میر حازم: ئێمە زۆر نیگەرانین لە بڕیاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق

ھەولێر-KDP.info- میرحازم تەحسین بەگ، میری ئێزدییان لە کوردستان گوتی، بەستنی ئەمجۆرە کۆنفرانسانە گرینگن، بۆ ئەوەی دۆسیەی ئێدییەکان بە زیندووی لە ویژدانی مرۆڤایەتییدا بهێڵینەوە، ئومێدی کرد توێژینەوەکان ببنە هۆکارێک بۆ بەرجەستەکردنی دادپەروەری و قەرەبووکردنەوەی قوربانییان..
بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، 25ـی ئابی 2025، بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کۆنفرانسی ئەکادیمیی نێودەوڵەتی لەسەر جینۆسایدی ئێزدییەکان لە هەولێر دەستیپێکرد، ژمارەیەک لە توێژەرانی ناوخۆ و جیهان لە هەولێر دوو ڕۆژ بەشداریی دەکەن و توێژینەوەی زانستی لەبارەی جینۆسایدکردنی ئێزدییەکان و کێشە و گرفتەکانیان پێشکەش دەکەن.
لەچوارچێوەی کۆنفرانسەکەدا، میرحازم تەحسین بەگ، میری ئێزدییان گوتارێکی پێشکەشکرد و تێیدا گوتی، "ئەو کارەساتەی ساڵی 2014 بەسەر ئێزدییەکاندا هات، ئازارێکی زۆری بەجێهێشتووە کە تا ئێستا خوێنی لێ دەچۆڕێت، ئەنجامی ئەو هێرشە، تا ئێستاش کاریگەریی بەسەر ئێزدییەکاندا ماوە، گوتیشی، "سەدان هەزار ئێزدی تا ئێستاش لەنێو خێوەتەکاندا دەژین، هەزاران ژن و منداڵیش تا ئێستا بێ سەر و شوێنن.
میری ئێزدییان ئاماژەی بەوە کرد، "ناوچەکەیان پێویستی بە دووبارە بونیاتنانەوە هەیە لەگەڵ گەڕانەوەی شەرەفمەندانەی ئێزدییەکان، گوتی، "بەستنی ئەمجۆرە کۆنفرانسانە گرینگن، بۆ ئەوەی دۆسیەی ئێدییەکان بە زیندووی لە ویژدانی مرۆڤایەتییدا بهێڵینەوە، ئومێدی کرد توێژینەوەکان ببنە هۆکارێک بۆ بەرجەستەکردنی دادپەروەری و قەرەبووکردنەوەی قوربانییان.
لەبارەی بڕیارەکانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراقیش، میرحازم تەحسین بەگ گوتی، "ئێمە زۆر نیگەرانین لە بڕیاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بەوەی ئێزدییەکان تێکەڵی کۆمەڵگەی میوانداربن، لەگەڵ ئەوەی تا ئێستا هیچ مەرجێکی گەڕانەوە بۆ ئێزدییەکان نییە، تیشکی خستە سەر ئەوەی، دووپاتی کردەوە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەبێتە هۆی قوڵبوونەوەی کێشەی ئێزدییەکان، هاوکات دەبێتە هۆی لاوازکردنی دانپێدانانە نێودەوڵەتییەکان بۆ ناسانانی کۆمەڵکوژکردنی ئێزدییەکان بە جینۆساید، گوتی: ئێمە تێکەڵکردنی بەزۆرە ملێ ڕەت دەکەینەوە.
میری ئێزدییان لە کوردستان دەشڵێت، "زۆر سوپاسی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ پێشوازیی کردن لە ئێزدییەکان، بەتایبەتیش لە خەڵکی شنگال، سوپاسی نێچیرڤان بارزانی دەکەین بۆ ڕزگارکردنی ژمارەیەکی زۆری ئێزدییەکان.




