٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەنجوومەنی پیرانی ئیسپانیا سوپاسی گەلی کوردستان و پێشمەرگە دەکەن

سەرچاوە: KDP.info

مەدرید-KDP.info- ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٨-١-٢٠٢٦ سەفین موحسین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و ھیشام ئەلجبووری ھەڵسووڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە ئیسپانیا و د. دارەوان حاجی حامد نوێنەری حکوومەتی ھەرێم لە ئیسپانیا سەردانی ئەنجوومەنی پیرانی ئیسپانیایان کردوو لەلایەن سیناتۆرانی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە خاتوو ئانا بێلتران ڤیالبا و لووک ئوریبێ ئێتخێباریا ئاپالەتێگی و جۆسو ئێستارۆنا ئێلیزۆند پێشوازیان لێکرا.

لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندی ئابووری و کەلتووری نێوان ئیسپانیا و ھەرێمی کوردستان و عێراق تاوتوێ کرا. بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە ئاماژەی بە سیستمی حکومڕانی ئیسپانیا کرد و ھیوای خواست عێراقی فیدڕاڵ سوود لەو ئەزموونە وەرگرێت.

دواتر پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق و ھەرێمی کوردستان و ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق باسی لێوەکرا. 

ئەندامانی سەنات سوپاسی گەلی کوردستان و پێشمەرگەیان کرد بۆ ڕۆڵی سەرەکیان دژی داعش و بۆ ھەڵبژاردنی دیالۆگ و پشتیوانی کردنی دیموکراسییەت بەسەر توندوتیژیدا لەم سەردەمە ھەستیارەدا.

ھاوکات سەفین دزەیی پووختەیەکی دەربارەی بارودۆخی ناوچەکە بەگشتی پێشکەش کرد و ھەردوو لایەن باسیان لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسپانیا و عێراق و ھەرێمی کوردستان کرد، لەسەر ئاستی حکوومەتی فیدڕاڵ و ھەرێمەکان.

 

هەواڵی پەیوەندیدار