٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نوێنەرایەتیی حکوومەت: عێراق دەستوور جێبەجێ ناکات

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا ڕایدەگەیەنێت، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پابەندی ھەموو رێککەوتنەکانە بەپێی دەستوور، بەڵام عێراق دەستوور جێبەجێ ناکات، ئەوەی ئێستاش بەغدا دروستی کردووە، سیاسییە بۆ ئەوەی ھەرێمی کوردستان لە ڕووی ئابوورییەوە لاواز بکەن، بەڵام ھەرێمی کوردستان زۆر لەوە بەھێزترە.

فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، بەداخەوە عێراق ھیچ بڕوای بە رێککەوتن و ھاوبەشی و فیدراڵیەت نییە و ئەوەی ئێستا دەیکەنە کێشە بۆ ھەرێمی کوردستان سیاسییە و دەیانەوێت ھەموو دەسەڵاتەکان مەرکەزی بن و هەموو شتێک لە دەست ئەواندا بێت و بە ئارەزووی خۆیان مامەڵە بکەن، بەڵام ھەرێمی کوردستان بەھێزە و رێگای زۆری لەپێشە بیگرێتە بەر لە ڕووی یاساییەوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ھەرێمیشەوە، عێراقیش دەیەوێت ئابووریی ھەرێمی کوردستان لاواز بکات بەپێی پلانێکی داڕێژراو.

گوتیشی، ھەرێمی کوردستان خاوەن ھێز و ئیرادەیەکی زۆر باشە، ئەوەی ئەوان دەیانەوێت و پلانیان بۆ داناوە، ھەرێمی کوردستان زۆر لەوە بەھێزترە، ھەر بۆیە مووچە وەکو بیانووە و زیاتر مەبەستی سیاسییان ھەیە.

دەشڵێ، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پابەندی ھەموو رێککەوتنەکان بووە بەپێی دەستووری عێراق، بەڵام ئەوە عێراقە دەستوور جێبەجێ ناکات و بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکاری دێنن، ھەر بۆیە حکوومەتی عێراق بەرپرسە لەو کێشانەی دروست دەبن، چونکە پابەندی دەستووری عێراق نابێت، ئەگەر نا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەوەدایە ھەموو کێشەکان بەپێی دەستوور چارەسەر بکرێن و پابەندی دەستوورە.

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار