٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

گوهدار شێخۆ: موژدەیەکی بە خەڵکی ناوچەکە دا.. پێمان ناوەتە قۆناغێکی نوێ

سەرچاوە: KDP.info

زاخۆ-KDP.info- سەرپەرشتی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ڕایدەگەیەنێت، زاخۆ پاکترین شارە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان. موژدەیەکیش بە خەڵکەکەی دەدات و دەڵێت، بەمزووانە دوو پارکی گەورە دروست دەکەین، یەکێکیان لەسەر ئاستی وڵاتەکە، گەورەترینە. 

لە دوێنێ دووشەممەوە، 28ـی تەممووزی 2025، کۆنفرانسی "هەنگاوێک بەرەو شارێکی سەوز" بە هەماهەنگی لە نێوان ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و دامەزراوەی کوردستان (کوردستان فاوندەیشن) دەستیپێکردووە. ئامانجی سەرەکیی کۆنفرانسەکە، پاراستنی ژینگە و زیادکردنی ڕێژەی سەوازیی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆیە و، ئەمڕۆ سێشەممە، 29ـی تەممووزی 2025، کۆتایی دێت. 

لە ڕۆژی یەکەمی کۆنفرانسەکە، ڕاهێنان بە 40 گەنج کرا لەسەر چۆنییەتی زیادکردن و پاراستنی ئەو سەوزاییەی لەو سنوورە هەیە. ئەمڕۆش، ژمارەیەک پانێل بە بەشداریی چەندان مامۆستای زانکۆ و گەنجی دەڤەرەکە بەڕێوە دەچن و تاوتوێی زیادکردنی سەوزایی و پاراستنی ژینگەی شارەکە دەکەن.

گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، لە کۆنفرانسەکەدا گوتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند، "لەو کاتەوەی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە بڕیاری مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دامەزرێنراوە، شۆڕشێکی گشتگیر لە هەموو بوارە جۆراوجۆرەکاندا، دەستیپێکردووە؛ بە تایبەت لە بواری پاراستنی ژینگە و زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی."

سەرپەرشتی ئیدارەکە باسی لەوەش کرد، یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بایەخدان بووە بە ژینگە و زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی، لەو چوارچێوەیەدا هەردوو بەڕێوەبەرایەتیی ژینگە و باخچەکان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کراونەتەوە، کە لە لایەن ژمارەیەک کاردیر شارەزا و پسپۆڕانی بواری ژینگەوە بەڕێوەدەبرێن.

وەکوو ئەوەی گوهدار شێخۆ ئاماژەی پێ دا "بەر لە دامەزراندنی ئیدارەی سەربەخۆ، زۆرینەی باخچە و دارەکان بە شێوەیەکی هەڵە لە سنووری زاخۆ دروست دەکران و دەچێنران، ئەمەش دەبووە هۆی ئەوەی لە ماوەیەکی کەمدا لەنێوبچن و وشک ببن؛ بەڵام دواتر ڕۆژ بە ڕۆژ هەنگاوی نوێمان بۆ ئەو مەبەستە گرتەبەر و ئێستا بە دڵنیاییەوە دەتوانم بڵێم، لەو ڕووەوە پێمان ناوەتە قۆناغێکی نوێ."

بە گوتەی گوهدار شێخۆ "زاخۆ پاکترین شارە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان، ئەمەش لە ئەنجامی هەوڵ و کۆششی بەردەوامی هەموو بڕیاربەدەستان؛ خەڵکی دڵسۆز و مامۆستایانی ئایینی ئیدارە سەربەخۆوەکەمان کە بە ڕاستی شۆڕشێک دەستپێکرا و بە خەڵک گوترا، ئیدی بەسە، پێویستە ژینگەی خۆمان بپارێزین."

ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوەش کرد "لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، زۆرترین دار لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ چێندراون؛ هەر ئەمەشە وایکردووە ڕێژەی سەوزایی بە شێوەیەکی بەرچاو لە سنوورەکەمان زیاد بکات و ژینگەش پاک ببێتەوە."

گوهدار شێخۆ ئاماژەی بەوەش دا "ئەوەی زۆر شانازی پێوە دەکەین، هەر کەسێک یان گەشتیارێک کە دێتە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، ئەگەر بیەوێت ژینگە پیس بکات، خەڵکی خۆمان هۆشیاریی پاراستنی ژینگەیان هەیە و ڕێگریی لێ دەکەن."

سەرپەشتی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە گوتارەکەیدا "موژدە"ـیەکی بە خەڵکی ناوچەکە دا و باسی لەوە کرد "بڕیارمان داوە دوو پارکی گەورە بە مەبەستی زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی و ڕاكێشانی گەشتیاران دروست بکەین؛ یەکێکیان ڕووبەڕەکەی نزیکەی هەزار دۆنم زەوییە و دەبێتە گەورەترین پارک لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان."

لەبارەی پارکەکەی دیکەش، گوهدار شێخۆ ئاماژەی بەوە دا " شوێنی پیشەسازیی کۆنی زاخۆ دەکرێتە پارک کە ڕووبەڕەکەی نزیکەی 400 دۆنم زەوییە؛ ئێستا کار لەسەر ئەو پرۆژەیە دەکرێت و چەندان پرۆژەی دیکەش لە بەرنامەماندا هەن بە مەبەستی زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی لە ناوچەکەمان."

سەرپەشتی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ گوتیشی "بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆکایەتیی شارەوانییەکان، بڕیارمان داوە هەر پرۆژەیەکی وەبەرهێنان لە سنووری زاخۆ جێبەجێ بکرێت، پێویستە بایەخێکی تایبەت بە ڕێژەی سەوزایی لە نێو پرۆژەکەدا بدرێت و نابێت بە هیچ شێوەیەک پشتگوێ بخرێت."

هەواڵی پەیوەندیدار