی دێت، چونكە كوردستان لەسەر ڕێگەیەكی ڕاستە و گەلەكەمان خاوەنی دۆزێكی ڕەوا و دروستە.
 

هەواڵی پەیوەندیدار