د.محەمەد شوکری: گرێبەست کراوە بۆ ئەوەی ھەرێم بچێتە ناو بازاڕی بازرگانی جیھانی

ھەولێر -KDP.info- سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان گوتی "لە چوارچێوەی بەشداریکردنی شاندی حکوومەتی ھەرێم لە کۆڕبەندی ھۆڵەندا و ھەرێمی کوردستان، شەش گرێبەست ئیمزا کراون، گرنگترینیان ئەوەیە ھەرێمی کوردستان دەچێتە ناوبازاڕی بازرگانیی جیھانیی گوڵ."
د.محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، سەردانمان بۆ وڵاتی ھۆڵەندا و بەشداریکردن لە کۆڕبەندی ئابووری ھۆڵەندا و کوردستان، کارێکی زۆر گرنگ بوو، ١٠٠ وەبەرھێنەری ھەرێم و ھۆڵەندا و حکوومەتی ھەرێم و ھۆڵەندا بەشداربوون، لەو کۆڕبەندەدا شەش گرێبەستی تازەی کارکردن لەنێوان ھەرێمی کوردستان و ھۆڵەندا ئیمزا کران، دوای چارەسەری کێشەکانی ناوچەکە ئەنجامی باشی دەبێت، بڕیارە ھەندێک شاندی ھۆڵەندی بێنە ھەرێمی کوردستان، وەکو حکوومەت و کەرتی تایبەت بۆ ئەوەی کاری زیاتر بکەن."
د.محەمەد شوکری گوتیشی "جگە لەوە، کۆبوونەوەی زۆر باشمان لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی ھۆڵەندا، وەزارەتی کشتوکاڵی ھۆڵەندا، ژوورەکانی بازرگانی و ئەوانەی پشتگیری دارایی پڕۆژەکان دەکەن ئەنجام دا، دەریانخست کە پشتگیری دارایی پێشکەشی پڕۆژەکانی ھەرێمی کوردستان دەکەن."
دەشڵێت "لە ھەمووی گرنگتر گرێبەستی چوونە ناو بازرگانیی گوڵی جیھانییە لەڕێگای کۆمپانیای ھۆڵەندی چاندنی گوڵوگولزار لە ھەرێمی کوردستان برەو پێ دەدات، بۆ ئەوەی بەرھەمی گوڵ لە ھەرێمی کوردستان زیاتر بکرێت و ھەناردەی دەرەوە بکرێت، پرسی پیشەسازیش بەھەمان شێوە، بەرھەمھێنانی خۆراکیش یەکێک لە کارەکانی داھاتووی ئەو کۆڕبەندە دەبێت."
بڵند ئیبراھیم




