خەسرۆ گۆران بۆ KDP: پارتی لە پارێزگای مووسڵ 62 کاندیدی دەبێت

مووسڵ-KDP.info- بەرپرسی لقی 14ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ ڕایدەگەیەنێت، ئەمجارە پارتی لە پارێزگای مووسڵ 62 کاندیدی دەبێت و کاندیدەکانیش لەسەر کۆمەڵێک بنەما دیاری کراون، بۆ ئەوەی بتوانین لەم ھەڵبژاردنەدا زۆرترین کورسی بەدەست بێنین.
خەسرۆ گۆران، بەرپرسی لقی 14ی پارتی لە مووسڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ئێمە لە سنووری مووسڵ سێ لقین، ئەوانیش لقی 23ی مەخموور و لقی 14ی مووسڵ و لقی 17ی رۆژئاوای دیجلەن، کە 62 کاندیدمان ھەیە بە ھۆی ئەوەی لە مووسڵ 31 کورسییە، دەتوانی دووقات کاندیدت ھەبێت بەپێی یاسا، ئەو کاندیدانە لە ھەموو چین و توێژ و پێکھاتە و نەتەوەکان پێکدێن بەھۆی ئەوەی پارێزگاکە لە چوار ملیۆن و 500 هەزار کەس پێکدێت و گەورەیە، کاندیدەکانیشمان 95%ی کوردن و لە ھەموو ئایین و نەتەوەکانی تێدایە، وەکو کورد و سوننە و شیعە و ئێزدی و پێکھاتەکانی دیکەش.
خەسرۆ گۆران گوتیشی، کاندیدەکانی ئێمە لەسەر بنەمای بڕوانامە و لێھاتوویی و شارەزایی و دڵسۆزی و بوونیان لەناو خەڵک و ئەزموونی باش دیاری کراون، بۆیە ئەمانە پێوەرن بۆ کاندیدبوون و ھەوڵمان داوە بنەمای باش بن بۆ کاندیدکردنیان، بەشێکیشیان کە دووبارە کاندید کراونەتەوە، ئەوانەن بەئەزموون و چالاکن و پەرلەمانتاری دیارن لە شنگال و مەخموور و زوممار و دەشتی نەینەوا و سەنتەری مووسڵ و شوێنەکانی دیکە.
بڵند ئیبراھیم




