٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"کارەبای ٢٤ کاتژمێری دەگاتە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران"

سەرچاوە: KDP.info

سۆران -KDP.info- بەڕێوەبەری گشتی کارەبای ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتی "ئێستا ئامادەکاری دەکرێت بۆ ئەوەی پڕۆژەی کارەبای ٢٤ کاتژمێری لە سەنتەری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران جێبەجێ بکرێت، بەو پڕۆژەیە، تەنیا لە سەنتەری سۆران زیاتر لە ١٠٠ موەلیدە ھەڵدەگیرێن."

ئەردەوان ئیبراھیم، بەڕێوەبەری گشتی کارەبای سۆران، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "لەم مانگە پڕۆژەی ڕۆناکی ٢٤ کاتژمێری دەگاتە سەنتەری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئێمەش ئامادەکاری تەواومان کردووە، وەکو فیدەر و موەلیدە، ئەوەی پێویست بێت کردوومانە، بۆیە ئێستا لە قۆناغی تێست داین، کارەبامان بۆ دابینکراوە تا بزانین لۆدی سەر سەنتەری سۆران چەندە، ئامادەکاری بۆ تەواوی سەنتەری سۆران کراوە، ئەگەر تیمەکان ئامادەبن و کارەبای پێویست ھەبێت، لە قۆناغی یەکەم لە سەنتەری سۆران دەکرێتە ٢٤ کاتژمێر."
ئەردەوان ئیبراھیم  گوتیشی "چاوەڕێ دەکرێت دوای تاقیکردنەوەکانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی، پڕۆژەی ڕۆناکی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بکەوێتە بواری جێبەجێکردن، چونکە پێویستە کارەبای بەردەوام بۆ ھۆڵەکان ھەبێت، ناکرێت کارەبایان لەسەر ببڕێت، بۆیە ڕاگیراوە تا تاقیکردنەوەکان تەواو دەبن."
دەشڵێت "خەڵکی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران زۆر دڵخۆشن و بەپەلەن لەوەی کارەبایان ببێتە ٢٤کاتژمێری، بۆ ئەوەی لە کارەبای موەلیدە و پچڕانی کارەبا ڕزگاریان بێت و کارەبای بەردەوامیان ھەبێت، تەنیا لە سەنتەری سۆران ١١٦ موەلیدەمان ھەیە، بە کارەبای ٢٤ کاتژمێری ئەو موەلیدانە نامینێن و دەکوژێنەوە، هەم ژینگەیەکی پاک بۆ سۆران دروست دەبێت هەم کارەبا لەسۆران دەبێتە ٢٤ کاتژمێری."

بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار