٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"لە وڵاتانەوە گەشتیار دێنە ئاکرێ"

سەرچاوە: KDP.info

ئاکرێ -KDP.info- بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ئاکرێ گوتی"دوای ئەوەی ئاکرێ کرایە پایتەختی نەورۆز، لەسەر ئاستی جیھان ناسراوە و گەشتیار لە ھەموو وڵاتان دێنە ئاکرێ بۆ ئەوەی لە نزیکەوە بیبینن، بۆیە ئاکرێ لە داھاتوو دەبێتە سەنتەرێک بۆ کۆمپانیا گەشتیارییەکان، بۆ ئەوەی لەوێ سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانی کوردستان بکەن."

سەلیم ئەمین، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ئاکرێ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "سەردانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ناساندنی ئاکرێ وەکو پایتەختی نەورۆز بۆ ئێمە بووە ھەنگاوێکی گرنگ، گەشتیاری بیانی و کونسووڵی وڵاتان بەردەوام سەردانی ئاکرێ دەکەن، بۆیە ئێمەش لەگەڵ وەبەرھێنەرەکان لەسەر خەتین و دێن پڕۆژە ئەنجام دەدەن، پڕۆژەیەکی زۆر گەورە لە بواری جێبەجێکردن دایە لەسەر ڕووبەری ٤١٥ دۆنم زەوی، زۆ ھۆتێل و مۆتێل و خواردنگە و کافتریا و شوێنی گەشتیاری لەخۆ دەگرێت، ٢ھەزار و ٥٠٠ گەشتیار دەحەوێنێتەوە. بەردەوام وەبەرھێنەری تازە دێن، پڕۆژەیەکی دیکە لە گرێ تۆپا بەناوی ژیان لەسەر ٥٠ دۆنم زەوی ئەنجام دەدرێت، ئەوەی لە ھەمووی گرنگترە ڕۆژانە ژمارەیەکی زۆری گەشتیاری بیانی لە ھەموو وڵاتانی جیھان دێنە ئاکرێ، بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاکرێ ببینن، پڕۆژەیەکمان لەگەڵ شوێنەوار و شارەوانی پێشکەش کردووە بۆ ئەوەی ھەندێک خانووی کۆنی ئاکرێ نوژەن بکرێنەوە و ھەندێک مۆتێل و کافتریا دروست بکرێن."

سەلیم ئەمین گوتیشی "لە ئاکرێ ئەگەر کێشەی مانەوە نەبێت، دەبێتە سەنتەرێک بۆ کۆمپانیاکانی گەشتیاری و مەڵبەندی خۆیان دادەنێن بۆ ئەوەی گەشتیار بچنە ئاکرێ و ھەموو شوێنە گەشتیارییەکانی کوردستان، چونکە لە ئاکرێوە ڕێگا بۆ هەموو ناوچەکان دەچێت، بۆ ھەموو ناوچەکانیش ڕێگا تەنیا یەک کاتژمێرە، بۆیە پڕۆژەکان تەواو بکرێن گۆڕانکاری زۆر دروست دەبێت و ڕێژەیەکی یەکجار زۆر دێنە ئاکرێ، چونکە شوێنێکە چوار وەرزە بۆ گەشتیاری شیاوە، ئێستا دوای تەواوبوونی تاقیکردنەوە لە عێراق گەشتیارێکی زۆر دێنە ئاکرێ، بۆیە تەنیا لە نەورۆز ٨٨ھەزار گەشتیار ھاتنە ئاکرێ، لە چوار مانگی ڕابردووش ٨٥ھەزار گەشتیار ھاتوونەتە ئاکرێ، لە وەرزی ھاوین گەشتیاری زیاتریش دێن، بۆیە ساڵ بە ساڵ ڕێژەی گەشتیار لە زیادبوون دایە، پار ٤٤٧ھەزار گەشتیار ھاتنە ئاکرێ، ئەمساڵ پێشبینی دەکرێت ڕێژەکە بەرزبێتەوە بۆ ٦٠٠ھەزار گەشتیار."
دەشڵێت "بەنیازین تەلەفریک دروست بکەین بۆ سەری ئاکرێ، بڕیارە کۆمەڵێک پارک لە سەنتەری ئاکرێ دروستبکرێن، مۆڵێکی گەورەش دەکرێتەوە، بۆ ئەوەی گەشتیار بێن بۆ ئاکرێ شوێن ھەبێت لێی بحەوێنەوە و چێژی لێ ببینن، بۆیە پلانی باش دانراوە و ڕێژەی گەشتیار لە داھاتوو بەشێوەیەکی بەرچاو لە ئاکرێ زیاد دەکرێن."

بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار