٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

زیبا تەھا بۆ KDP: لە زاخۆوە تا خانەقین سەرقاڵی گەیاندنی ڕێنمایی بووین

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سکرتێری یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان دەڵێت، لە ماوەی دوو هەفتەی ھەڵمەتی هۆشیارکردنەوە لەبارەی بەکارھێنانی ئاو، ڕێنمایی گەیاندرایە دەیان ھەزار ماڵ و ئافرەت لە سەرتاسەری کوردستان. ھاوکات جەختیش دەکاتەوە، ھەڵمەتی دیکەش لەسەر بابەتی جیاواز بەڕێوەن.

زیبا تەھا، سکرتێری یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕگەیاند، "ھەڵمەتی بەفیڕۆنەدانی ئاو لەلایەن یەکێتیی ئافرەتانی کوردستانەوە بەڕێوە چوو، کە تێیدا ڕێنمایی هۆشاری بۆ دەستگرتن بە ئاوەوە وەک سامانێکی نیشتیمانی گەیاندراوەتە دەیان ھەزار خێزان، ناوەندەکانمان لە زاخۆوە تا خانەقین بۆ چەندین ڕۆژ سەرقاڵی گەیاندنی ڕێنمایی بوون پەیوەست بە بەکارھێنانی ئاو بە شێوەیەکی تەندروست، ھەروەھا دەیان سیمینار ئەنجام دران و ھەزاران ئافرەت بەشدارییان تێدا کرد.

سکرتێری یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان باس لەوەش دەکات، پسپۆڕانیش بەشدارییان لە ھەڵمەتی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستاندا کرد و ڕۆڵیان ھەبوو لە بەڕێوەچوونی ھەڵمەتەکە و پێدانی ڕێنمایی و هۆشیارکردنەوەی ھاووڵاتیان، ھەروەھا ئێمە ھەموو ڕێگەیەکمان بەکارھێنا بۆ ئەوەی پەیامی خۆمان بگەیەنینە زۆرترین کەس، بەتایبەتی ئافرەتانی کوردستان.

زیبا تەھا، لەبارەی بەڕێوەچوونی ھەڵمەتەکە گوتی، ھەڵمەتی ھۆشیاکردنەوەکە دوو هەفتە بەردەوام بوو، لە داھاتووشدا ھەڵمەتی دیکەش ھەم لەبارەی ئاو و هەمیش بوارەکانی دیکەی وەک کۆچ و کارەبا و ماددەی ھۆشبەر بەردەوامییان دەبێت، دەمانەوێ یەکێتیی ئافرەتانی کوردستانیش ڕۆڵی لە پێشکەوتنی کۆمەڵگە و بەرەنگاربوونەوەی دیاردە ناشارستانی و یاساییەکان هەبێت، چونکە ئەرکی ھەموو تاکێکی کۆمەڵگە و ڕێکخراو و دەزگاکانە پێکەوە کار بکەین بۆ پێشکەوتنی وڵات و بەرەنگاربوونەوەی ھەندێ دیاردە.

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار