٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

١٠٠ ملیار دینار بۆ ئاوەدانکردنەوەی دەشتی نەینەواو شنگال و زوممار تەرخان کراوە

سەرچاوە: KDP.info

مووسڵ -KDP.info-  یاریدەدەری پارێزگای نەینەوا گوتی "لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی پارێزگای نەینەوا١٠٠ملیار دینار بۆ دەشتی نەینەوا و شنگال و زوممار تەرخانکراوە و بەشێکی زۆری بوونەتە پڕۆژە و کەوتوونەتە بواری جێبەجێکردن. 

ڕەفعەت سمۆ، یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "لە چوارچێوەی ئاوەداکردنەوەی نەینەوا بە ھەوڵی نوێنەرانی پارتی لە پەرلەمان و ئەنجوومەن و پارێزگا، بەردەوام پڕۆژەی تازە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، لە شنگال و زوممار و دەشتی نەینەوا ئەنجام دەدرێن، لە ماوەی ڕابردوو بە دوو گوژمە ١٠٠ملیار دینار خەرج کراوە، ھەر جارەی ٥٠ملیار دینار." 

ڕەفعەت سمۆ گوتیشی "پڕۆژەی جۆراوجۆر لە ھەموو سێکتەرەکان، لە شنگال و زوممار و دەشتی نەینەوا ئەنجام دراون. ئامانجمانە مووسڵ دوای وێرانبوونی لەسەر دەستی داعش، جارێکی دیکە ئاوەدان بکرێتەوە، پلانیشمان داناوە، پێشکەشیش کراوە بۆ ئەوەی بودجەی دیکە تەرخان بکرێت و پڕۆژەی زیاتر لە ناوچە کوردستانیەکان ئەنجام بدرێن." 

سمۆ باسی لەوەش کرد "ئێمە خۆمان بە نوێنەری خەڵکی خۆمان لە ناوچە کوردستانییەکان دەزانین، بەردەوامیش دەبین لە خزمەتکردنیان." 

دەشڵێت "بودجە بۆ پڕۆژە، بەپێی دانیشتوانی ١١ یەکەی ئیداری لە شنگال و زوممار و دەشتی نەینەوا تەرخان کراوە، زۆرینەی پڕۆژەکان دراونەتە بەڵێندەر بۆ جێبەجێکردن و جێبەجێ کراون، بۆیە بە تەوابوونی پڕۆژەکان، ئەو ناوچانە لەڕووی ئاوەدانییەوە دەچنە قۆناغێکی دیکە، چاوەڕێ دەکەین ئەمساڵیش بودجەمان بۆ تەرخان بکرێت بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتری ناوچە کوردستانییەکان بکەین." 

بڵند ئیبراھیم 

هەواڵی پەیوەندیدار