ئەنجوومەنی دانوستاندن لەگەڵ بەغدا وانەیەك لە ڕابردوو پەندێك بۆ ئەمڕۆ و سبەی

دڵشاد مستەفا وەسانی
هێشتا كاروانی دانوستاندنی نێوان كوردو بەغدا بەردەوامە، ئەگەر لە شۆڕشی ئەیلوولەوە دەست پێبكەین، ئەوا زیاتر لە 50 ساڵە، وێڕای شەڕو كاولكاری و جینۆسایدكردنی كوردو خەباتی چەكداریی خەڵكی كوردستان، هەمیشە جوڵانەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان، كەناڵی گفتوگۆو دانوستاندنی بە گرنگ زانیوە، ئەوەشی لەلا ڕوون بووە، كە لە بەغدا مەیلی كات بەسەر بردن و خۆدزینەوە لە گفتوگۆ هەبووەو هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا، تا ڕێگای ئاشتی و گفتوگۆ هەبووبێ، پەنای بۆ خەباتی چەكداری نەبردووە، بۆیە كۆبوونەوەی ڕاوێژكاریی پەرلەمان لەسەر داوای حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕۆژی 6/7/ 2012 بۆ پێكهێنانی ئەنجوومەنی باڵای دانوستاندن لەگەڵ حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ، بناغەی قۆناغێكی نوێیە لە درێژەدان بە دانوستاندن لەگەڵ بەغدا، كە خوێندنەوە هەڵدەگرێت.
گفتوگۆ، دانوستاندن، یان (مفاوەزات) ئەوەی زیاتر لەسەر زمانی خەڵك بووە بە ئێستاشەوە، دەمێكە شوێنی لە یادگەی خەڵكی كوردستاندا كردۆتەوە، ئەمەش لەوەوە هاتووە، كە شێوازێكی دیكەی خەباتە، بۆ وەدەستهێنانی ماف، لە لایەكی دیكەشەوە، دانوستاندن ڕێگایەكی ئاشتیخوازانەیەو خوێنی تێدا ناڕژێ، ئەگەرچی ئەمە بۆ كورد شتێكی دیكەیە، چونكە لەمەشیاندا ئازاردراوە، نموونەش زۆرە، بەدرێژایی مێژووی تێكۆشان و مفاوەزات، هەوڵدراوە لە پەنای ئاشتیدا زەبری لێ بوەشێندرێ، وەك هەوڵی تیرۆركردنی ئیدریس بارزانی هەمیشە لەیاد لە مانگی كانوونی یەكەمی 1970 لە بەغدا كە بۆ بەدواداچوونی هەندێ بابەتی ڕێككەوتننامەی 11 ی ئادار چووبوو، هەروەها هەوڵی تیرۆركردنی بارزانیی نەمر لە 29/9/1971 لە حاجی ئۆمەران، ئەمەو لە 1972 هەوڵێكی دیكەی تیرۆركردنی بارزانی پوچەڵ كرایەوە، لە كاتێكدا1970-1974 ماوەی ئاشتی بوو لە نێوان شۆڕشی كوردستان و بەغدا، بەپێی ڕێككەوتننامەی 11 ی ئاداری 1970 یان بەغدا پەنای بۆ بەڕێكردنی كات بردووە، چونكە تا ئێستا، بڕیاری بەغدا بۆ گرتنەبەری ڕێگەی گفتوگۆ و دانوستاندن، لە ڕوانگەی بڕوابوونی بە ڕێگەی ئاشتییەوە نەبووە، بەڵكو لە كاتی لاوازی و ناچاریدا، لەگەڵ كورد كەوتۆتە دانوستاندن، كە دەرفەتی هاتۆتەوە پێش لێی پەشیمان بۆتەوە، بەداخەوە ئەم تێڕوانینە ئێستاش لە بەغدا زاڵە.
