٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەیوەندی بارزگانی ھەرێم لە گەڵ وڵاتان زۆر فراوان بووە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info- سەرۆکی ھاوردە و ناردنکارانی ھەرێمی کوردستان گوتی "ئێستا پەیوەندی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتان زۆر فراوان بووە و پلانیش وایە بۆ ئەمساڵ زۆرترین کۆمپانیای بیانی بێنە ھەرێمی کوردستان و بەھاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیاکانی ھەرێمی کوردستان کار بکەن."

شێخ مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆکی ھاوردە و ناردنکارانی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی "پەیوەندی بازرگانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتان بەتایبەت وڵاتانی دراوسێ زۆر بەھێزە، بەھۆی ئەوەی ھەرێمی کوردستان سنووری لەگەڵ وڵاتان فراوانە و بەرھەمێکی زۆری ئەو وڵاتانە ھاوردەی ھەرێمی کوردستان دەکرێ، ئێستا پەیوەندی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتان زۆر باشە و تەنیا ھەندێک گرفتی بەرزی ونزمی دۆلار ھەیە، چونکە بەرھەمەکان بەدۆلار ھاوردە دەکرێن، بۆیە کاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی بازاڕ نابێت، ھەرێمی کوردستان کەلوپەلێکی زۆری لێیە و دۆخەکە زۆر باشە، پەیوەندی ھەرێمیش لەگەڵ وڵاتان زۆر باشە."
شێخ مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان گوتیشی "ساڵی ڕابردوو ئالوگۆڕی بازرگانی ھەرێمی کوردستان زۆر باش بوو، بەڵام بەداخەوە عێراق ھەندێک بڕیار لەبارەی جوڵەی بازرگانی دەرکرد لەبەرژوەندی ھەرێمی کوردستان نەبوو، لەوانە ھەرکەسێک کاڵا بێنێت پێویستە لەماوەی ٧٢ کاتژمێر کاڵا بێنن بۆ عێراق، ئەگەرنا ڕێگری دەکەن یاخود گومرگی لێ وەردەگرن، ئەوە یەکێک لە ئاستەنگەکان بوو، چونکە ماوەی دیاریکراو کەمە و بازرگان ناتوانێ لەو ماوە کاڵای خۆی بفرۆشێت، ئەمەش بۆ ئەوەی جولەی بازرگانی لە عێراق زیاد بکرێت، کێشەیەکی دیکە پێویست بوو کۆمپانیاکان بۆ حەواڵەکردنی پارە لە عێراق تۆمارکرابن، بۆ کارگەکانی ھەرێمی کوردستان واتا ئەوانەی لە ھەرێم تۆمارکراون پێویستە لە عێراقیش تۆمار بکرێن، کە ئەمە ھیچ پێویست نەبوو، بۆیە قەبارەی بازرگانی پار لە ھەرێمی کوردستان ١٢ملیار دۆلار بووە."
دەشڵێت "ئەو سیستەمەی عێراق بڕیاری لێداوە لەبارەی خاڵە سنووریەکان تا ئێستا لە ھەرێمی کوردستان جێبەجێ نەکراوە، تەنیا لە عێراق جێبەجێ کراوە، جێبەجێکردنی پێناسەی گومرگی کە نرخی کاڵاکانی زیادکردووە بۆ ئەوەیە باجی سەر کاڵاکان زیادبکەن و کاڵاکان لەسەر خەڵکی ئێمەش زیاد بێت، بەڵام تا ئێستا لەسەر ھەرێمی کوردستان جێبەجێ نەکراوە، ئەو بڕیارانەی داویانە کاریگەری لەسەر ھەرێمی کوردستان نابێت."
  سەرۆکی ھاوردە و ناردنکارانی ھەرێمی کوردستان ڕوونیشی کردەوە، ھانی کۆمپانیا بیانییەکان دەدەین بێن لە ھەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئێمە کار بکەن بۆ ئەوەی ئەو کارگانەی ھەمانە زیاتر پێشبخرێن و کارگەی تازەش لە ھەرێمی کوردستان دروست بکەن و لە ھەرێمێکی بەکاربەرەوە ببینە ھەرێمێکی بەرھەمھێنەر، بۆیە ئەمساڵ کاری زیاتر دەکەین بۆ ئەوەی شاندی زیاتری بیانی بێنە ھەرێمی کوردستان، ئێمەش ببینە پردێک لەنێوان کۆمپانیاکانی بیانی و ھەرێمی کوردستان و ھەرێمی کوردستان بکەینە ھەرێمێکی خاوەن ئابووری بەھێز.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار