٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

سەرۆك بارزانی،سەركردەی كارێزما، وڵاتپارێز و دیموكراتیخواز !

سەرچاوە: KDP.info

رێبوار حەمەلاو شوانی

سەرۆك بارزانی ئەو كەسایەتیە نیشتیمان پەروەر و رزگاریخوازەیە كە هەموو ژیانی لە پێناو بە دەستهێنانی ماف و ئازادی میللەتەكەی خەباتیكردووە و بەرخودان وپێشمەرگایەتی خۆی لە هەموو پۆست وپایەیەك گرنگتر بووە، ئەگەر بە وردبینینەوە سەیری ناوەرۆكی پەیامەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بكەین، ئەوە خواستی هیچ حزبێكی بەتەنهاو وەك ئەوەی دەیەوێ نەهێناوەتە دی، بەڵام هەر لایەنە بەشێك لە خواستەكانی هاتۆتە دی، ئەوەی لە پەیامەكەی سەرۆك بارزانیدا هاتووە دەستور لە خولی داهاتووی پەرلەماندا بە سازان هەموار دەكرێتـەوە و میكانیزمی هەڵبژادردنی سەرۆكی هەرێم دیاری دەكرێت. هەروەك سەرۆك بارزانی جەخت لەم لایەنە دەكاتەوە، كە هیچ هەنگاوێك نابێت لەسەر بنەمای تەوافوقی چەند لایەك بێت، بەڵكو مافی نەتەوە و ئاین و هێزەكانی دیكەی كوردستانی دەبێت پارێزراو بێت و ئەوانیش بەشدار بن لە بەرپرسیاریەتی ئەم قۆناغە.

سەرۆك مەسعوود بارزانی هەرگیز خولیای كورسی و پۆست نەبووە و ئەمڕۆش نایەوێ مێژووی خۆی لە خەبات بۆ رزگاری و ئازادی كوردستان بەهیچ شتێكی دیكە بگۆڕێتەوە، شانازی راستەقینەی پێشمەرگەیەكە كە تێكۆشان فێری كردووە، مرۆڤ بە خەبات و كار و خاكێتی و بەخشش و قوربانیدان بۆ گەل و نیشتمان دەناسرێتەوە نەك بە پلە و پۆستی ئیداری.هەموو كوردستانیان و تەنانەت غەیرە كوردیش ئەو راستییەیان لا چەسپاوە، كە سەرۆك بارزانی لە ئاست نەتەوەكەی و مێژوویی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلەكەیدا بەرپرسیاریەتیەكانی بەشێوەیەك لە ئەستۆ گرتووە باجی مەزنیشی بۆ داوە، پێموا نییە بەشێك لە لایەنگر و ئەندامانی ئۆپۆزسیۆن ئەوانەی بە چاویلكەی خۆیان تەماشای رووداوەكە دەكەن، پێچەوانەی ئەم بۆچوونە بن و شاهیدن بەوەی سەرۆك بارزانی لە مێژوویی سیاسی خۆیدا هەمیشە پشكی بەرپرسیاریەتی گەورەی هەڵگرتووە.لێرە دا پێوستە گۆران وئۆپۆزسیۆن بە قەد برەی خۆیان پێدرێژ بكەن و لایەنەكانی ئۆپۆزیسۆن دەبێ قەوارەی راستەقینەی خۆیان بزانن كەلە پەرلەمان دا كەمینەن و ناتوانن یاساو بڕیارەكان بەو شێوەیە دەربكەن كە خۆیان دەیانەوێت، هەربۆیە دەبێ بۆچوونی لایەنەكانی دیكەش بەجیدی وەربگرن، پەیامەكەی سەرۆك مەسعوود بارزانی لە بەرژەوەندی باڵای خەڵكی كوردستاندایە و دەرگایەكی گەورەی بەڕووی سازان و هەمواركردنەوەی پرۆژەی دەستووردا كردۆتەوە، بۆیە دەبێت هەر لایەك بەشێك لە خواست و داواكانی بكاتە قوربانی بەرژەوەندییە باڵاكانی خەڵكی كوردستانە. ئامانجی پەیامەكەی سەرۆك بارزانی سەقامگیری و پێشكەوتنی كوردستانە هەوڵیچەسپاندنی بنەماكانی سستمێكی سیاسی دیموكراسی داوە و داوای كردووە لە رێی هەڵبژاردنێكی ئازادەوە حكومەتی هەڵبژێردراوی خەڵك دەستنیشان بكرێت.