لەبەرئەوەی دانوستاندن لە پێناوی مەسەلە چارەنووسسازەكانە، بڕیاردانیش لە چوونە نێو پرۆسەی دانوستاندنەوە، ئەركێكی قورسەو، وەئەستۆگرتنی ئەو بەرپرسیارێتییە مێژووییە، هێندە ئاسان نییە، بەتایبەتیش بۆ دۆخی كوردستان، كە بەغدا بە قەناعەتەوە نەچۆتە نێو پرۆسەی دانوستاندنەوە، بۆیە هەمیشە لە نێو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستاندا، دانوستاندن لەگەڵ بەغدا، پێویستی بە بڕیاری دەستەجەمعی بووە، ئەو بڕیارە دەستەجەمعییە لە كوێ دراوەو دەدرێ؟ بەو پێیەی پەیوەندیی بە چارەنووسی میللەتەوە هەیە، پێویستیی بە كۆدەنگی هەیە، لە كوردستاندا حزبە سیاسییەكان ئەو ئەركەیان وەئەستۆ گرتووەو، پرۆسەی دانوستاندن بە چەندین قۆناغدا تێپەڕیووە، لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول بە ڕابەرایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، چەندین گەڕی دانوستانی نێوان شۆڕشی كوردستان و بەغدا بەڕێوەچووە، كە لە لایەن شۆڕشەوە بە گرنگ سەیر كراوەو، بڕیاری گونجاوی لە كات و ساتی گونجاودا داوە، هەر كاتێك دەرفەتی دانوستاندن هاتبا پێشەوە، بە كۆبوونەوەی بەردەوام و كۆدەنگی بڕیاری قبوڵكردن یان ڕەتكردنەوە دراوە، دیارە لە ماوەی 1961-1975 واتە بە درێژایی شۆڕشی ئەیلوول، زۆر جار دانوستان لەگەڵ بەغدا كراوەو، لەو سەردەمەوە وشەی مفاوەزات زیاتر داكەوت، ساڵی 1963 بە فەرمانی بارزانیی نەمر كۆنفرانسی كۆیە بەڕێوەچوو، لە سەر داوای بارزانی نوێنەری هەموو ناوچەكانی كوردستان لەو كۆنفرانسە كۆكرانەوەو، بارزانی خۆیشی ئامادە بوو، كە زۆر بە بایەخەوە دانوستاندن لەگەڵ بەغدا هەڵسەنگێندراو بە كۆدەنگی پرۆژەیەك بۆ دانوستاندن گەڵالە كراو وەفدێك بۆ چوونە بەغدا پێكهێندرا، ئەمە لەكاتێكدا بوو كە شۆڕشی كوردستان لە لایەن تەنیا حزبێك كە پارتی دیموكراتی كوردستان بوو ڕابەرایەتی دەكرا، دواتر ناوە ناوە بەغدا داوای گفتوگۆی كردووە، تا بەوە گەیشت كە لە 11ی ئاداری 1970 ڕێككەوتن لە نێوان شۆڕشی كوردستان و حكوومەتی بەغدا كرا، هەرچەندە بارزانیی نەمر قەناعەتی لادروست ببوو، كە بەغدا مل بۆ ئاشتی نادات، بەڵام لەبەر كۆدەنگی سەركردایەتی، بەوە ڕازی بووە كە دانوستان دەست پێبكرێتەوە، بۆچوونی بارزانیی نەمر ڕاست دەرچوو، ئەگەرچی بەغدا لە ناچاری ملی بۆ دانوستان داو، هەرچەندە ڕێككەوتنی 11ی ئاداری 1970 بە بەڵگەنامەیەكی گرنگی دانپێدانانی بەغدا بە مافی گەلی كورد دادەندرێ، لەگەڵ ئەوەشدا بەغدا بەدوای دەرفەتدا دەگەڕاو ویستی لە پەنای ئاشتیدا، لە بەغدا هەوڵی تیرۆركردنی ئیدریس بارزانی دا، هەروەها هەوڵیدا بارزانیی نەمر تیرۆر بكات، دوای ئەوەی دەستی خۆیشی گرتەوە، لە 11 ی ئاداری 1974 بەیاننامەیەكی یەكلایەنەی ڕاگەیاندو شەڕی بەسەر كوردستاندا سەپاندەوە، لە 1975 یش لە ڕێی ڕێككەوتننامەی جەزائیرەوە، تەنازولی بۆ شای ئێران كردو شۆڕش تووشی نسكۆ بوو.