لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیراندا سێ بڕگە تاووتوێ دەكرێت

هەولێر-KDP.info- ڕۆژی چوارشەممە 18ی حوزەریرانی 2025، ئەنجوومەنی وەزیران، بە سەرپەرشتیی مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێم، كۆ دەبێتەوە و سێ بڕگە تاووتوێ دەكات.
لە بڕگەی یەكەمی کۆبوونەوەکەدا دوایین دۆخی ناوچەكە و شەڕ و ئاڵۆزی و پێشهاتە سیاسی و سەربازی و ئەمنییەكان و كاریگەرییەكانی لەسەر هەرێمی كوردستان گفتوگۆ دەكرێ.
لە بڕگەی دووەمدا پێشنیازی وەزارەتی ناوخۆ تایبەت بە درێژكردنەوەی كاركردن بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بۆ لێخۆشبوون لە سزای سەرپێچیی هاتوچۆ بە ڕێژەی 20% بۆ شەش مانگی دیكە (1ی تەمووزی 2025 تا 31ی کانوونی یەکەمی 2025) گفتوگۆ دەكرێ.
لە بڕگەی سێیەمدا، بەدواداچوون دەكرێت بۆ بڕیاری پێشووی ئەنجوومەنی وەزیران لە كۆبوونەوەی ژمارە 159 لە ڕێكەوتی 19ی ئاداری 2025 تایبەت بە دامەزراندنی دەرچووانی كۆلێژی پزیشكیی گشتی و خستنەڕووی وەڵامی وەزارەتی دارایی فیدراڵ لەسەر ئەم بابەتە بە نووسراویان ژمارە 1162 لە 9ی نیسانی 2025.




