پەرلەمانتارێک: هێشتا بڕیار نییە بودجەی کوردستان بدرێت.. ڕوون بووەوە بودجەی ھەرێم تاکڕۆیانە بڕاوە

بەغدا-KDP.INFO- ئەندامێکی لیژنەی کاتیی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، وێڕای ڕەتکردنەوی ئەو دەنگۆیانەی باس لە ناردنی بودجەی کوردستان دەکەن، دەشڵێت، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیاندا لەگەڵ وەزیری دارایی، بۆیان روون بووەتەوە کە، بڕینی بودجەی ھەرێم، بە شێوەیەکی تاکلایەنە بووە، نەک بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بووبێت.
ئەندامی لیژنەی کاتیی دارایی لە پەرلەمانی عێراق (رێناس جانۆ) بە kdp.infoی راگەیاند: "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا کە بە میوانداریی وەزیری دارایی ساز درا، خاڵی سەرەکیی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ لەگەڵ وەزیری دارایی، باسکردن بوو لە گەڕانەوەی مووچە و بودجەی ھەرێمی کوردستان، بەڵام بیانووەکانی وەزیری دارایی بۆ ئێمە زۆر لاواز بوون، بۆیە ئێمە گەییشتینە ئەو بڕوایەی کە بڕینی بودجەی ھەرێم، بە شێوەیەکی سیاسی و تاکڕۆیانە دراوە و بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران و، بە شێوەیەکی یاسایی و دەستووری نەبووە."
(رێناس جانۆ) گوتیشی: "پێویست بوو وەزیری دارایی بانگھێشت کرابا نەک میوانداریکردن، چونکە لەناو بودجەدا کۆمەڵێک کەموکوڕی ھەبوون، سەرەڕای ئەوەش وەڵامەکانی لە ئاستی پێویستدا نەبوون."
(جانۆ) راشیگەیاند، "ئەو دەنگۆیانەی باس لە گەڕانەوەی بودجەی ھەرێم دەکەن، راست نین و هێشتا بڕیارێکی لەو شێوەیە نەدراوە."
زیاتر گوتی، "ئەمڕۆ جگە لەوەی وەزیری دارایی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەماندا بەشدار بوو، ئێمەش وەک لیژنەی کاتیی دارایی کۆ بووینەوە و بە ھیچ جۆرێک باس لە گەڕانەوەی بەشەبودجەی ھەرێم نەکراوە."
بڵندئیبراھیم




