ئازادكردنی ئۆجەلان

ئازا حەسیب قەرەداخی
هەروەكوو چۆن حكومەتی بەغدا رێی لە (تانەر یڵدز) وەزیری وزەی توركیا گرت كە بە فڕۆكەیەكی تایبەت بێت بۆ هەولێر بۆ بەشداری كردن لە كۆنگرەی وزە، ئاوایش لە هەفتەی رابردوودا رێی لە پرۆفیسۆر (حسن چلیك) یاریدەدەری سەرۆكی پارتی داد و گەشەپێدانی توركیا، وەزیری پێشووی پەروەردە گرت كە دەیویست بە فڕۆكەیەكی تایبەت بێت بۆ هەولێر بۆ دیداری سەرۆكی هەرێمی كوردستان و بەشداریكردن لە كردنەوەی خەستەخانە و كۆلێژی پزیشكیی ددان لە كۆمەڵگای زاكۆی ئیشق كە سەر بە گروپی خوێندنگاكانی فەزالەرە. (چیلیك) ناچار بوو وەكوو هەر هاوڵاتییەكی ئاسایی و بە فڕۆكەیەك لەو فڕۆكانە بێت كە گەشتی ئاسایی رۆژانە لە نێوانی توركیا و هەولێردا دەكەن.
لە ماوەی مانەوەیدا لە هەولێر كە دواتر سەردانی سلێمانیشی كرد و چەند دیدار و چالاكیەكی ئەنجامدابوو، (سەنتەری دیالۆگی رۆژهەڵاتی ناوین) ئێوارەدیمانەیەكیان بۆ (چیلیك) سازكرد و لەوێدا ژمارەیەك لە بەڕێوەبەرانی كەناڵە ئاسمانییەكان و ئیزگە و سەرنووسەرانی رۆژنامە و گۆڤارەكانی هەرێمی كوردستان و نووسەران و چاودێرانی سیاسی بەشداربوون. پرسیار و وەڵام و گفتوگۆ و شیكردنەوە و بەدواداچوونی قسەی یەكتر لە نێوانی ئەو و ئامادەبووان گەرم كرا بوو. بەندەیش یەكێك بووم لە بەشداربووان.
زوربەی قسەو باسەكان لەبارەی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا لە نێوانی حكومەت و پارتی كرێكارانی كوردستان PKKـەوە بوو.
یاریدەرەرەكەی تەیب رەجەب ئۆردوگان كە خۆی لە رەسەندا كوردە، زۆر بە كەمی بە كوردی قسەی كرد و تەنیا لەسەرەتای دانیشتنەكەدا و بۆ چاكی و چۆنی و هەواڵ پرسین، ئەگینا ئەوە دوای قسەو باسە سیاسییەكانی هەر بە توركی بوو.
جێی سەرنج بوو كە سەرەڕای ئەوەی زوربەی زۆری پرسیاری ئێمەی ئامادەبووان و كۆمێنتەكانمان لەبارەی پرسی ئاشتی و هەڵوێست و سیاسەتی حكومەت و بەرنامەیان بۆ ئایندەوە بوو، كە ئەوەیش نیشانەی خەمخۆرییەكی قووڵی ئێمە بوو بۆ پرۆسەیەك كە هیوای چارەسەركردنی كێشەی گەلەكەمانی لێدەكەین لە باكووری كوردستانەكەمان، وەلێ میوانە كوردەكەمان كە تەنیا بە توركی قسەی كرد، زۆر بە حەزەر و بە پەرێزەوە لەسەر ئەو مەسەلەیە قسەی دەكرد و تەنانەت لە جارێكدا گووتی ئێوە هەر لەو بارەیەوە پرسیار دەكەن خۆزگە بابەتەكەتان دەگۆڕی و گوێم لە پرسی دیكەیش دەبوو.
وەكوو بڵێی ئەو بەڕێزە ئەوەی لەبیر نەبێ كە هەم لەو چەند رۆژەدا بوو كە بڕیاری دەستپێكردنی كشانەوەی گەریلاكانی پەكەكە بۆ ناو خاكی هەرێم پەسەند كرابوو، هەم ئێمە لە هەرێمی كوردستان پەیوەندییەكی هەناویمان لەگەڵ دۆزی رەوای نەتەوەكەمان هەیە لە پارچەكانی دیكەی كوردستانە دابەشكراوە بەزۆر لێكێنراوەكەمان بە دەوڵەتانی ناوچەكەوە، هەروەها ئێمە لەم هەرێمە فیدراڵەماندا زۆر بە تەنگ ئاشتی و سەقامگیری ناوچەكەوەین بۆئەوەی لە ژینگەیەكی دروست و ئارامدا خەریكی بونیاتنان و گەشەكردن بین و تواناكانی خۆمان بۆ ئەو ئامانجانە تەرخان بكەین و توانای دراوسێكانیشمان راكێشین بۆ گۆڕەپانی سەرمایەگوزاری و كار و بەرهەمهێنان لە هەرێمەكەماندا.
