ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم و كوردەكانی سووریا

زكــرى مـووسـا
چارەنووسی هەرێمی كوردستان و ڕووداوەكانی سووریا بەیەكەوە بەستراوە. نەخشەی سیاسیی دەوروبەر لە دواڕۆژێكی نزیكدا گۆڕانی جەوهەری بەسەر دێت. تاكە دوورگەی سەقامگیری ناوچەكە هەرێمی كوردستانە.
سەركەوتنی هەرێم له درێژخایهندا بەندە بە سەركەوتنی ئەو ئەجێندایەی لەنێو ڕووداوەكانی سووریادا هەیەتی و بەنیازە زۆرترین خاڵ لە بەرژەوەندیی كورد لەوێدا كۆ بكاتەوە.
هەرێمی كوردستان مافی خۆیەتی لە كەشێكی وا قەیراناویی دەرەكیدا خۆی بۆ گشت ئەگەرێك ئامادە بكات هەر لە هەڕەشە سەربازییەكانی عێراقهوه بگرە هەتا گۆڕانی هەڵوێسته ئیقلیمییهکان و تۆختربوونی مەیلی دەستێوەردانی ئێران لە ململانێكانی عێراق و هەرێمدا.
دامەزراندنی ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم لەو كات و ساتەدا هەنگاوێكی لەجێگەی خۆیەتی و لە ئاییندەدا گرنگی و بایەخی ئەو دامەزراوە نیشتمانییە پتر دەردەكەوێت، بۆیەشە دەكەوێتە بەر زۆرترین شاڵاوی پیلان و دژایەتیكردنی نەیارە دەرەكی و هەرێمایەتییەكانی كوردستان.
ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم لە كاتی ئێستادا بایەخدارە چونكە ڕووداوەكانی سووریا بەرەو قۆناغێكی یەكلاییكەرەوەدا هەنگاو دهنێن. (عەلەوی)ـییەكان پێدهچێت بەنیاز بن لە ڕێگەی قڕكردن و پاكتاوكردنەوە هەرێمێك بۆ خۆیان مسۆگەر بكەن و دەوڵەتێكی (عەلەوی) پێكەوە بنێن.
لەوەها حاڵەتێكدا دوور نییە كوردی سووریا بكەوێتە بەر شاڵاوی پاكتاوی سووننە و (عەلەوی)ـیەكان. ئەو حاڵەتەی ڕێك لە (یۆگسڵاڤیا)ـی پێشوو ڕووی داوە.
هەوڵەكانی بەڕێز سەرۆكی کوردستان بۆ لەیەكنزیككردنەوەی لایەنە كوردییەكانی سووریا لەپێناو ئامادەتربوونی كوردە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ گشت بارودۆخێكدا. گومانی تێدا نییە گەر هەر لایەك دەست بۆ قڕكردنی كوردی سووریا ببات ئەوە هەرێمی كوردستانە پاڵپشتی كوردەكانی سووریا دەكات و ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمیش یەكێكە لە ئامرازەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئەگەرانەی چارەنووس و دواڕۆژی هەموو لایەكی له ههرێمی کوردستاندا پێوە بەندە.
كارەكتەرێكی دیكەی قەیرانی سووریا وڵاتی توركیایە. توركیا حەز بە ڕۆییشتنی (ئەسەد) دەكات بەڵام بە مەرجێك ڕوخساری جیۆسیاسیی سووریا گۆڕانی تێ نەكەوێت. ئێستاكە توركیا لە ترسێكی مەزندا دەژیێت.
ڕووخانی (ئەسەد) مسۆگەرە بەڵام بارودۆخی دوای (ئەسەد) و دروستبوونی دەوڵەت و كیانی تازە وا لە توركیا دەكات بە هەڵوێستەكانیدا بچێتەوە و پاڵپشتیی گۆڕانكارییكانی سووریا نەكات. ئەو بابەتە بۆ هەرێم پڕمەترسییە چونكە لە یەك كاتدا دەكەوێتە نێو بەرداشی چوار نەیاری دەوروبەری.
هەوڵەكانی (په كه كه) و چەند دەستگەیەكی موخابەراتیی دەورووبەر ڕێك بۆ دروستكردنی ئەو حاڵەتەیە: واتە كورتكردنی دەستی هەرێم لە ڕووداوەكانی سووریا و تێكدانی پێوەندییەكانی هەرێم و توركیا و دواجار لاوازكردنی كاریگەریی هەرێمی كوردستان لە ناوچەكەدا.
خۆپێشاندانەكانی شاری (ئامەد) خزمەتی ئەو بابەتە دهکات و ئامانجیشی خزمەتی نەیارانی كورده و تهگهره دهخاته بهر دهم ههوڵهکانی ههرێمی کوردستان له سووریا و نەزۆككردنی ئەو هەوڵانەی بۆ چارەسەری ئاشتیانەی دۆزی كورد لە توركیادا هەیە، بە تایبەت هەوڵەكانی خاتوو (لەیلا زانا).
لەو میانەدا سەركردایەتیی ئۆپۆزیسیۆنی هەرێم ئاگاداری ورد و درشتی كێشە و هاوكێشەكانن كەچی لەمەڕ ڕووداوەكانی سووریا بێهەڵوێستن و لە بابەتێكی سیادیی وەك ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم كە هیچ پێوەندیی بە ململانێی حزبییەوە نییە و بابەتێكی نەتەوەییە خەریكی بەدحاڵیكردن و لەخشتەبردنی خەڵك و بنكۆڵكردنی هێز و تواناكانی كوردستانن.




