عه‌بدولسه‌لام به‌رواری: ئۆپۆزسیۆن بووە هۆی چالاک‌تر بوونی لیستی زۆرینە، بەڵام زیاتر خه‌ریکی خۆ نمایش کردن بوون

عه‌بدولسه‌لام به‌رواری په‌رله‌مانتاری پارتی له‌لیستی کوردستانی، لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەی "هاوڵاتی"دا ڕایدەگەیەنێت کە "ئۆپۆزسیۆن په‌رله‌مانی زیندووکردو کاریگه‌ری هه‌بوو له‌سه‌ر فراکسیۆنی زۆرینه‌ش تاکو خۆی باشتر رێکبخات‌و چالاک‌تر بێت"، هەروەها ڕەخنەی ئەوەش لە ئۆپۆزسیۆن دەگرێت کە "به‌داخه‌وه، له‌به‌ر ئه‌و سروشته نیگه‌تیڤانه‌ی کاریان، نه‌یانتوانی سوود له‌و رێژه باشه‌ی که هه‌یانه وه‌ربگرن، زیاتر خه‌ریکی خۆنمایش کردن بوون له ده‌زگاکانی راگه‌یاندن و کار‌و قسه‌ی سه‌رنجڕاکێش".
دەقی دیمانەکە:
هاوڵاتی: ئێوه وه‌کو لایه‌نی ده‌سه‌ڵات، دوای سێ ساڵ له‌دروستبوونی ئۆپۆزسیۆن، بۆچوونتان له‌سه‌ر ئه‌دای ئه‌وان چۆن بووه له‌په‌رله‌مان؟
عه‌بدولسه‌لام به‌رواری: بێگومان ئه‌زموونێکی تازه بوو بۆ هه‌ردووکمان، به‌ڵام ئه‌وه‌ی زیاتر به‌رچاوه، ئه‌وه‌یه که ئه‌وان خۆیان له‌ده‌ره‌وه‌ی سیستمی سیاسی ده‌بینن و وه‌ک به‌شێک له‌و سیستمه ره‌فتار ناکه‌ن، که‌ئه‌مه‌ش جیاوازی ئوپۆزسیۆنه له‌سیستمی دیموکراسی له‌گه‌ڵ ئه‌و ئۆپۆزسیۆنه‌ی هه‌یه له‌سیستمێکی وه‌کو رژێمی پێشووی عیراق، بۆ نموونه. دوور له‌م خه‌سڵه‌ته، بوونی ئۆپۆزسیۆن په‌رله‌مانی زیندووکردو کاریگه‌ری هه‌بوو له‌سه‌ر فراکسیۆنی زۆرینه‌ش تاکو خۆی باشتر رێکبخات‌و چالاک‌تر بێت.
هاوڵاتی: ئۆپۆزسیۆن له‌کوردستان ئه‌زموونێکی نوێ بوو، ئه‌وان چ کاریگه‌رییه‌کیان له‌سه‌ر گۆڕینی ئه‌دای په‌رله‌مان‌و باشترکردنی یاساکان هه‌بووه؟
عه‌بدولسه‌لام به‌رواری: به‌داخه‌وه، له‌به‌ر ئه‌و سروشته نیگه‌تیڤانه‌ی کاریان، نه‌یانتوانی سوود له‌و رێژه باشه‌ی که هه‌یانه وه‌ربگرن، زیاتر خه‌ریکی خۆپیشاندان بوون له‌ده‌زگاکانی راگه‌یاندن‌و کار‌و قسه‌ی سه‌رنجڕاکێش. زۆربه‌ی زۆری ئه‌و پڕۆژانه‌ی پێشکه‌شیان ده‌کرد، یان پڕۆژه‌ی خولی رابردوو بوون، که ده‌رفه‌ت نه‌بوو په‌سه‌ندبکرێن، یان ته‌نها بیرۆکه‌بوون، یان پێویست نه‌بوون، چونکه بۆ هه‌مان بابه‌تی پڕۆژه‌که، یاسایه‌ک هه‌یه‌و کاری پێده‌کرێت.
له‌لیژنه‌کانیش ئه‌و رۆڵه‌یان نه‌گێڕا که لێیان چاوه‌ڕوانده‌کرا، به‌ڵکو یان خۆیان له‌کۆبووه‌نه‌کان ده‌دزییه‌وه یان وه‌رگرتنی هه‌ڵوێست دژی رای زۆرینه. له‌ناو هۆڵی په‌رله‌مانیش، چونکه دانیشتنه‌کان له‌ڕێگای ته‌له‌فزیۆنه‌وه په‌خشده‌کرێن، قسه‌کانیان زیاتر دروشم‌و حه‌ماسه‌ت‌و عاتیفه بوون، واتده‌زانی له‌گه‌رمه‌ی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنداین.
