٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

رێبەر ئەحمەد لەبارەی ھێرشە درۆنییەکان ھۆشداری دا

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info-  لیژنەیەکی باڵای ئەمنیی هاوبەشی نێوان بەغدا و هەولێر، ئەمڕۆ لە هەولێر کۆبووەوە بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشە درۆنییەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان. ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق جەختی لە یەکپارچەیی ئاسایشی عێراق و نیازی حکومەتی فیدراڵی بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەران کردەوە، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش، ڕەخنەی لە بێ ئەنجامی لیژنەکانی پێشوو گرت و هۆشدارییەکی ڕاشکاوانەی دا.

 بەیانی ڕۆژی دووشەممە 2025-7-28، شاندێکی باڵای ئەمنی بە سەرۆکایەتیی قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق گەیشتە هەولێر و دوای کۆبوونەوەی شاندی هەردوولا، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشیان ئەنجامدا.

 قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییە هاوبەشەکەدا ڕایگەیاند، لەسەر ڕاسپاردەی ڕاستەوخۆی محەممەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، هاتوونەتە هەولێر و جەختی کردەوە: "ئەم بە ئامانجگرتنە بۆ لێدانە لە ئابووری عێراق و زیانگەیاندنە بە ناوبانگی عێراق. پێویستە هەموومان بە یەکەوە کار بکەین بۆ پاراستنی سەروەری و ئاسایشی عێراق". ئەعرەجی سوپاسی هاوکارییەکانی هەرێمی کوردستانی کرد و وتی: "هێزی هەرێمی کوردستان، هێزە بۆ بەغدا و بۆ عێراقی فیدراڵ".

 

لەلایەن خۆیەوە، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە نیگەرانییەوە ئاماژەی بەوەدا کە ئەمە چەندەمین جارە هێرشەکان دووبارە دەبنەوە و وتی: "پێشتریش چەندین لیژنەی هاوبەش دروستکراون و گەیشتوونەتە دەرئەنجامی تەواویش، بەڵام هەتا ئێستا هیچ ڕێکارێکی پێویست نەگیراوەتەبەر و سنوورێک بۆ ئەو گرووپانە دانەنراوە."

 وەزیری ناوخۆی هەرێم هیوای خواست ئەم لیژنەیە "کۆتا لیژنە" بێت بۆ دەستنیشانکردنی ئەو لایەنانەی کە "لەلایەن هەردوو لامانەوە ئاشکران" و ڕێکاری یاسایی و ئەمنییان بەرامبەر بگیرێتەبەر. هەروەها ئاشکرایکرد کە هێرشەکان کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر وەستانی کار و دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنانی کۆمپانیا نەوتییەکان هەبووە.

لە کۆتاییدا ڕایگەیاند، کە لیژنەیەکی تەکنیکیی دیکە پێکدەهێنرێت بۆ وردبینی لە پاشماوەی درۆنەکان و دیاریکردنی سەرچاوە و ئەنجامدەرانی هێرشەکان و بە ئاراستەیەکی ڕاشکاوانە هۆشداریی دا: "هیوادارین کار نەگاتە ئەوەی بە لیژنە چارەسەر نەبێت، ئەگەرنا هەتا سەر ئێمەش بێدەنگ نابین و هەرێمی کوردستان دەپارێزین."

وەیزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، کە شاندە ئەمنییەکەی عێراق هەر ئەمڕۆ سەردانی بەشێک لەو شوێنانە دەکەن، کە لەلایەن دۆرنە بۆمبڕێژکراوەکانەوە بە ئامانج گیراون.

هەواڵی پەیوەندیدار