(چیلیك) خۆی ددانی بەوەدا نا كە كارەكتەرە سەرەكییەكانی پرۆسەی ئاشتی بریتین لە حكومەتی توركیا و پەكەكە، سەركردایەتی سیاسی لە هەرێمی كوردستاندا بەتایبەتیش (سەرۆك بارزانی) و (نێچیرڤان بارزانی) خاڵی بەیەكترگەیشتن و لە یەكترگەیشتنی ئەو دووانەن. هەر یەكە لەم كارەكتەرانەیش، بۆ سەرخستنی پرۆسەكە ئەركیان لە ئەستۆیە و هەر یەكەیشیان پابەندن بەوەوە كە پشكی خۆیان لەو ئەركانە جێبەجێ بكەن. سەركردایەتی سیاسی هەرێمی كوردستان ئەركەكانی سەرشانی خۆی بە شێوەیەكی ئەرێنی جێبەجێ دەكات.
ئەم بۆچوونەی (چیلیك) تا رادەیەك ناكۆك بوو لەگەڵ ئەو قسەیەیدا كە گووتی پەكەكە رێكخراوێكە تەنیا بەشێك لە خەڵك هاوسۆزییەتی و نموونەی بە حزبەكەی خۆی (ئاك پارتی) هێنایەوە كە 70 ئەندام پەرلەمان لە حزبەكەی كوردن. بەواتایەكی دیكە قسەكردن لە كەمی لایەنگران و هاوسۆزان لە قۆناغی سیاسی وەكوو ئەوەی لە توركیا هەیە بەگشتی و دەرهەق بە كورد هەیە بە تایبەتی، پێوەری راستەقینە نییە بۆ ئەوەی كە كێ نوێنەرایەتی دۆزی گەلێك دەكات لەو قۆناغەدا. هەروەها كە مادەم حكومەتی توركیا بە هەموو دەزگاكانییەوە و ئاك پارتی خۆیشی بڕیاری داوە بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد لە توركیا پێویستە گفتوگۆ لەگەڵ پەكەكە بكرێ كەواتە بیانەوێ یان نەیانەوێ ددانیان بەوەدا ناوە كە ئەو رێكخراوە نوێنەرایەتی ئەم كێشەیە دەكات.
(نێچیرڤان بارزانی) لە هەوڵەكانی خۆیدا لەم پرسەدا رێنمایی حكومەتی توركیا و بەتایبەتیش سەرەكوەزیران (رەجەب تەیب ئۆردوگان)ـی كرد بوو كە كورترین رێگا بۆ چارەسەر ئەوەیە لەگەڵ پەكەكەدا دانوستانی راستەوخۆ بكەن. لەوەیشدا راستەوخۆ پشت بە (عەبدوڵا ئۆجەلان) سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە ببەستن و لەگەڵیدا دانوستان و گفتوگۆ بكەن.
لەسەرینی سەركەوتنی ئەم نەخشەرێیەوە كە ئەوەتا ئەمڕۆ سەرەتاكانی ئەو پرۆسەیە لەو رێگەیەوە دەستی پێكردووە، من لەو دیمانەیەدا لە پرۆفیسۆر (حسن چیلیك)ـم پرسی ئێوە بە شێوەیەكی كردەنی و بە تاقیكردنەوە بینیتان كە (ئۆجەلان) دەتوانێ كاریگەریی گرنگی لە هەڵسوڕانی پرۆسەی ئاشتیدا هەبێ و ئاراستە و خێراییەكەیشی دیاری بكات. ئایا بیرتان لەوە نەكردۆتەوە كە ئازادكردنی (ئۆجەلان) خزمەتێكی یەكجار زۆری ئەو سیاسەت و پرۆسەیە دەكات كە ئێوە خۆتان بڕواتان پێیەتی و دەتانەوێ سەركەوێ؟ ئایا بیرتان لەوە كردۆتەوە كە (ئۆجەلان) وەكوو سەركردەیەكی ئازاد دەتوانێ باشتر و ئەرێنی تر لە ئێستای رۆڵ بگێڕێ و تەئسیری لەسەر كۆی پرۆسەكە هەبێ؟
(چیلیك) لەوەڵامی پرسیارەكەمدا زۆر بە حەزەر بوو، هیچ خۆی لە پرسی ئازادكردن یان تەنانەت هێنانە دەرەوەی (ئۆجەلان) لە زیندانی ئیمرالی و دانانی لە ماڵێكدا بە دەستبەسەری نەدا و بابەتەكەی برد بەو لایەدا كە (ئۆجەلان) سەركردەی رێكخراوێكە 45 هەزار كەس بوونەتە قوربانی چالاكییەكانی، بۆیە ئاسان نییە بتوانن خەڵك بە ئازادكردنی ئەو رازی بكەن.
