گەورەترین پڕۆژەی کشتوکاڵی لە دھۆک لە قۆناغی کۆتایی دایە

دھۆک -KDP.info- بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی دھۆک گوتی "گەورەترین پڕۆژەی کشتوکاڵی کە سەرمایەکەی ٦٠ملیار دینارە لە دھۆک لە قۆناغی کۆتایی دایە، ئەمساڵ جۆرە میوەیەک لە جووتیاران وەردەگرێت و دەیکاتە ئاوی میوە."
ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "پڕۆژەی کاڤین گرین ھاوس بۆ وەرگرتنی بەرھەمی کشتوکاڵییە و گەورەترین پڕۆژەیە لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان و عێراق و خزمەتێکی گەورەی جووتیارانی دەڤەرەکە دەکات لە کۆگاکردنی میوە لە ھەموو وەرزەکان کە بە پشتگیریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە و بەسەدان ھەلی کار بۆ گەنجان دەڕەخسێنێت."
ئەحمەد جەمیل گوتیشی "ئەو پڕۆژەیە لەسەر ڕووبەری ٥٧٧ھەزار مەتر دووجا بە گوژمەی ٦٠ملیار دینار ئەنجام دەدرێت، کە خۆی لە دروستکردنی کارگەی بەرهەمهێنانی ئاوی میوە، کارگەی زەیتی زەیتوون و چاندنی ٢٠٠ھەزار دار زەیتوون و چاندنی چەندین جۆری دیکەی سەوزە دەبینێتەوە و دەبێتە بنکەیەکی سەرەکی بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆراک."
ڕوونیشی کردەوە "ئەو پڕۆژەیە لە قۆناغی کۆتاییدایە و ٨٥%ی تەواو بووە، ئەمساڵ ترێ لە جووتیاران وەردەگرێت و دەیکاتە ئاوی ترێ، لە داھاتوو میوەکانی دیکەیش لە جووتیاران وەردەگرێت و ئاوی میوەیان لێ بەرهەم دێنێت، بۆیە ئەمە پڕۆژەیەکی گرنگە و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پشتگیری تەواو لەو جۆرە پڕۆژانە دەکات."
بڵند ئیبراھیم