هاوڵاتی: له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و کاریگه‌رییانه‌و گۆڕانکاری له‌دۆخی ناوچه‌که‌و عێراق‌و هه‌رێمی کوردستان به‌تایبه‌تی, خه‌ڵک ده‌یه‌وێت بزانێت ده‌ستکه‌وته‌کانی ئۆپۆزسیۆن چین؟
عه‌بدولسه‌لام به‌رواری: سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی سه‌ره‌وه، ئۆپۆزسیون بوو به‌واقعێک و به‌شێک له‌سیستمی سیاسی له‌کوردستان، ئه‌مه‌ش ده‌وڵه‌مه‌ندیه بۆ خودی ئه‌و سیستمه. بێگومان ئه‌زموونێکی باش بوو بۆ خۆ تاقیکردنه‌وه‌و خۆ ئاماده‌کردن بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کانی داهاتوو. ئه‌گه‌ر ئه‌و شێوازه نیگه‌تیڤه‌یان نه‌بوایه، بێگومان ده‌سکه‌وتی به‌رچاویشیان ده‌بوو.
هاوڵاتی: ئه‌ی له‌و سێ ساڵه‌دا ئۆپۆزسیۆن لایه‌نه خراپیه‌کانیان چی بوو؟
عه‌بدولسه‌لام به‌رواری: کوشتنی کاتی کۆبوونه‌وه‌کانی لیژنه‌کان و دانیشتنه‌کانی په‌رله‌مان، ده‌رچوون له‌بابه‌ته‌کان‌و تێکه‌ڵکردنیان، هه‌وڵدانی به‌رده‌وام بۆ به‌حزبیکردنی کاری په‌رله‌مان، باسکردنی ناوه‌ڕۆکی کۆبوونه‌وه‌کانی لیژنه‌کان به‌شێوه‌یه‌کی دوور له‌ڕاستی و شێواندنی هه‌ڵوێست‌و بۆچوونه‌کان، دووباره‌کردنه‌وه‌ی تۆمه‌تی بێ بنه‌ما ده‌رحه‌قی حکومه‌ت و لیستی زۆرینه، سووککردنی په‌رله‌مان و په‌رله‌مانتار له‌به‌ر چاوی خه‌ڵک.
هاوڵاتی: به‌بۆچوونی ئێوه ئۆپۆزسیۆن له‌و سێ ساڵه‌دا ده‌یتوانی چی بکات که‌نه‌یکرد؟ ئه‌و ده‌رفه‌تانه‌ی هاتوونه‌ته پێش ئۆپۆزسیۆن چین که نه‌یتوانی بیقۆزێته‌وه؟
عه‌بدولسه‌لام به‌رواری: کێشه‌ی هه‌ره سه‌ره‌کی ئه‌م جۆره پرسیارانه ئه‌وه‌یه، که‌ئۆپۆزسیۆن‌و زۆرجار راگه‌یاندنیش، تێگه‌یشتنێکی هه‌ڵه‌یان له‌سه‌ر په‌رله‌مان‌و ئۆپۆزسیۆن‌و کار‌و بواره‌کانی ئیشی په‌رله‌مان بڵاوکرده‌وه، بۆیه خه‌ڵک چاوه‌ڕوانی شتی زۆر له‌په‌رله‌مان‌و ئۆپۆزسیۆن ده‌کات، که ره‌نگه به‌شه هه‌ره زۆری هه‌ر کاری په‌رله‌مان یان ئۆپۆزسیۆن نه‌بێت، بۆیه من نازانم مه‌به‌ست له‌و "ده‌رفه‌تانه‌ی که ئۆپۆزسیون ده‌یتوانی بیانقۆزێته‌وه"، چییه؟
که‌مینه له‌سیستمی دیموکراسی ده‌توانێت نموونه‌ی باشتر پێشکه‌ش بکات له‌چاره‌سه‌رییه‌کان، به‌ڵام چونکه له‌حوکمدا نییه، ته‌نها ده‌رفه‌تی قسه و شیکردنه‌وه و هاندانی خه‌ڵکه به‌مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی متمانه‌یان له‌هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا. کارێکی زۆر گرنگ‌و به‌سوود بۆ نیشتیمان‌و کۆمه‌ڵگه، بریتیه له‌پێشکه‌شکردن‌و پیشاندانی ئه‌لته‌رنه‌تیڤی باشتر بۆ هه‌ر بڕیار‌و هه‌نگاوێکی حکومه‌ت، که به‌داخه‌وه ئه‌مه‌یان هه‌ر له‌بیر نه‌بوو، به‌ڵکو هه‌ندێک جار نمونه‌ی خراپتریان پیشانده‌دا، ئه‌مه‌ش کاریگه‌ری خراپی هه‌بوو له‌سه‌ریان‌و خه‌ڵک ئه‌ونده باوه‌ڕی پێیان نه‌ما.
