پارێزگاری هەولێر: مەسروور بارزانی هەمیشە ڕایسپاردووین بۆ چارەکردنی کێشەکان

هەولێر-KDP.info- ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە ڕێوەڕەسمی کردنەوەی پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای هەولێر ڕایگەیاند، ئەمڕۆ بۆ هەولێر یەک لە ڕۆژە هەرە مێژووییەکانە.
یەکشەممە 20ـی تەممووزی 2025، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە ڕێوەڕەسمی کردنەوەی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر گوتی، "پرسی کێشەی ئاو مێژووێکی درێژی هەیە، پێنج ساڵ بەر لە ئیستا سەرباری کۆمەڵێک بەربەست و قەیران لەبەردەم گەشەسەندنی هەرێمی کوردستان و حکوومەت، دەڵێت، "ساڵ لای ئێمە لە پارێزگای هەولێر دوو وەرز بوو، وەرزێکیان شەش مانگ ڕووبەڕووبوونەوە و ئامادەکارییەکان و لێکەوتەکانی گۆڕانکارییەکانی کەش و هەوا و ڕووداوی لافاو بوو کە بەداخەوە لە زستانی ساڵی 2021 خەڵکێک بووە قوربانی، شەش مانگەکەی دیکەش، ڕووبەڕووبوونەوە و ئامادەکارییەکانی قەیرانی نەبوونی ئاو کە بەڕێگەی زەحمەت دابین دەکرا.
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، ئامارەکانی 2021 تا 2025، بیری بەدیل لە گەڕەکە جیاوازەکان لێدراوە بە سەرووی 100 ملیار دینار، 130 ملیار دیناریش بۆ دروستکردنی ڕێڕەوی سروشتی ئاوەڕۆی هەولێر خەرج کراوە، سەرەڕای ئەمە، 4 بەنداوی گەورە لە سنووری هەولێر دروستکراوە کە کاریگەرییان لەسەر ئاوی ژێرزەوی هەبوو لەگەڵ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی لافاو، ئەوانیش (بەنداوی چەمەرگە، گۆمەسپان، بەستۆرە، ئاقوبان) بوون، سەرباری ئەو پۆندانەی دروستکراون و چەندی دیکەش لە جێبەجێکردندان.
ئومێد خۆشناو گوتی، "سەرۆک وەزیران مەسروور بارزانی بەردەوام لەگەڵ کیشەی هاووڵاتییان بووە، هەمیشە ڕایسپاردووین بۆ چارەکردنی کێشەکان، تەواوی پشتیوانی دارایی کردووین و ڕەزامەندی لەسەر بوودجەی پێویست بۆ پڕۆژەکان داوە، لەگەڵ ئەوەشدا هەمیشە دووپاتی کردووەتەوە کە پێویستە پرسی کێشەی کەمئاوی هەولێر لە ڕێشەوە چارەسەر بکرێت، کە بیرۆکەی پڕۆژەی فریاگوزاری خێرای ئاوی هەولێریش هاتە ئاراوە، پشتیوانی تەواوی کرد کە ئێستا هێمن گرووپ جێبەجێی کردووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 20ـی تەممووزی 2025، بە ئامادەبوونی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێوڕەسمی کردنەوەی قۆناخی یەکەمی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ شاری هەولێر دەستی پێ کرد. ئەم پڕۆژەیە تاوەکوو 30 ساڵی داهاتوو، شاری هەولێر لە کەمئاوی دەپارێزێت.




