مووچەی فەرمانبەران بە تەلەفونێک بڕدراوە.. کورد داوای روونکردنەوە دەکات

بەغدا-KDP.INFO- دوای ئەوەی وەزیری دارایی، ئەمڕۆ لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد کە، بە زارەکی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی بڕیوە، دواتر زیاتر لە 50 پەرلەمانتار ئیمزایان کۆ کردووەتەوە و داوایان کردووە، پێویستە حکوومەت ڕوونی بکاتەوە بە چ شێوەیەک بودجەی ھەرێمی بڕیوە.
ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی پارتیی دیموکراتی کوردستان (د.ئەردەلان نوورەدین) بە kdp.infoی راگەیاند: "ئەمڕۆ وەزیری دارایی لە پەرلەمان میوانداری کرابوو، تێیدا ئەوەی ئاشکرا کرد کە تەنیا بە زارەکی و بە تەلەفون مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی بڕیوە، بۆیە ئێمە وەکو پەرلەمان بۆئەوەی ئەو پرسە بەو شێوەیە تێپەڕ نەبێت، زیاتر لە 50 ئیمزامان کۆ کردووەتەوە و تێیدا داوامان کردووە بۆمان روون بکەنەوە بە چ فەرمانێک مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی بڕیوە."
(د.ئەردەلان) زیاتر گوتی، "داواکارییەکەمان ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کردووە و ئەوانیش رەوانەی وەزارەتی دارایی دەکەن، بۆ ئەوەی وەڵامی ئێمە بدرێتەوە و، ئەگەر وەڵامەکە بەم شێوەیە بێت، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێک دەھێنین و سکاڵا تۆمار دەکەین."
ئەو گوتیشی، "ئەگەر دەرکەوت مووچە بە تەلەفونێک بڕدرابێ، ئێمە لەسکاڵاکەمان سەرکەوتوو دەبین، چونکە ناکرێت بەم شێوەیە مووچەی فەرمانبەران ببڕدێت و، داوای قەرەبوو دەکەین، ئەگەر وەڵامیش نەدرێتەوە، دەبێ ئێمە رازی بکەن کە پێم وا نییە بتوانن، بۆیە پێویستە مووچەی فەرمانبەران خەرج بکەن، هەڵبەت لە ھەردوو حاڵًەت ئێمە سەرکەوتوو دەبین."
بڵند ئیبراھیم




