شارەوانیی هەولێر: تیمەکانمان لە حاڵەتی ئامادەباشیدان

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکایەتیی شارەوانیی ھەولێر ڕایگەیاند، بەھۆی گۆڕانی کەشوھەوا و پێشبینیی ھاتنی شەپۆلێکی بارانبارین، بە ھەماھەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان سەرجەم تیمەکانیان خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.
سەرۆکایەتیی شارەوانیی ھەولێر لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد، دوای دانانی پلانی وەرزی زستان و خاوێنکردنەوەی مەنھۆڵ و چەپەرەکانی ئاو وەرگرتن، ھەروەھا فراوانکردنی کەند و ڕێڕەوەکانی ئاوی سروشتی، لە ئێستادا ئامادەکاری بۆ ھاتنی شەپۆلێکی بارانبارین دەکەن.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ھاتووە: "بە ھاوبەشی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، چەندین لیژنە و تیمی شارەزا لەگەڵ ئامێری قورسی فریاگوزاریی خێرا، لە تەواوی سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی ھەولێر لەنێو گەڕەک و شەقامەکان جێگیر دەکەن".
شارەوانیی ھەولێر داوا لە ھاووڵاتییان دەکات لە کاتی چڕبوونەوەی شەپۆلەکانی بارانبارین و ڕوودانی ھەر حاڵەتێکی نەخوازراوی وەک کۆبوونەوەی ئاو یان لافاو، پەیوەندی بە تیمەکانی فریاگوزارییەوە بکەن.
بۆ ئەم مەبەستەش دوو ژمارە مۆبایلی بۆ پەیوەندیکردن (بە شێوەی ئاسایی، واتساپ، ڤایبەر و تێلیگرام) بڵاو کردووەتەوە کە بریتین لە:
٠٧٥٠٩٥٨٤٨٣٨
٠٧٥١٤١٤٦٦٤٢






