بەڕێوەبەری ناحیەی بیارە بۆ KDP: کارەبای 24 کاتژمێری خزمەتێكی زۆری سنوورەكەمانی كردووە

بیارە-KDP.info- بەڕێوەبەری ناحیەی بیارە ڕایدەگەیەنێت، لە پاش سەردانەكانی سەرۆكوەزیران مەسروور بارزانی بۆ هەڵەبجە، ناحیەی بیارە چەندین پڕۆژەی بۆ جێبەجێ كراوە و چەندین پڕۆژەی دیکەش ئێستا لە جێبەجێكردندان. دەشڵێ، فەرمانبەر بۆ دامەزراوەكان دامەزراون و كارەبای 24 کاتژمێریش خزمەتێكی گەورەیە بە سنوورەكەمان.
حەمید بارام، بەڕێوەبەری ناحیەی بیارە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، لە سەردانەكانی بەڕێز سەرۆكوەزیران بۆ هەڵەبجە، پێویستیی زۆرمان بە دامەزراندن هەبوو و داوای دامەزراندنی فەرمانبەرمان کرد، كە لە چوارچێوەی بڕیاری دامەزراندنەكان بۆ هەڵەبجە، دامەزراوەكانی ناحیەی بیارەش فەرمانبەری بۆ دامەزرا كە كەمیی میلاكات هەبوو.
مەسروور بارزانی، لە هەڵەبجە بڕیاری دا، 20%ی داهاتی دەروازەكان بۆ گەشەپێدانی هەڵەبجە تەرخان بكرێتەوە، حەمید بارام دەڵێ، ئەوە بڕیارێكی زۆر گرینگ بوو بە هیوای ئەوەی هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی خێرا بكرێت، دەروازەی بازرگانیی شۆشمێ - تەوێڵە دەكەوێتە سنووری ناحیەی بیارە، سنوورەكەمان ناوچەیەكی گەشتیاریی سەرنجڕاكێشە و پێویستی بە پڕۆژەی بەردەوامی حزمەتگوزارییە.
لە چوارچێوەی بڕیارەكانی مەسروور بارزانی، ئێستا لە تەوێڵە پڕۆژەی ڕێگهسازی و دیواربەندی و كۆنكرێتكردن بودجەكەی نزیكەی یەك ملیار دینارە، هەروەها هەر لە تەوێڵە پڕۆژەیەكی تری ڕێگهسازی و ئاو ئاوەڕۆ و دیواربەندی و كۆنكرێتكرن، بە بودجەی 600 ملیار دینار كاركردن تێیاندا دەستی پێكردووە و جێبەجێ دەكرێن. حەمید بارام وای گوت.
هاووڵاتیانی پارێزگای هەڵەبجە و هەورامان باس لەوە دەكەن، پاش سەردانەكانی مەسروور بارزانی بۆ شارەكەیان، پڕۆسەی ئاوەدانی و ژێرخانی پڕۆژەكان دەستیان پێكردووە و سیمای شار تەواو گۆڕدراوە.
بەڕێوەبەری ناحیەی بیارە دەڵێ، بە دڵنیاییەوە پڕۆژەی گرینگ جێبەجێ كراون و ئێستاش پڕۆژە جێبەجێ دەكرێن، داواشمان كردووە ئەو پڕۆژانەی تر كە پێویستە بۆمان جێبەجێ بكرێن، بڕیار دراوە بە دروستكردنی دوو بینای گەورە بۆ فەرمانگەكانی ناحیەی بیارە، هەروەها پێویستمان بە جێبەجێكردنی پڕۆژەی قیركردنی ڕێگهی سێ سەلام بۆ بەرەو پارێزگای هەڵەبجە، ڕێگهی سەیرانگای ئاوێسەر بۆ گوندی بەڵخە، لەگەڵ ڕێگهی مەرزی شۆشمێ - تەوێڵە بۆ گوندی هاوار و گریانە هەیە، کە ئەم پڕۆژانە گرینگن لەلامان جێبەجێ بكرێن.
ناوبراو لەبارەی پڕۆژەی كارەبای 24 کاتژمێری ئاماژەی دا، ناوچەكەی ئێمە گەشتیارییە، پێویستمان بە كارەبای 24 سەعاتی هەیە، دەبێت ناوچە گەشتیارییەكان دوور بن لە دووكەڵ و ژاوەژاوی مۆلیدە، بۆیە کارەبای 24 کاتژمێری خزمەتێكی زۆری سنوورەكەمانی كردووە، كارەبا شادەمارە بۆ هەموو كەرتەكان، کە پێشتر كێشەی كەمیی كارەبا هەبوو و خۆشبەختانە كارەبای 24 کاتژمێری كێشەی كارەبای چارەسەر كردووە.
عەزیز ڕەسووڵ




