نێچیرڤان بارزانی: دەبێ گرنگییەکی تایبەت بە ئافرەتان و گەنجان بدەین

ھەولێر-KDP.info- ده‌قى وتارى به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، له ڕێوڕه‌سمى كردنه‌وه‌ى خولى بیسته‌مى پێگه‌یاندنى كادیرانى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان.
بەڕێز كاك مەسروور بارزانی،
هەڤاڵانی مەكتەبی سیاسیی پارتی،
ئاماده‌بووانى به‌ڕێز،
كادیرانی حزب لە هەر شوێنێك هاتبن،
هه‌موو لایه‌كتان به خێر بێن، سەر چاو،
بەیانیی هەموو لایەكتان بە خێر و بە خۆشی..
خۆشحاڵم كه له ڕێوڕه‌سمى كردنه‌وه‌ى ئه‌م خوله‌ى كادیراندا، به‌شدار دەبم لەگەڵ ئێوە. هیواى سه‌ركه‌وتنتان بۆ ده‌خوازم له خزمه‌تكردنى زیاترى كوردستان و ڕێبازه‌كه‌تان، ڕێبازى بارزانى. ڕێبازى خزمه‌تكردن و قوربانیدان له‌پێناو گه‌لى كوردستاندا، به هه‌موو پێكهاته‌كانییه‌وه، به ڕێبه‌رایه‌تیى گەورەمان جه‌نابى سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانى.
به‌شداریتان له‌م خوله‌دا مانای قووڵی هەیە. ئەمە نوێکردنەوەی پەیمانە لەگەڵ بنەماکانی پارتی دیموکراتی کوردستاندا کە لەسەر گیانى نیشتمانپەروەری و ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتمانیى کورد و كوردستانییان به‌گشتى، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر بنه‌ماى وەفاداری بۆ ڕێبازی بارزانیی نەمر لە خەبات بۆ ئازادی و سه‌رفرازیى گه‌لى كوردستان، بنیاتنراوە.
دووپاتی دەکەینەوە کە ئه‌رك و ناوەڕۆکی پەیامەکەتان، کارکردنە بۆ بەهێزکردنی کاری هاوبەش و چەسپاندنی گیانى یەکگرتوویی و یەکڕیزى لەنێوان هەموو ڕۆڵەکانی گه‌لى کوردستاندا، لەگەڵ ڕێزگرتنی تەواو له فرەییی سیاسی کە ئەزموونی دیموکراسیمان به‌هێز و دەوڵەمەند دەکات.
پاراستنی فره‌یى و ئازادیییە ئایینییەکان و پشتگیریکردنی پێکەوەژیانی ئاشتیانە لەنێوان هەموو پێکهاتەکانی کوردستاندا، ئەرکێکی نیشتمانی و ئەخلاقییە، بەتایبەتی کە دوژمنانی ئازادی، هەمیشە هەوڵیان داوە ته‌بایى و پێکەوەژیانمان لەناوببەن.
بەها باڵاكانی مرۆڤایەتی، وەک ئازادی، دادپەروەری و یەکسانی، كرۆكى بیر و ڕێبازى بارزانیی نه‌مر و پارتییە و بۆ هه‌میشەش هەر وا دەمێنێتەوە. ئەم بەهایانە دەبێت بکرێن بە کرداری ڕۆژانەی جددی و كاریان لەسەر بكرێت بۆ بەهێزکردنی شكۆى مرۆڤ و پته‌وكردنى هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە.
گرنگییەکی تایبەت دەدەین بە پشتگیری و بەهێزکردنی ئافره‌تان بۆ گەییشتن بە پێگەی شیاو کە لەگەڵ ماف و کەرامەتیاندا دەگونجێت. کۆمەڵگەکەمان تەنها بە بەشدارییەکی تەواو و دادپەروەرانە لە نێوان پیاوان و ئافره‌تاندا، هه‌روه‌ها به بایه‌خ و گرنگیدان به گه‌نجان، بەرز دەبێتەوە.
خۆشحاڵم بەوەی كه له كۆى (100) كادیر كە بەشدارن لەم خولە، (23)یان ئافره‌تن، به‌ڵام به‌دڵنیایییه‌وه، چاوه‌ڕوانى و تمووحمان زۆر له‌وه زیاتره و به‌شداریى ئافره‌تان له كارى پارتایه‌تى و له ئاماده‌یى و هه‌بوونیان له ئۆرگانه‌كانى پارتیدا، زۆر زۆر پێویسته. هیوادارین له خوله‌كانى داهاتوودا، ڕێژه‌یه‌كى زۆر لەوە زیاتریش ئافرەت بەشدار بن.
هه‌ڤاڵانى ئازیز،
تێگەییشتن لە گیانى سەردەم و ئاڵنگاری و گۆڕانکارییەکانی، پێویستییه‌كى سەرەکییە بۆ كادیرى پارتى. ئێوە داواتان لێ دەکرێت کە به گیانى سه‌رده‌میانه بره‌و به تواناكانتان بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ى پێشەنگی نەوەی ڕۆشنبیر و هۆشیار بن لە كوردستان و لەناو پارتی، لە ڕێگەی ڕه‌خنه‌ى بنیاتنه‌رانه و خۆپەروەرده‌كردنی بەردەوام و پسپۆڕى له هه‌موو بواره‌كاندا، به‌تایبه‌تى له بواره‌كانى زانستی و تەکنه‌لۆژیدا.
