مەسروور بارزانی ڕەزامەندیی دا لەسەر خەرجکردنی 195 ملیار دینار بۆ پڕۆژەی ئاوی خەبات

هەولێر-KDP.info- مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەمەبەستی چارەسەری ڕیشەیی و درێژمەودای گرفتی کەمئاوی لە سنووری قەزای خەبات، بڕیاریدا بە دروستکردنی گەورە پڕۆژەی ئاوی خەبات، ئەمڕۆ یەکشەممەش ٢٨ی ئەیلوولی٢٠٢٥، ڕەزامەندی نیشاندا لەسەر خەرجکردنی گوژمەی ١٩٥ ملیار دینار لەسەر بوودجەی وەبەرھێنانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە.
بەمەبەستی چارەسەرکردنی بنەڕەتییانەی گرفتی کەمئاوی لە سنووری قەزای خەبات، پێشتر لە ڕۆژی ١٦-٦-٢٠٢٥ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ ئەم مەبەستە، نووسراوی بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بەرز کردەوە و مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە دروستکردنی پڕۆژەی ئاوی قەزای خەبات کە یەکێکە لە گەورە پڕۆژە نوێکانی ئاوی خواردنەوە لە ھەولێر و بەمزووانە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٨ی ئەیلوولی٢٠٢٥، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕەزامەندی نیشاندا لەسەر خەرجکردنی گوژمەی ١٩٥ ملیار دینار لەسەر بوودجەی وەبەرھێنانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بەشێوەی نەختینە و قۆناغ بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی خەبات.
پڕۆژەی ئاوی خەبات، پڕۆژەیەکی گەورە و ستراتیژیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە، لە ڕۆژێکدا توانای بەرھەمھێنانی (١٢٠ ھەزار) مەتر سێجا ئاوی خواردنەوەی ھەیە، زیاتر لە ٤٠٠ ھەزار کەس لە سنووری قەزای خەبات و ناحیەکانی ڕزگاری و تۆبزاوە و کەورگۆسک و ٤٠ گوندی سنوورەکەش تا ساڵی ٢٠٥٠ لێی سوودمەند دەبن.
وێڕای ژمارەیەک خەزان و پێگەی سەرەکیی پڕۆژەکە، درێژی بۆرییەکانی نزیکەی ٣٠٠ کیلۆمەترە و پێنج کیلۆمەتریش کارەبای لەگەڵدایە، دوای ڕەزامەندیی مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان و ڕەزامەندی لەسەر خەرجکردنی گوژمەکەی، ئێستا کار لەسەر قۆناغەکانی پرۆسەی تەندەرینگ دەکرێت و بەمزووانە ئەم گەورە پرۆژەیەش لە ھەولێر دەکەوێتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە.




