هاوپەیمانیی مەسیحی پێشوازی لە دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی دەکات

ھەولێر-KDP. info- هاوپەیمانیی مەسیحی پێشوازی لە بانگەوازی بەڕێز جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ گفتوگۆ و کۆتاییهێنان بە قەیرانی سیاسی و پێکهێنانی حکومەتێکی نیشتمانیی فراوان دەکات و جەخت دەکاتەوە کە پاراستنی بەرژەوەندیی گەلی کوردستان و قەوارە و دامەزراوەکانی، بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە کە لە سەرووی بەرژەوەندییە حزبییەکان و ناکۆکییە سیاسییەکانەوەیە. هەروەها داوا لە هەموو هێزە سیاسییەکان دەکات پشتگیری لەم دەستپێشخەری و بانگەوازە پیرۆز و ژیرانە و پێویستە بکەن، بۆ پاراستنی یەکێتیی هەرێمی کوردستان لە ڕووی دەستووری و سیاسی و جەماوەرییەوە.
هاوپەیمانیی مەسیحی، وەک گەورەترین هاوپەیمانیی سیاسیی مەسیحی لە عێراق و هەرێمی کوردستان و تاکە هاوپەیمانیی مەسیحی کە بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی کردووە، جەخت لە پشتگیریی خۆی بۆ ئاراستەی ژیرانەی سەرکردایەتیی سەرۆک بارزانی دەکاتەوە، و داوا لە هێزە سیاسییەکان دەکات وەڵامی بانگەوازەکەی بدەنەوە و بیکەنە ڕێککەوتنێکی نیشتمانی کە یەکڕیزی بەهێز بکات، دامەزراوەکان کارا بکات، خواست و ئومێدەکانی هاووڵاتیان بەدی بهێنێت و قەوارەی دەستووری و یاسایی هەرێمی کوردستان بپارێزێت.
جەخت دەکەینەوە کە هاوبەشیی نیشتمانی بە مسۆگەرکردنی مافەکانی پێکهاتە ڕەسەنەکان تەواو دەبێت؛ لە پێش هەموویانەوە، مافەکانی گەلە مەسیحییەکەمان لە کلدان و ئاشووری و سریان و ئەرمەن، و نوێنەرایەتی و هاوبەشیی دادپەروەرانەیان لە حکوومەت و دامەزراوەکانی بڕیاردان لە هەموو ئاستەکاندا، هەروەها پاراستنی ئیرادەی ئازادیان لە هەڵبژاردنی نوێنەرەکانیان. داواکاریی خۆمان نوێ دەکەینەوە بۆ سنووردارکردنی دەنگدان بۆ کورسییەکانی کۆتای مەسیحییان بە تەنها بە دەنگدەرە مەسیحییەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق؛ چونکە مافەکانی گەلەکەمان بنەمای هاوبەشین و نابێت بکرێنە بابەتی مامەڵەی سیاسی.
هاوپەیمانیی مەسیحی بانگەوازی سەرۆک مەسعود بارزانی و هەڵوێستە نیشتمانی و مێژووییەکانی بەرز دەنرخێنێت، و جەخت دەکاتەوە کە سەرکردایەتیی جەنابیان بۆ کوردستان لە قۆناغە هەستیارە جیاوازەکانی مێژووی هاوچەرخیدا، دەستەبەرێکی ڕاستەقینە بووە بۆ پاراستنی پێکهاتە ڕەسەنەکانی، یەکڕیزی و لێکتێگەیشتنی هێزە سیاسییەکانی، هەروەها پاراستنی خاکەکەی و ما ددە دەستوورییەکانی گەلەکەی.
هاوپەیمانیی مەسیحی
9ی تشرینی دووەمی 2026
