هەنگاریا بە ڕێز و پێزانینەوە دەڕوانێتە پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان

ھەولێر-KDP.info- كونسوڵی گشتیی نوێی هەنگاریا لە هەرێمی كوردستان دەڵێت، "وڵاتەكەم بە ڕێز و پێزانینەوە دەڕوانێتە پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان و خواستی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی هەیە بەتایبەت لە بوارەكانی زانكۆیی، وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا".
ئەمڕۆ یەكشەممە 7-9-2025، تیڤادار ئێرگێی تاكاچ، كونسوڵی گشتیی نوێی هەنگاریا، سەردانی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستانی كرد و لەلایەن سەفین دزەیی، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان پێشوازی لێكرا و پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی لێكرا.
لە دیدارەکەدا، سەفین دزەیی، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان ئامادەیی دامەزراوەکانى حکوومەتى هەرێمى كوردستانی بۆ كونسوڵی نوێی هەنگاریا نیشاندا لەپێناو سەرخستنی لە ئەركەكەیدا، هاوكات دید و بۆچوونى حکوومەتى هەرێمى کوردستانى لەبارەی پرسە ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان خستە ڕوو. هیواشی خواست پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و هەنگاریا لە بوارەكانی ئابووری، بازرگانی، زانكۆیی و كشتوكاڵی، زیاتر بەرەوپێش بچن.
کونسوڵی گشتیی هەنگاریا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بە ڕێز و پێزانینەوە دەڕوانێتە پێشکەوتنەکانى هەرێمی کوردستان و خواستی هەنگاریای بۆ برەودانی زیاتر بە پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی، بە تایبەتی لە بواری زانکۆیی و وەبەرهێنان و ئاڵۆگۆڕی بازرگانیدا.




