سەرجەم تیمەكانی وەزارەتی ناوخۆ ڕاسپێردران بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئاگرەكەی هەڵەبجە

ھەولێر-KDP.info- بە فەرمانی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سەرجەم تیمەکانی وەزارەتی ناوخۆ ڕاسپێردران بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەی ھەڵەبجە کە دوو ڕۆژە بەردەوامی ھەیە و بەھۆیەوە تا ئێستا دوو کەس گیانیان لەدەستداوە.
ئەمشەو دووشەممە ١٨-٨-٢٠٢٥ وەزارەتی ناوخۆ بڵاوی کردەوە: لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی، بە مەبەستی بەدواداچوونی لێکەوتەکانی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی ھەڵەبجە کە لە دوای نیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممەوە دروست بووە و تا ئێستا بۆتە ھۆی گیانلەدەستدانی ھاووڵاتییەکی خۆبەخش و کارمەندێکی پۆلیسی دارستان و ھەروەھا زیانێکی زۆری بە سروشت و ژینگەی دەڤەرەکە گەیاندووە، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ پەیوەندی کرد بە نوخشە ناسح پارێزگاری ھەڵەبجە و عمید عابدین عەبدوڕەحمان بەرێوەبەری بەرگریی شارستانی ھەڵەبجە.
وەزیری ناوخۆ لە پەیوەندییەکاندا سڵاو و خەمباری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی پێگەیاندن و سەرەخۆشی لە خانەوادەی ئەو دوو ئازیزەش کرد.
رێبەر ئەحمەد ئامادەیی ھەموو دامەزراوەکانی حکوومەت و وەزارەتی ناوخۆی پێشاندا بۆ بەدەنگەوەچوونی ھەڵەبجە، ھەروەھا تیمەکانی وەزارەتی ناوخۆی ڕاسپارد کە کاری پێویست بکەن بۆ کوژاندنەوە و کەمکردنەوەی زیانەکان و کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە.
وەزیری ناوخۆ لەھەمانکاتدا دەستخۆشی لە بەڕێوەبەر و ئەفسەر و کارمەندانی بەرگریی شارستانی و پۆلیسی دارستان و تەواوی ھێزەکانی دیکەی وەزارەتی ناوخۆ و خۆبەخشان کرد کە دوو ڕۆژە ھەموو ھەوڵێکیان بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە داوە.