گرنگیی بڕیارەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی پەیوەستە بە لەبەرچاوگرتنی رەوشی سیاسی و ئابووری و ئەمنیی كوردستان، یان ئەوەی پەیوەندیی راستەوخۆی بە رەوشی سیاسییەوە هەیە لە كوردستاندا، هەر بۆیە زۆربەی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانیش لەسەر بڕگە و خاڵەكانی ئەو پەیامەكەی سەرۆك بارزانیدا هاودەنگ و كۆكن، بە تایبەت ئەو لایەنە سیاسیانەی جڵەوی دەسەڵاتیان بەدەستە و خاوەنی زۆرترین لایەنگر و پێگەی جەماوەرین. ئەوەش كە پەیوەندی بە رەوشی ئەمنی و ئابوورییەوە هەیە، بریارەكە زامنە بۆ بەرەوپێشچوونی ئابووری و ئەمنییی كە هەرێمی كوردستان بە خۆیەوە بینووە، بە تێكڕا خەڵكی كوردستانیش لە هەوڵی پاراستنی ئەو ئامانجانەدان، بە هەموو دەسەڵاتە سیاسییەكانی دەسەڵات و ئۆپۆزۆسیۆنیشەوە". ئاشكرایە كە پرۆسەی سیاسی و بەدیموكراسیكردن لە كوردستان لەگەڵ ئەوەی پرۆسەیەكی قورس و ئاڵۆزە، بەڵام زۆر بە شێوەیەكی تەندروست و راست بەرەو پێش دەچێت كە بووەتە جێگای سەرنجی وڵاتانی دەوروبەر و هەموو جیهان، كورد لە هەموو ساتەكان بە خودی تواناكانی خۆی توانیویەتی رێگاچارە بۆ كێشەكانی خۆی بدۆزێتەوە و لە ساتە سەخت و ناخۆشەكاندا بە سەركەوتوویی لێی دەرباز بێت، ئەمەش بە مرۆڤی سەركردە و كاریزما و وڵاتپارێز و خۆنەویستی وەك سەرۆك بارزانی دەكرێت كە میللەتەكەمان بە درێژایی مێژووی دوور و نزیكی بەرهەمی هێناون، سەرۆك مەسعود بارزانی یەكێكە لەو سەركردە گەورانەی كە لە دژوارترین ساتە مێژووییەكانی میللەتەكەمان وەكو چیایەك وەستاوە و نەبەزیوە و گەشبینیی لەناو دڵی میللەتدا چاندووە، زۆر كەس لە ناوەوە و دەرەوە گرەوی لەسەر ئەوە دەكرد كە پرۆسەی بەدیموكراتیزەكردنی هەرێم وەستاوە و هەرێم بەرەو تەنگژە دەچێت، بەڵام ئەم پەیامەی جەنابی سەرۆك بارزانی وەڵامێك بوو بۆ ئەوان كە كورد نابەزێت و ئەو ئامانجەی پلانی بۆ داڕشتووە جێبەجێی دەكات و ئەم پەیامە نەخشەڕێگایەكی مەزنە بۆ چەسپاندنی ئارامی لە هەرێم و بەرەو‌پێشبردنی پرۆسەی بنیادنانی دیموكراتی لە هەرێم و بەدەوڵەتكردنی هەرێم. ‌لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كەم سەركردە هەیە بتوانێت بەم بوێریی سیاسییەوە وتاری وا مێژوویی پێشكەش بو میللەتەكەی بكات.

هەواڵی پەیوەندیدار