رووداوەكانی تەقسیم كاریگەرییەكی چۆن لە سەر چارەسەری پرسی كورد دەكەن
موراد یەتكین
ئایا بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد ئەردوغان دەتواتنێت لە نێو پارلەمانی توركیادا هەنگاوێكی ئازادانە بنێت؟
ئاراستەی خۆپێشاندان و رووداوەكانی مەیدانی تەقسیم لەگەڵ پڕ كردنەوەی چوارەمین هەفتە گۆڕانی زۆری بە سەردا هاتووە. بە تایبەتی دوای گوتارەكەی سەرۆك وەزیری توركیا رەجەب تەییب ئەردوغان كە لە كۆبوونەوەی جەماوەرییەكەی ئاكەپە لە قزڵچەشمەی ئەستەنبۆڵدا پێشكەشی كرد و بانگەوازی ئاراستەی میدیای جیهان كرد و گوتی" توركیای راستەقین قزڵچەشمەیە نە مەیدانی تەقسیم.
ئەم گوتانەی ئەردوغان و رووداوەكانی ئەم چەند رۆژەی دوایی توركیا ئەوە دەسەلمێنن كە كونترۆڵ كردنی بارودۆخی هەنۆكەیی توركیا تۆزێك زەحمەتتر لەوەیە كە بیری لێ دەكەینەوە.
شەوی 16ی حوزەیران كاتێك كە میتینگی ئاكەپە لە ئەستەنبۆڵ ساز كرا، بەرە بەیانی رۆژی 17ی مانگ، بێجگە لە هێزی پولیسی ئەستەنبۆڵ، لە چەندین شار و ناوچەی دیكەدا هێزێكی زۆری پولیس و سەرباز هێنرابوویە ئەستەنبۆڵ و لە هەر چوار لایەوە هەوڵی ئەوەیان دەدا كە پێشی لە گردبوونەوەی بە سەد هەزاران خۆپێشاندەر بگرن. بەڵام ئەم هێزە زۆرە نەیتوانی پێشی لە هێرشی گرووپێكی 40 تا 50 كەسی لە ئەندامانی ئاكەپە بۆ سەر ناوەندی جەهەپە لە مەیدانی قزڵچەشمەی ئەستەنبۆڵ بگرێت. هەر لە 17ی مانگ كاتێك كە بارودۆخەكە ئاڵۆزتر بوو، پێنج سەندیكای توركیا بە هاوبەشی مانگرتنێكی یەك رۆژەیان رایگەیاند و نزیكەی یەك میلیون كەس دوێنێ لە ئەستەنبۆڵ مانیان گرت و یەكیەتی رێكخراوەكانی توركیایش بە هۆی پێشەل كردنی مافەكانی مرۆڤ لەم رۆژانەی دواییدا لە دادگای یەكیەتی ئەورووپا لە دژی حكوومەتی توركیا سكاڵایەكی تۆمار كرد.
هەر رۆژی 17ی مانگ وەزیری ناوخۆی توركیا هەڕەشەی لە مانگیراوەكان كرد و گوتی: مانگرتنەكە نایاساییە و دەوڵەت لێكۆڵینەوەی لە سەر دەكات و ئەو كارمەندانەی حكوومەتیش كە بەشداری لەم مانگرتنە دەكەن دەبێت زۆر هۆشیار بن و خۆیان لە ئەنجامی هەر جۆرە هەڵوێستێكی یاسایی حكوومەت بەرپرسیار دەبن. ئەم گوتانەی وەزیری ناوخۆی توركیا مانایان ئەوەیە كە ئەو كارمەندانە كە بەشدارییان لە مانگرتنەكە كردووە لە كارەكانیان دوور دەخرێنەوە، هەر ئەم گوتانەی وەزیری ناوخۆی توركیا بوون بە هۆكاری ئەوەی كە لە دوای نیوەرۆی 17ی مانگدا ژمارەیەكی یەكجار زۆر خۆپێشاندەر روو لە مەیدانەكان بكەن و رووبەرووی پولیسی توركیا ببنەوە.
