عەلی حوســـــێن لەگەڵ هێزی خەبات و دەزگای ئەیلوول و گوڵانی سلێمانی کۆبووەوە

سلێمانی-KDP.info- لە چوارچێوەی سەردان و کۆبوونەوەکانیدا لە شاری سلێمانی عەلی حوســـــێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی-هەڵەبجە-ڕاپەڕین، بەیاوەری ساناو فەرەیدون جوانڕۆیی یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەب، بەمەبەستی دیدار و کۆبوونەوە، سەردانی بارەگای هێزی خەباتی سلێمانی و دەزگای ئەیلوول و گوڵانی سلێمانی کرد.

لە کۆبوونەوەی لەگەڵ هێزی خەبات و دەزگای ئەیلوول و گوڵان، عەلی حوسێن لە وتەیەک بۆ ئامادەبووان تیشکی خستەسەر بارودۆخی ناوچەکە و پێشهاتە هەنووکەییەکان کرد و گوتی، ئەم بارودۆخە نەخوازراوە و ئەو جەنگەی ناوچەکەی گرتۆتەوە پڕیشکی بەر هەمووان دەکەوێت و کەوتووە، لەگەڵ ئەوەی سیاسەتی حکوومەت و گەلی کورد بێلایەنیە و ئەم شەڕە پەیوەندی بە ئێمەوە نییە، بەڵام جێی داخە گرووپە چەکدارە لە یاسا دەرچووەکان هێرشی ناڕەوا دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان، لەلایەکی دیکەشەوە حکوومەتی عێراق بێ گوێدانە بارودۆخەکە بە هەموو شێوەیەک خەریکی سزادانی خەڵکی کوردستانە لەڕێی ئابڵوقەی ئابووری، بۆیە سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێکیان ئەوەیە کە لەم بارودۆخە خەڵک و خاکی کوردستان بە دووربێت و بەکەمترین زیان لێی دەربچێت.
هەروەها بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی-هەڵەبجە-ڕاپەڕین داوای لە هەڤاڵان کرد پابەندی ڕێنماییەکانی حکوومەت و لایەنی پەیوەندیداربن، لەسەرجەم بارودۆخەکان.




