٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

ئەردۆغانیش ناتوانێت ئێوە رزگار بكات

سەرچاوە: KDP.info

محەمەد ئوجاقتان

رێبازی سیاسەت كردنی سەرۆكی هەر دوو پارتی بەرهەڵەستكار، كەمال قڵێجدارئوغڵۆ و دەوڵەت باخچەلی لە نێو پارلەمانی توركیا لەم رۆژانەی دواییدا بووەتە رێبازێكی زۆر مەترسیدار و تراژیك. لە كاتێكدا كە حكوومەتی توركیا سەرەڕای هەر هەموو مەترسی و حەساسییەتەكانی دەستی بە هەوڵدان بۆ چارەسەر كردنی پرسی هەرە خوێناوی و هەرە ئاڵۆزی توركیا كردووە، ئەو دوو پارتە بەرهەڵەستكارە بەتایبەتی هەر دوو سەرۆكەكەی ئەم پارتانە نەتەنیا لە بەرامبەر چارەسەر كردنی ئەم پرسە بێ هەڵوێستن بەڵكو هەوڵ بۆ پووچ كردنەوەی هەنگاوەكانی حكوومەت دەدەن.

بێگۆمان ناتوانین ئەم رێبازەی دەوڵەت باخچەلی و كەمال قڵێجدار ئوغڵۆ تەنیا وەكو بێ هەڵوێست بوونیان لە بەرامبەر قۆناخەكە لە قەڵەم بدەین، چوونكە ئەم دوو سیاسەتمەدارەی توركیا هەر رۆژ لە كاناڵە جیاجیاكاندا دەردەكەون و گوتاری خۆیانیان پێشكەش دەكەن و دەڵێن: ئاكەپە و ئوجەلان لە ئیمراڵی لە سەر دابەش كردنی توركیا پێكهاتوونە هەر بۆیە توركیا بەرەو لیواری پارچە كردن و دابەش كردنەوە دەروات. كاتێك كە ئێمە زۆر لە وتەكانی ئەم دوو كەسە ورد ببینەوە دەبینین كە هەر رۆژ هەمان شت دووبارە دەكەنەوە و ئەمەیش نیشانەی بێ چارەیی ئەوان لە بەرامبەر پرسی كورد و چارەسەر كردنی پرسی كورد.

چوونكە جەماوەری مەهەپە و جەهەپەیش بە هیچ شێوەیەك متمانەی بە وتەكانی سەرۆكەكانی ئەو دوو پارتە نەماوە. جەماوەری ئەو دوو پارتە داوای چارەسەر كردنی پرسی كورد و كۆتایی هێنان بە توندوتێژی لە توركیا دەكەن بەڵام سەرۆكی هەر دوو پارتی چارەسەر كردنی ئەم پرسە و هەوڵدان بۆ چارەسەر كردنی ئەم پرسە وەكو هەوڵدان بۆ پارچە كردن و دابەش كردنی توركیا لە قەڵەم دەدەن.

سەبارەت بە مەسەلەی چارەسەر كردنی پرسی كورد مەكتەب سیاسی جەهەپە بۆ خۆی دەستی بە راپرسییەك لە نێو جەماوەری خۆیدا كردووە و ئەنجامی راپرسییەكە ئاشكرا دەكەن كە لە سەدا 52 جەماوەری جەهەپە داوای چارەسەری پرسی كورد دەكات. چوونكە جەماوەری جەهەپە ئەوە باش دەزانێت كە ئەوە سێ مانگە كە قۆناخی چارەسەری دەستی پێكردووە و لە نێو ئەم سێ مانگەدا نە شەڕ و پێكدادان رووی داوە، نە كەس گیانی لە دەست داوە و نە لووتی كەسیش بریندار بووە.