دوای 14 ساڵ خەڵكی توركیا بۆ یەكەمینجار لە كاتی هێرشی پولیس بۆ سەر خۆپێشاندەرەكانی مەیدانی تەقسیم هێزەكانی ژاندارمەی لە نێو مەیدانەكاندا بینی. ئەم هێزانەیش لە لایەن حكوومەتەوە بۆ پشتگیری كردنی هێزی پولیس خرابوونە ئامادە باشەوە. وەزیری ناوخۆیش سەبارەت بە ئامادەباشی هێزەكانی ژاندارمە ئاماژەی بەوە كرد كە ئەو هێزە هێزی ژاندارمە نییە بەڵكو هێزی پاسەوانە و یاسایش ئەو دەسەڵاتەی بە حكوومەت داوە كە ئەگەر پێویست بكات لە دژی خۆپێشاندەرەكان هێزی سەربازی بەكار بهێنێت. بەڵام گوتەكانی جێگری سەرۆك وەزیری توركیا بولەنت ئارنج لەگەڵ گوتەكانی وەزیری ناوخۆ ناگونجن، چوونكە ئارنج ئاماژەی بەوە كرد كە حكوومەت دەتوانێت بۆ پاراستنی ئەمنی وڵات هێزی سەربازیش بەكار بهێنێت.
لێرەدا نامەوێ زۆر باسی لێدوان و رووداوەكان بكەم چوونكە خاڵێكی زۆر گرنگ هەیە كە دەبێت ئاماژەی پێ بكەم ئەویش كاریگەری ئەم رووداوانەیە لە سەر قۆناغی چارەسەر كردنی پرسی كورد.
یەكێك لە كاریگەرییەكانی ئەم رووداوانە كێشانەوەی هێزە ئەمنییەكان و پولیس لە شارە كوردییەكان بۆ شارە توركییەكان، بۆ نموونە بۆ كونترۆڵ كردنی خۆپێشاندانەكانی مەیدانی تەقسیم ژمارەیەكی یەكجار زۆر پولیس لە دەرەوەی ئەستەنبۆڵ هێنران و ئەم پولیس و هێزە ئەمنیانە لە شاری شڕناخ دیاربەكر و باتمانەوە هێنران. حكوومەتی توركیا بە هۆی دەست پێكردنی قۆناغی چارەسەری و بێدەنگ كردنی چەكەكان لە لایەن پەكەكەیەوە متمانەی بەوە هەیە كە شارە كوردنشینەكان ئارام دەبن و هیچ جۆرە رووداوێك تێیایاندا روو نادات. بۆ نموونە پێشتر لە شاری دیاربەكر زۆر دەترسیا بەڵام لە كاتی دەستپێكردنی رووداوەكانی تەقسیمەوە تا ئەمرۆ لە دیاربەكر ئارامترین شاری توركیا بووە، بۆیە حكوومەت هێزەكانی پولیس و هێزە ئەمنییەكانی نێو ئەو شارەی بۆ كونترۆڵ كردنی ئەستەنبۆڵ هێنراوەتەوە ئەستەنبۆڵ.
حكوومەت لە قۆناغی چارەسەریدا متمانەی باشی بە پەكەكە و بەدەپە هەیە و دەزانێت نە بەدەپە و نە پەكەكە لەم قۆناغەدا بە هیچ شێوەیەك نایانەوێ بارودۆخی باشوور و باشووری خۆرهەڵاتی ئانادۆڵ ئاڵۆز ببێت چوونكە ئاڵۆز بوونی بارودۆخی ئەو ناوچانە دەبێتە هۆكاری پەرتەواز كردنی قۆناغی چارەسەری پرسی كورد.
بەڵام پەكەكە و بەدەپە ئاماژەیان بەوە كردووە كە ئەگەر حكوومەت وەكو مەرحەلەی یەكەمی قۆناغی چارەسەری لە مەرحەلەی دووەمیشدا هەنگاوی ئەرێنی نەنێت ئەوا ئەوانیش بێدەنگی خۆیان دەشكێنن و ناچار دەبن هەڵوێستی دیكە بنوێنن.
سەرچاوە: رادیكاڵ




