ئەمڕۆ یادی کارەساتێکی گەورە لەئەشکەوتی دەکان کرایەوە

شێخان -KDP.info- بەرپرسی لقی ٢٠ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شێخان دەڵێت "پێش ٥٦ ساڵ لە ڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆ ڕژێمی ئەوکاتی عێراق ٧٦ ھاووڵاتیی سڤیلی بێ تاوانی لە ئەشکەوتی دەکان سوتاندن، ئەمڕۆ لە مەراسیمێکی شایستەدا یادی ئەو کارەساتە مەزنە کرایەوە."
ساڵح حەیدەر، بەرپرسی لقی ٢٠ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شێخان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "ئەمڕۆ ١٨/٨ /١٩٦٩ دوای ئەوەی پێشمەرگە لەم بەروارە گورزێکی لە ڕژێمی ئەوکاتی عێراق وەشاند، لەلایەن رژێمی ئەوکات ھێرش کراوەتە سەر گوندی دەکان لە بناری چیای بێخێر، خەڵکی گوندەکەش لەترسی ئەشکەنجە ڕایانکردووە بۆ ناو ئەشکەوتی دەکان، ئەوانیش چوونەتە سەر ئەشکەوتەکە کە ٧٦کەسی لە منداڵ، گەنج و بەتەمەن تێدابووە، لەوانە شەش ئافرەت دووگیان بوونە، سەرانی ڕژێمی دکتاتۆریش ئاگریان لە ئەشکەوت بەرداوە و سەرجەمیان سوتاندوون، تەنیا یەک ئافرەت ڕزگار بووە ناوی ئامینەیە، ئەویش ئەوکات منداڵ بووە، ئەوانەی دیکەش ھەمووی بوونەتە سووتان، ھەر ئەوکات بارزانی نەمر نەتەوەیەکگرتووەکانی بە یاداشتنامەیەک ئاگادارکردووەتەوە، کە کارێکی دوور لە مرۆڤایەتی و ئایینەکان کراوە و ئەوانە بەو شێوەیە شەھید کراون."
ساڵح حەیدەر گوتیشی "ئەمڕۆ لەو یادە بە ئامادەبوونی لق و بریکاری وەزارەتی شەھیدان و کەسوکاری شەھیدان مەراسیمێک سازکرا، وتەی لق و وەزارەتی شەھیدان و کەسوکاری شەھیدان پێشکەش کرا، تاجەگوڵینەش لەسەر گۆڕی شەھیدان دانرا.
دوای ئەوەی بەرپرسیارەتی لقمان وەرگرت کارمان لەسەر کەیسی ئەو شەھیدانە کردووە، ئێستا لەناو پڕۆژەدایە، سەرۆکی حکوومەت گرنگی پێ دەدات، سەرۆک بارزانیش ڕایسپاردووە، کارێکی شایستەی بەوان بکرێت."
دەشڵێت "ڕێگای گوندی دەکان و ئەوەی ڕێگایەش کە بۆ ئەشکەوتەکە دەچێت لەگەڵ مۆنۆمێنتێک دروست دەکرێن، گۆڕەکانیش نوژەن دەکرێنەوە.
پێویستە ئەو کەیسە وەکو جینۆساید بناسرێت، چونکە ھاووڵاتیی سڤیل بوون و پێویستە ماددی و مەعنەوی قەرەبوو بکرێنەوە، ئێستا ٢٠%ی ڕێگاکە دروست کراوە، کارەکانی دیکەش بۆ ئەو گوندە و ئەشکەوتەکە دەکرێن، بۆیە کاری لەسەر دەکەین تا لەماوەی ئەو دوو مانگە تەواو دەکرێن و لە مەراسیمێکی شایستە دەکرێتەوە."
بڵند ئیبراھیم