ئایا ئارمانجی سەرەكەی ئەم قۆناخە راگرتنی شەڕ و كۆتایی هێنان بە خوێن رێشتن نییە؟ هەر كەس دەزانێت كە ئارمانجی سەرەكەی ئەم قۆناخی بێدەنگ كردنی چەكەكان و راگرتنی خوێن رژاندنە. بەڵام كەس نازانێت كەمال قڵێجدار ئوغڵۆ و دەوڵەت باخچەلی بۆ چی دژایەتی ئەم قۆناخە دەكەن و بۆ چی هەر رۆژ لە مەیدانەكاندا دەست بە باسی كردنی چیرۆكە ترساوییەكان دەكەن؟ دەیانەوێ بەم چیرۆكانە رای گشتی توركیا بترسێنن یا دەوڵەتی توركیا؟

بە بیروای من دەوڵەت باخچەلی و قڵێجدار ئوغڵۆ كاتێك كە بینیان خەڵك وردە وردە لێیان دوور دەكەوێتەوە و وەكو رابردوو پشتگیرییان لێوە ناكات، كەوتنە نێو دڵەڕاوكێ و ترسەوە هەر بۆیە عەقڵی خۆیانیان لە دەست داوە و تەنیا بە سەری خۆیان دژایەتی رای گشتی توركیا دەكەن و بە مەنتێقی (( لێدە تا منیش لێ بدەم)) نزیكی مەسەلەكە دەبنەوە. ئەم دوو كەسە كە بۆ خۆیان دەزانن ئەگەر ئەم پرسە چارەسەر بكرێت ئەوا بە هیچ شێوەیەك ناتوانن وەكو رابردوو لە گۆڕەپانی سیاسی توركیادا هێزی خۆیان نیشان بدەن، هیچیان بۆ نەماوە بێجگە لەوەی كە رۆژانە دەوڵەت و سەرۆك وەزیری توركیا رەجەب تەییب ئەردۆغان بە خیانەت كردن بە توركیا تاوانبار بكەن.

بێگۆمان هەڵوێستی ئەم دوو سیاسەتمەدارە بۆ تەندروستی ئەوانیش زەرەری هەیە بەڵام ناتوانن واز لەم هەڵوێستەی خۆیان بهێنن و كەوتوونەتە نێو رێگایەكی كۆر و بێ كۆتاییەوە. شرۆڤەكانی سەرۆكی مەهەپە و جەهەپە سەبارەت بە كومسیونی عەقڵمەندان نیشانەی ئەوەیە كە ئەم دوو كەسە بۆ بەرەژوەندی تاكەكەسی خۆیان ئامادەن كۆمەڵگەی توركی بەبێ عەقڵ و نەزان لە قەڵەم بدەن، بەڵام بێ ئاگان لەوەی كە بێ عەقڵی راستەقین ئەوان بۆ خۆیانن، چوونكە كۆمەڵگە پێكەنینی بە تێوەرەكانی ئەوان سەبارەت بە پاشەرۆژی توركیا دێت و پێیان دەڵێت، ئەم تێوەرییانە هی سەردەی بیستەم و نۆزدەیەم بوون و كاتیان بە سەرچووە.

من باوەر نا كەم كە باخچەلی و قڵێجدار ئوغڵۆ ئەوەندە نەزان و بێ عەقڵ بن، بەڵام دەزانم كە كەوتوونەتە نێو گردابێكەوە و بە دژایەتی كردنی ئەم قۆناخە لە راستیدا داوای ئەوە دەكەن كە كەسێك دستی خۆی بۆیان درێژ بكات و رزگاریان بكات، بەڵام وا بزانم چاوەڕوان كردنی ئەم دوو كەسە بۆ ئەوەی كە كەسێك رزگاریان بكات چاوەڕوانییەكی زۆر بێ فایدەیە چوونكە دوای ئەم هەموو هەراو بەزمە نەتەنیا كەس بەڵكو رەجەب تەییب ئەردۆغانیش ناتوانێت ئەوان لەم گردابەدا رزگار بكات.

سەرچاوە: ستار

 

هەواڵی پەیوەندیدار