ماوەی 1975- 1991 قۆناغێكە، كە تیایدا بەغدا بەتەواوی، دانوستان وەك تاكتیك بۆ تێكشكاندنی كوردو پەرتكردنی زیاتری هێزە سیاسییەكان بەكاردێنێت، لەم قۆناغەدا چەندین حزب لە گۆڕەپانی سیاسیدا بوون، بەغدا هەوڵی دەدا هەرجارەو لەگەڵ لایەنێكی سیاسیدا مفاوەزات بكات، كەواتە لەم قۆناغەدا كۆدەنگی تەواوی هێزە سیاسییەكان بۆ دانوستان لەگەڵ بەغدا نەبووە، لەم ماوەیەدا ڕژێمی بەعس، نەك هەر بڕوای بە دانوستان نەبوو، بەڵكو شاڵاوی لەناوبردنی خەڵكی كوردستانی فراوانتر كرد، گەیشتە ئاستی بەكارهێنانی چەكی كیمیاوی و ئەنفالكردنی ژمارەیەكی زۆری خەڵكی كوردستان و وێرانكردنی ژێرخانی كوردستان.دوای ڕاپەڕین و كۆڕەوی ملیۆنیی خەڵكی كوردستان، دەرفەتێكی دیكەی دانوستاندن هاتەوە پێش، ئەمجارە هێزە سیاسییەكان لە ژێر بەرەیەكدا بوون (بەرەی كوردستانی)، بۆیە ئەم دانوستانە، بە دانوستانی نێوان بەرەی كوردستانی و حكوومەتی عێراق ناسراوە، كە ماوەیەكی زۆری خایاند، بەڵام هیچی لێ شین نەبۆوە. لە 19/5/1992 هەڵبژاردن كراو پەرلەمان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەدایك بوون، بەڕێوەبردنی كوردستان لە لایەن دەسەڵاتی بەرەی كوردستانییەوە بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان گوازرایەوە.ڕووخاندنی ڕژێمی سەدام لە 2003 سەرەتای عێراقێكی تازەی هێنایە ئارا، هەرێمی كوردستان لە هاوكێشەكانی ئەم قۆناغەدا حیسابی بۆ كرا، سەرەتا بەهۆی قورسایی هەرێمی كوردستان، وا دەهاتە بەرچاو، كە مادام تواناكانی هەرێم لە بنیاتنانەوەی عێراقی نوێدا دەخرێنەگەڕ، ئیدی پێویست بە دانوستان لەگەڵ بەغدا نامێنێ، بەڵام بە سوود وەرگرتن لە ژینگەی عێراق، ئەوەش خرایەڕوو كە لایەنە سیاسیەكانی عەرەب، دوای كەوتنەسەرپێی حكوومەتی بەغدا، كۆسپ بۆ مافەكانی كوردستان دروست دەكەنەوە، زۆری نەبرد، بۆ جارێكی دی مافی خەڵكی كوردستان، بۆوە بابەتی دانوستانی نێوان هەولێرو بەغدا، تا بەوە گەیشت واقیعی هەرێمی كوردستان، وەك خۆی بناسرێ و، مافی كوردستان لە ماددەی 58 ی یاسای كاتی بەڕێوەبەردنی دەوڵەت و، دواتر لە ماددەی 140 ی دەستووری عێراقدا چەسپێندرا، لەگەڵ ئەوەی مافەكانی هەرێمی كوردستان لە دەستووردا دانی پێدانرا، بەڵام حكوومەتی بەغدا خۆی لە جێبەجێ كردنی دەستوور دزیەوە، بەمەش پرۆسەی سیاسی عێراق و دیموكراسی لە عێراق كەوتەژێر پرسیارەوە
بەغدا لەدوای 2003 وە لە دوو دەروازەوە كوردی دەدواندو، كاربەدەستان دەهاتنە پیرمام و دوكان، بەڵام دوای 2005 كە بۆ یەكەم جار لە پەرلەمانی كوردستان سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەڵبژێردرا، كوردستان بووە خاوەنی یەك مەرجەع، بەمەش بەغدا ناچاربوو ئەو مەرجەعە ببینێ، هەرچەندە بەغدا هەمیشە چاوی لەوەبووە كورد پەرتەوازە بێ و لە بڕیارداندا بەهێز نەبێت. گەشەسەندنی سیاسی لە كوردستان و سەرهەڵدانی