ناكۆكی ئەم پاساوەی (چیلیك) لەگەڵ پرۆسەی ئاشتی و كرانەوەدا لەوەدایە كە ئەدی چۆن توانیوتانە خەڵكی توركیا بە گفتوگۆكردن لەگەڵ پەكەكە و ئۆجەلان رازی بكەن؟!
ئەی بەڕێزتان نەتانگووت: هەرچەندە لەم قۆناغەدا ئیستیخبارات گفتوگۆكان بەڕێوە دەبات بەڵام بە نهێنی نییە و لەدەرەوەی ئیرادەی حكومەت و بەڕێز سەرەكوەزیران نییە و ئەگەر ئۆردوگان ئیرادەی بۆ ئاشتی نەبێ ئیستیخبارات ناتوانێ ئەو كارە بكات. دەی كەواتە هەموو پرۆسەكە لە ئیرادەی خۆتاندایە و خەڵك و دامودەزگاكانی حكومەتیش هەم ئاگایان لێیە و هەم پێی رازین. ئەمەیش هەمان هەڵوێست دەبێ بۆ ئازاد كردنی (ئۆجەلان).
ئەدی چۆن توانیتان خەڵك بەوە رازی بكەن لە نەورۆزی ئەمساڵدا بە ملیۆنەها كورد و هەڤاڵانیان لە تورك و غەیری ئەوانیش لە گەورەترین مەیدانەكانی ئەستەنبوول و شارەكانی دیكەی توركیادا لە ژێر پەرچەمی پەكەكەو وێنەی (ئۆجەلان)ـدا ئاهانگی ساڵی نوێی كوردی بكەنەوە و كەسیش بەرەنگاریان نەبنەوە و گێچەڵیان پێ نەكەن؟!
ئەدی چۆن توانیتان خەڵكی توركیا رازی بكەن لە ئاهەنگی رۆژی 21 ی ئاداردا نامەی (ئۆجەلان) بخوێنرێتەوە و دەستپێكی پرۆسەی ئاشتی راگەیەنرێ و هیچ خۆپیشاندانێكی دژ لە شەقامەكانی توركیا بەرێ نەخەن؟!
پاساوەكەی (چیلیك) بۆ ئازادنەكردنی ئۆجەلان یان لانی كەم و وەكوو سەرەتا گواستنەوەی لە ئیمرالی بۆ مالێك لە ژێر كۆنترۆڵدا، پاساوێكی لاواز و بێ ئەرزش بوو. بەداخەوە نیشانەی رادەی حەزەر و هەنگاو سستی ئاك پارتییە لەم پرۆسە چارەنوسسازەدا كە بۆ خودی خۆیان وەكوو حزب و حكومەت تۆمارێكی مێژوویی دەبێت و هەموو دەرەنجامە باشەكانی بۆ ئەمان دەنووسرێنەوە.
هەروەكوو چۆن لەسەرەتادا وتراو پاشان دروستی ئەو رایەش سەلمێنرا كە گەرەنتی سەركەوتنی پرۆسەی ئاشتی لەوەوە دەست پێ دەكات كە پرۆسەكە بە زیندانەكەی ئۆجەلاندا تێبپەڕێ، سبەی ئەم رایەش هەر دروست دەردەچێ و راستییەكەی لەسەر ئەرزی واقیع دەسەلمێنرێ كە سەرپێكەوتن و رێكردنی دروست و پێشڤەچوون و گەشەكردنی پرۆسەی ئاشتی، بە ئازادكردنی (عەبدوڵا ئۆجەلان) تەواو دەبێ.
هێشتا تۆپەكە لە گۆڕەپانی حكومەتی توركیا و ئاك پارتیدایە، یاریزانە شارەزاكانیشیان دەزانن دروست ئەم گەمەیە بكەن، بۆیە خاوەخاو و خۆدواخستنی ناوێ.
گۆڤاری گوڵان
6/5/2013