هاوڵاتی: پێتوایه خه‌له‌له‌که بۆ خودی ئۆپۆزسیۆن ده‌گه‌ڕێته‌وه یان ده‌سه‌ڵاته که رێگره, یان هۆکاری تر هه‌ن؟
عه‌بدولسه‌لام به‌رواری: هۆکار زۆرن بۆ ئه‌مه، به‌ڵام هه‌رگیز رێگری ده‌سه‌ڵات نییه، چونکه ئازادانه کارده‌که‌ن‌و له‌په‌رله‌مان به‌شی شێریان هه‌یه له‌کاتی قسه‌کردن، ئه‌وانیش راگه‌یاندنی حیزبی خۆیان هه‌یه، سوود له‌و بڕه ئازادییه وه‌رده‌گرن که له‌کوردستان به‌رقه‌راره، به‌پێچه‌وانه به‌ڵکو زۆرجار سنوورشیان تێپه‌ڕاندووه‌و چاوپۆشیان لێکراوه. چ ئۆپۆزسیۆن، یان حیزبه‌کانی حوکمڕان، به‌رهه‌می کولتووری کۆمه‌ڵگای ئێمه‌ن و هه‌موو نه‌خۆشییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانیان هه‌یه، که گرنگترینیان، کلتووری خۆ به به‌دیل زانین‌و لابردنی ئه‌وی دیکه‌و «جیاوازبوون» به «دژایه‌تی» زانین، هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌ی ئۆپۆزسیۆن به‌تایبه‌تی گۆڕان له‌وه‌دایه که باوه‌ڕی به‌بیرکردنی (کوده‌تایی) هه‌یه‌و زیاتر بایه‌خ ده‌دات به‌ناشیرینکردنی داموده‌زگاو که‌سایه‌تی و بڕیاره‌کانی لایه‌نی حوکمدار، به‌ته‌مای ئاماده‌کردنی خه‌ڵک بۆ رووخاندن نه‌ک به‌هێزکردنی داموده‌زگاو کاری حوکمڕانی، ئه‌مه‌ش هه‌ڵه‌یه‌کی کوشنده‌یی.
هاوڵاتی: ره‌خنه‌کانی ئێوه له‌سه‌ر ئۆپۆزسیۆن تاچه‌ند له‌جێی خۆیدایه، کاتێک هه‌موو رێگاکان له‌ئۆپۆزسیۆن بگرن ئه‌ی ئه‌وان ناچارن بکێشن به‌مێزه‌کانداو ده‌نگ به‌رزبکه‌نه‌وه، ئه‌وانیش نوێنه‌ری خه‌ڵکن؟
عه‌بدولسه‌لام به‌رواری: ته‌نها ئه‌وان نوێنه‌ری خه‌ڵک نین، ته‌نانه‌ت ئه‌وان نوێنه‌ری که‌مینه‌ی خه‌ڵکن‌و ده‌سه‌ڵات نوێنه‌ری زۆرینه‌ی خه‌ڵکه، له‌به‌رچاو وه‌رنه‌گرتنی ئه‌م راستییه وا ده‌کات ئۆپۆزسیۆن بکه‌وێته هه‌ڵه‌ی گه‌وره. راست نییه که‌هه‌موو رێگاکان له‌ئۆپۆزسیۆن بگیرێن، به‌ڵام ده‌بی قبوڵی ئه‌وه‌ش بکه‌ن که نه‌یانتوانیوه رێژه‌یه‌کی وا له‌خه‌ڵک بۆ لای خۆیان رابکێشن، ئه‌وان خۆیان نه‌یانویست به‌شداربن له‌حکومه‌ت، هه‌روه‌ها خۆیان (به‌تایبه‌تی گۆڕان) بڕیار ده‌ده‌ن به‌شداری کۆبوونه‌وه‌کانی حیزبه سیسییه‌کان نه‌بن، بایکۆتی کۆبوونه‌وه‌کانی په‌رله‌مان ده‌که‌ن، که‌سیش گله‌یی ئه‌وه‌یان لێ ناکات ئه‌گه‌ر ده‌نگیان به‌رزکرد، به‌ڵکو ئه‌مه ئه‌رکییانه‌و لێیان چاوه‌ڕوان ده‌کرێت.