ئۆپۆزسیۆن لە 2009 و، هەڵبژاردنی بەڕێز مسعود بارزانی لەلایەن خەڵكی كوردستان وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان، گەرموگوڕی خستەوە گۆڕەپانی سیاسی و، تا دێت كونسوڵگەری وڵاتان لە پایتەختی هەرێمی كوردستان زیاد دەبن، بەغداش لای خۆیەوە كەوتە دژایەتی كردنی هەرێمی كوردستان، بەمەش پەیوەندی هەولێرو بەغدا ئاڵۆزیی تێكەوت، سەرۆك بارزانی هەوڵیدا جیاوازییەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، نەبێتە ڕێگر لەبەردەم یەكڕیزی و یەك گوتاری سیاسی بەرامبەر بەغدا، ئەم پێویستییەی یەكڕیزی و یەك گوتارییە، بووە یەكێك لە كارنامەكانی كابینەی حەوتەم، كە ڕۆژی 5/4/2012 لە لایەن بەڕێز نێچیرڤان بارزانی لە پەرلەمانی كوردستان خوێندرایەوە، بۆ ئەوەی هەوڵ بدرێ ئەنجوومەنێك بۆ دانوستاندن لەگەڵ بەغدا پێك بێت، دوای ئەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان داوای لە پەرلەمانی كوردستان كرد، بۆ ئەوەی لە پەرلەماندا قسە لەو بابەتە بكرێت، ڕۆژی 6/7/2012 كۆبوونەوەیەكی ڕاوێژكاری بەڕێوەچوو، كە جگە لە فراكسیۆنەكانی پەرلەمان نوێنەری تەواوی لایەنە سیاسییەكان ئامادەبوون، دەكرێ چەند سەرنج و بۆچوونێك دەربارەی ئەم ئامادەكارییە بۆ دانوستاندن لەگەڵ بەغدا، لەم خاڵانەدا بخەینەڕوو:
1- وێڕای فراكسیۆنەكانی پەرلەمان كە نوێنەرایەتی خەڵكی كوردستان دەكەن، لەبەرچاوگرتنی زۆرترین بیروڕای هێزو لایەن و گرووپی سیاسییە، كە كۆدەنگی بەرامبەر ئەم پرۆژەیەی دامەزراندنی ئەنجوومەنی دانوستاندن بەهێزدەكات
2- گرتنی هەموو ئەو كون و كەلەبەر و درزانەی، كە بەغدا دەیەوێت لێیانەوە بێتە كوردستان بۆ درێژەدان بە دانوستاندن وەك خۆی دەیەوێت، ڕێگرتن لە فرە سنتەری بڕیاردان، چونكە بەغدا گەرەكیەتی بۆ پەرش و بڵاوكردنی هێزەكان و لاوازكردنی ناوەندی بڕیار، لە درزەكاندا بێتە ژوورەوە.
3- ئەم گردبوونەوەیە بۆ خەمخواردن لە چۆنیەتی دانوستاندن، ئەوەمان پێشان دەدات، كە لە بەغدا ڕانابیندرێت مل بداتە بەر جێبەجێ كردنی دەستوور، بۆیە هەمووان لەسەر ئەم تەگبیرە یەك دەنگن، تا بە میكانزمێكی نوێوە بچنەوە مەیدان.
4- هەموو ئەو هێزو لایەنانەی نوێنەریان لەو ئەنجوومەنە دەبێت، هەوڵ بدەن لە دانانی نوێنەرەكانیاندا، خۆیان لە خزمخزمێنەو مەحسوبییەت بپارێزن، هەقە تواناو لێهاتوویی كەسەكان بكرێتە پێوەر.
5- هێزو لایەنە سیاسییەكان دان بەخۆدا بگرن و، لەسەر بچووكترین كێشە نەكەونە هەڕەشەی بایكۆت كردن لەو ئەنجوومەنە، چونكە دەبێتە هۆی دروستكردنی زەمینەی ئەو كون و كەلەبەرانەی بەغدا گەرەكییەتی.
-6ئەنجوومەنی دانوستاندن، ئەوەمان پێدەڵێت، كە یەكگرتوویی گوتاری سیاسی و بەگەڕخستنی هەموو توانایەك بۆ دانوستاندن، پێویستییەكی حەیاتییە، پێشمان دەڵێ سەیری دوێنێ بكەن، كە پەرتەوازەو فرە مەرجەع بوون، بەغدا چۆن سەیری دەكردن و چی بەسەرهێنان




