جەبار یاوەر: فینلەندا پشتیوانیی خۆی بۆ پێشمەرگە دەربڕیوە

هەولێر-KDP.info- ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت، حكوومەتی فینلەندا ئامادەیی خۆی بۆ پشتگیری لە هێزی پێشمەرگە دەربڕیوە و جەختیشیان كردووەتەوە كە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش هەموو پشتیوانییەكی هێزی پێشمەرگە دەكەن.
لە ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی پێشمەرگەدا كە وێنەیەكی بۆ KDP.info نێردراوە، هاتووە: "لە كۆبوونەوەی وەزارەتی پێشمەرگە و شاندی باڵای حكوومەتی فینلەندا، قوربانییەكانی هێزەكانی پیشمەرگە و هیزەكانی پاراستنی هەرێم و گەلی كوردستان خرایە روو و سەرەڕای ئەوەیش باسی ئاوارەكان و ژمارەیان و پێویستییەكانیان كرا و داوا لە پەرلەمان و حكوومەتی فینلەندا كرا یارمەتی و هاوكاری و هەماهەنگیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پیشمەرگە و هێزەكانی پاراستنی هەرێمی كوردستان و ئاوارەكان لە هەموو ڕوویەكەوە بكەن و، جگە لەوەیش داوا كرا كە پەرلەمان و حكوومەتی فینلەندا رۆڵی خۆی لە وڵاتانی ئەسكەندانافیا و وڵاتانی ئەورووپا بە گشتی بگێڕێت و بۆ هاوكاری و یارمەتیی گەلی كوردستان هانیان بدات".
دەقی ڕاگەیەنراوەكە..
لە درێژەی كۆبوونەوەكانی شاندی باڵای وەزارەتی پیشمەرگە لە وڵاتانی ئەورووپا بۆ كۆكردنەوەی هاوكاریی سەربازی بۆ هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان، چەند كۆبوونەوەیەكی گرینگ لەگەڵ (سەرۆكی پەرلەمانی وڵاتی فینلەندا "كە دوەم كەسی وڵاتی فینلەندایە" و وەزیری ناوخۆ و وەزارەتی بەرگری و وەزارەتی دەرەوەی حكوومەتی فینلەندا و لیژنەكانی بەرگری و سیاسەتی دەرەوە و مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی وڵاتی فینلەندا" ئەنجام درا كە گشت ئەو كۆبوونەوانە بە شێوەیەكی فەرمی و لە دیوان و ئۆفیسی فەرمیی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی ناوخۆ و دەرەوە ئەنجام دران كە جگە لەو لێپرسراوە باڵایانە، راوێژكاران و ستافی باڵای ئەو دامودەزگا گرینگانە لە كۆبوونەوەكاندا بەشدار بوون كە بە گشتی وەفدی باڵای پیشمەرگە زۆر بە وردی ڕوونكردنەوەی پێویستی لە بارەی مێژوو و خەباتی گەلی كورد و كوردستان و پێكهاتەی پەرلەمان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كێشە و گرفتەكان و هەڕەشەكانی ئێستاكەی تیرۆر و بەرەنگاربوونەوەی قارەمانانەی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستانی سەر بە وەزارەتی پیشمەرگە و هێزەكانی تری پاراستنی هەریم بۆ ئەو هەڕەشانە و رێگەگرتن لە تەشەنەسەندنی پێشكەش كرد.
جگە لەوەیش قەبارەی قوربانییەكانی هێزەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی پاراستنی هەرێم و گەلی كوردستان لە كۆبوونەوەكاندا خرایە روو و سەرەڕای ئەوەیش باسی ئاوارەكان و ژمارەیان و پێویستییەكانیان كرا و لە پەرلەمان و حكوومەتی فینلەندا داوا كرا یارمەتی و هاوكاری و هەماهەنگیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و هێزەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی پاراستنی هەرێمی كوردستان و ئاوارەكان بكەن لە هەموو ڕوویەكەوە و جگە لەوەیش داوا كرا كە پەرلەمان و حكوومەتی فینلەندا رۆڵی خۆی بگێڕێت لە نێوان وڵاتانی ئەسكەندانافیا و وڵاتانی ئەورووپا بە گشتی كە بە هەمان شێوە هانیان بدات بۆ هاوكاری و یارمەتیی گەلی كوردستان.
دیارە لە گشت ئەو كۆبوونەوانەدا، لێپرسراوانی باڵای پەرلەمان و حكوومەتی فینلەندا ئەوپەڕی ئامادەیی و پشتیوانیی خۆیان لەو بارەیەوە نیشان دا و بەڵێنیان دا كە هەرچی دەتوانن لەو رووەوە ئەنجامی دەدەن بەپێی توانا و ئیمكانیاتی خۆیان. بۆ زانیاریی زیاتر بۆ هەمان مەبەست و لەبەر رۆشنایی بانگهێشتی فەرمی لەلایەن وڵاتانی چیك و هەنگاریاوە، وەفدی باڵای پێشمەرگە بەردەوام دەبێت لە ئەنجامدانی دیدار و كۆبوونەوەكانی لە پێناوی ڕوونكردنەوەی هەلومەرجی گشتیی كوردستان بۆ ئەو وڵاتانە و دابینكردنی هەماهەنگی و هاوكاری و یارمەتی بۆ گەلی كوردستان و حكوومەتی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەكانی پیشمەرگە و هێزەكانی پاراستنی هەرێم و پێویستییە مرۆییە هەنووكەییەكانی ئاوارەكان.