هاوڵاتی: ده‌وترێت ده‌رفه‌تی زێڕینی ئۆپۆزسیۆن کاتی خۆپیشاندانه‌کانی 17ی شوبات بوو که ده‌یتوانی زۆرشت به‌سه‌ر لایه‌نی ده‌سه‌ڵاتدا بچه‌سپێنێت؟
عه‌بدولسه‌لام به‌رواری: ئۆپۆزسیۆن ته‌قسیری نه‌کرد له‌ڕووداوه‌کانی 17ی شوبات، به‌ڵام هه‌ر ئه‌وه‌یان پێکرا، هه‌ر ئه‌مه سه‌نگیان بوو، ده‌سه‌ڵات ئاماده‌یی ده‌ربڕی بۆ گوێگرتن‌و گفتوگۆ، به‌ڵام خۆیان نه‌یانده‌زانی چی‌یان له‌ده‌سه‌ڵات ده‌وێت، خۆیان تووشی خاڵه‌کانی گۆڕان کرد که ڕووخاندنی حکومه‌ت‌و هه‌ڵوه‌شاندنی په‌رله‌مان بوون، پاشان خۆیان بایکۆتی کۆبوونه‌وه‌کانی پێنج قوڵیان کرد.
هاوڵاتی: له‌ئێستادا ده‌وترێت هه‌ر سێ لایه‌نی ئۆپۆزسیۆن تاوتوێی پێشنیازێکی په‌رله‌مانتار بیلال سلێمان ده‌که‌ن بۆ بایکۆتکردنی په‌رله‌مان, رای تۆ له‌سه‌ر وه‌ها پێشنیازێکی ئۆپۆزسیۆن چییه؟
عه‌بدولسه‌لام به‌رواری: خه‌ڵک هێشتا له‌چه‌ند وڵاتێک خوێن و قوربانی ئه‌دات بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافی خۆ پاڵاوتن و هه‌ڵبژاردن، که چی لای ئێمه بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌کرێت ده‌ستبه‌رداری ئه‌م ده‌ستکه‌وته ببن. پێموایه خه‌ڵکی کوردستان که ده‌نگ به‌که‌سێک یان حیزبێک ده‌دات چاوه‌ڕوانی کار و چالاکییه، نه‌ک بایکۆتکردن.
هاوڵاتی: ئه‌گه‌ر وه‌ها پێشنیازێک سه‌ر بگرێت، په‌رله‌مان شه‌رعیه‌تی ده‌مێنێت؟
عه‌بدولسه‌لام به‌رواری: به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان، شه‌رعییه‌تی په‌رله‌مان‌و دانیشتنه‌کانی له‌وه‌دایه که‌نیوه‌ی ئه‌ندامانی ئاماده‌بن، ئیتر ئۆپۆزسیونی له‌گه‌ڵ بێت یان نا، تێکڕای ئه‌ندامانی چوار لیستی ئۆپۆزسیۆن ناگه‌نه نیوه‌ی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان به‌ڵکو رێژه‌یان ته‌نها 30%ه، بۆیه بایکۆتکردن یان وازهێنانیان هیچ کاریگه‌ری نابێت له‌سه‌ر شه‌رعیه‌تی په‌رله‌مان. راسته نه‌بوونی ئۆپۆزسیۆن له‌په‌رله‌مانێک خاڵی لاوازه، به‌ڵام که خۆیان به‌خۆیان ئه‌و بڕیاره بده‌ن نا بێته تومه‌ت به‌سه‌ر که‌سێک یان لایه‌نێک.
هاوڵاتی: ئه‌گه‌ریش شه‌رعیه‌تی بمێنێت، پێتوایه ده‌توانێت کاره‌کانی راپه‌ڕێنێت؟
عه‌بدولسه‌لام به‌رواری: به‌ڵێ، چونکه ئه‌گه‌ر هه‌ر چوار فراکسیۆنی ئۆپۆزسیۆن (گۆڕان، یه‌کگرتوو، کۆمه‌ڵ، ئاینده) بڕیاریاندا ده‌ربچن، 77 ئه‌ندام له 9 فراکسیۆن ده‌مێنن‌و لیژنه‌کانیش به‌رده‌وام ده‌بن، بێگومان خۆم له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دام ئه‌م بیرۆکه له‌بیر بکه‌ن، چونکه ته‌نیا خۆیان زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بن.
هاوڵاتی: مه‌ترسی وه‌ها هه‌نگاوێک له‌لایه‌ن ئۆپۆزسیۆنه‌وه چییه له‌سه‌ر دۆخی ئێستای کوردستان؟
عه‌بدولسه‌لام به‌رواری: هیچ
هاوڵاتی: له‌و باوه‌ڕه‌دای ئۆپۆزسیۆن وه‌ها هه‌نگاوێک هه‌ڵبگرن؟
عه‌بدولسه‌لام به‌رواری: من دڵنیام خه‌ڵکی دڵسۆز‌و پسپۆڕیان هه‌یه که لایه‌نه خراپه‌کانی بڕیارێکی له‌م جۆره له من باشتر ده‌زانن‌و به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندی حیزبه‌کانیان بڕیار ده‌ده‌ن.




