٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان

کۆبوونەوەی فراوانی لقی ٢٣ی قەرەچووغ بەڕێوەچوو و جەخت لە بەردەوامیی خزمەتکردنی هاووڵاتییان کرایەوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- لە بارەگای لقی ٢٣ی قەرەچووغ، کۆبوونەوەیەکی فراوانی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرپەرشتیی پشتیوان سادق، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای هەولێر بەڕێوەچوو. لە کۆبوونەوەکەدا سەرەڕایی هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخی سیاسیی هەرێم و ناوچەکە، جەخت لەسەر بەرەوپێشبردنی پڕۆژەکانی کابینەی نۆیەم و بەردەوامیی خزمەتکردنی هاووڵاتییان کرایەوە.

​ئەمڕۆ سێشەممە (٢٧ی ١٠ی ٢٠٢٦)، بە بەشداریی چیا محەمەد هەرکی یاریدەری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستن، سەنگەر کانەبی بەرپرسی لقی ٢٣ی قەرەچووغ، و مامۆستا سەباح مەلا حەسەن بەرپرسی بەشی ڕێکخستن، کۆبوونەوەیەک لەگەڵ تیمی پارتی لە حکوومەت، کارگێڕانی لق، بەرپرسی ستافی ناوچەکان، ڕێکخراوەکان، قوتابیان و لاوان، ئافرەتان و کادیرانی لق ئەنجام درا.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، پشتیوان سادق دەستخۆشیی ئاراستەی هەڤاڵانی لق کرد بۆ گیانی خزمەتکردن و پێشکەشکردنی ئاسانکاریی ڕۆژانە بە هاووڵاتییان. پاشان تیشکی خستە سەر ڕۆڵی بەرپرسیارانەی پارتی لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێم، بە بەرچاوگرتنی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان.

​لە تەوەرێکی تردا، هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخی واقیعی ئێستای هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە کرا و ئاماژە بەو نادادییانە درا کە لەلایەن حکوومەتی فیدراڵەوە بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێن.

بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستن جەختی لەوە کردەوە کە پارتی خاوەن مێژوویەکی پڕ لە داستان، شۆڕش و بەرخودانە و هەزاران شەهیدی لە پێناو کوردستاندا بەخشیوە. گوتیشی، "بە سەرکردایەتیی ڕابەری جەماوەر، جەنابی (سەرۆک بارزانی)، بە دڵنیاییەوە پشتئەستوور بە کادیران و جەماوەری خۆشەویست، سەرکەوتن هەمیشە بۆ خەڵکی کوردستان دەبێت."

پشتیوان سادق ئاماژەی بە دەستکەوت و پڕۆژەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد لە هەموو سێکتەرەکاندا و ڕایگەیاند کە چەندین پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژیش بۆ دەڤەرەکە لە بەرنامەدان.

​لە کۆتاییدا دووپاتی کردەوە کە پارتی هەڵقوڵاوی ناو جەماوەرە، خەمی خەڵک و نیشتمانی هەڵگرتووە و لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تاوەکو ئێستا حزبی پێشەنگ و یەکەمی کوردستان بووە، کە ئەمەش شانازییەکی گەورەیە بۆ خزمەتکردنی خەڵکی سەربەرز.