ڤیان دەخیل بۆ KDP: مەلەفی ئاوارەکانمان گەیاندۆتە نەتەوە یەکگرتووەکان

شنگال-KDP.info- وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ، بەداخەوە حکوومەتی عێراق سەرەڕای جینۆسایدی ئێزدیان و ١١ ساڵ ئاوارەیی ھیچ ھاوکارییان ناکات، شەش مانگە بەشە خۆراکیشیان پێنەدراوە، بۆیە مەلەفی ئاوارەکانمان گەیاندووەتە نەتەوە یەکگرتووەکان.
ڤیان دەخیل، وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: دۆخی ئاوارەکان لە کەمپەکان خراپە، دوای ئەو جینۆسایدەی بەسەریان ھات، ١١ ساڵە لە ئاوارەییدان، حکوومەتی عێراق بەرپرسیارە و پێویستە بە ئەرکی خۆی ھەڵسێت و بەچاوێکی مرۆیی سەیری ئەو کەیسە بکات، من خۆم مەلەفی کوردانی ئێزدیم گەیاندووەتە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەوانیش گرنگی زۆری پێ دەدەن، ١١ ساڵە ئێمە داوادەکەین، حکوومەتی عێراقیش بێدەنگی ھەڵبژاردووە و ھیچ ھەڵوێست و ھەوڵێکی بۆ ئاوارەکان نەداوە، ئەوانیش لەم دۆخە خراپە ژیان دەگوزەرێنن
وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق گوتیشی: بوودجەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ساڵانە ٣٥٠ ملیار دینارە بۆ ئەوەی خزمەتی ئاوارەکان بکات و چیان پێویستە بۆیان دابین بکات و کەمپەکان نۆژەن بکاتەوە و خۆراکیان بۆ دابین بکات، کەچی شەش مانگە بەشە خۆراکیان وەرنەگرتووە، ھیچ ھاوکاری ئاوارەکان ناکەن لەکاتێکدا ئەرکی ئەوانە و حکوومەت بوودجەی بۆ تەرخان کردوون تا خزمەتیان بکەن، بەداخەوە ئەو بەرپرسیارەتییە ھەڵناگرن و بێدەنگن و ھاوکار نین، ئێمەش چەندین جار ھەوڵمان داوە بانگھێشتی وەزیری کۆچ و کۆچبەران بکەین و لێپرسینەوەی لەگەڵ بکەین، بەداخەوە هەندێ لایەنی عێراقی ڕێگری دەکەن لێپرسینەوەی لەگەڵ بکرێت، بۆیە دەچینە دادگا و بە بەڵگە ئەوەیان بۆ دەسەلمێنین کە ئاوارەکان لە چ دۆخێکدان و ھیچ ھاوکاریان ناکرێت.
ڕوونیشیکردەوە: لە عێراق بەھیچ شێوەیەک گرنگی بە ئاوارەکان نادرێت، بەتایبەت کوردانی ئێزدی، کە زیانی گەورە بەر کوردانی ئێزدی کەوتووە و لە قەرەبووکردنەوەی چوار ملیۆن دیناریش بێبەشن، بۆیە ئێمە مەلەفی کوردانی ئێزدی دەبەینە وڵاتانی جیھان، ئەوانەی ڕێز لە مافی مرۆڤ دەگرن و گرنگی پێدەدەن، بۆ ئەوەی چارەسەر بکرێت، بەداخەوە بەهۆی نزیکبوونەوەی هەڵبژاردن حکوومەتی عێراق لەجیاتی ھاوکاری ئاوارەکان دەچن کاری دیکە دەکەن، بۆ پڕوپاگەندەی ھەڵبژاردنەکان.
بڵند ئیبراھیم