نەوەی ئەمڕۆ زیاتر هۆشیارە، بەڵام بەهۆی گەشەسەندنی خێرای تەکنەلۆژیاوه، زیاتر بەرکەوتەی مەترسیدارەكانیشی لەسەرە. بەرپرسیاریه‌تیی ئێوه‌یه کە ڕێنیشاندەر بن، ئەم نەوەیە ئاراستە بکەن و لە لادان و کاریگەرییە نەرێنیەکان بیانپارێزن.
کادیری پارتى، دەبێ پارێزەری نیشتمان و بەرگریکار بێت لە ناسنامەی کوردی و له ناسنامه‌ى نیشتمانیى كوردستانییان. بەرامبەر بەو ڕەوتە دەرەکیانە بوەستێته‌وه کە هەوڵ دەدەن، هەوڵی بەردەوام دەدەن ناسنامەی نه‌ته‌وه‌یى و نیشتمانیمان لاواز بکەن.
پارتی لە ڕۆژی یەكەمی دامەزراندنیەوە تا ئێستا و لە هەموو قۆناغەكاندا پارێزه‌رى ناسنامەی نەتەوەییی كورد و كوردستانییان بووە. هەروەها بەرپرسیاریه‌تییەکی گەورە دەکەوێتە سەر شانتان بۆ پاراستنی گەنجەکانمان لە هه‌موو مه‌ترسییه‌كانى ئه‌م سه‌رده‌مه كه به‌رۆكى گه‌نجان ده‌گرێت، وه‌ك مه‌ترسیى ماددە هۆشبەرەکان و کردارە زیانبەخشەکانی دیکە.
پارتی دیموکراتی کوردستان هەردەم قوتابخانەیەک بووە لە باوەڕ بە دۆزی كورد و کوردستان، لە دڵسۆزی بۆ خزمەتی گەل و وڵات، لە کرانەوە بەڕووی جیهاندا بە گیانێكى بەهێز و شارستانی. ده‌بێ هه‌موومان وەفادارى ئەم قوتابخانەیە بین، كە قوتابخانەی كوردایەتی و بەرگرییە لە كورد و هەموو كوردستانییان، هەڵگری پەیامی ئازادی، دادپەروەری و ئاشتییە.
داهاتووی پارتى و کوردستان ئەمانەتێکە، لە ئەستۆى ئێوه‌دایه. با پێکەوە بە جددی و دڵسۆزی کار بکەین بۆ بنیاتنانی نیشتمانێکی ئازاد و پێشكه‌وتوو کە هەموو ڕۆڵەکانی بە کەرامەت و بە یەکسانی بژین، گیانى شه‌هیدانى كوردستان شاد بكات و ببێته پاداشتێك بۆ خزمه‌ت و ڕه‌نج و خه‌باتی تێكۆشەرانی پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كان كە لەم ڕێبازەدا خوێنی خۆیان بەخشیوە و ئەمڕۆ لەم ڕێوڕه‌سمه‌دا سەری ڕێز و نەوازش بۆ ئەو شەهیدانە دادەنوێنین.
له‌بیرتان نه‌چێت، ئه‌ركى ئێوه خزمه‌تكردنى خاك و وڵاته، خۆبه‌خاوه‌نكردنى ڕاسته‌قینه‌یه له كورد و لە كوردستانییان، قوربانیدانه له‌پێناو خاك و نیشتمان و كاركردنى جددى و دڵسۆزانه‌یه، بۆ بنیاتنانى داهاتوویه‌كى گه‌شتر و باشتر. هەر كاتێك پارتی بەهێز بێت، هەر كاتێك پارتی هەبێت، بێگومان كوردستانیش گەشاوەتر و ئارامتر و پێشكەوتووتر دەبێت، چونكە پارتی زامنی سەركەوتن و پارێزەری دەستكەوتەكانی گەلی كوردستانە، بۆ بنیاتنانى كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى ئازاد و مه‌ده‌نیى دیموكرات كه تیایدا به‌ها ڕه‌سه‌ن و باڵاكانى گه‌له‌كه‌مان و به‌ها هاوبه‌شه‌كانمان له‌گه‌ڵ جیهانى پێشكه‌وتوودا، پارێزراو بن.
لەم بۆنەیەدا ده‌ستخۆشى له هه‌ڤاڵ قادر قاچاغ و په‌یمانگە پێگه‌یاندنى كادیران ده‌كه‌م كه لە هەموو قۆناغەکانی خەباتدا، ڕۆڵی دیار و بەرچاویان هەبووە لە پێگەیاندنى كادیران. سوپاسى هه‌ڤاڵان له مه‌كته‌بى سیاسى و ستافى په‌یمانگه و مامۆستایانى به‌ڕێز ده‌كه‌م، بۆ ڕه‌نج و ماندووبوونیان. زۆرێک لەم تێکوشەرانەی كە ئه‌مڕۆ لێرە دانیشتوون، سەردەمێک قوتابی و سەردەمێک مامۆستای ئەم پەیمانگەیە بوون.
پیرۆزبایی لە هه‌مووتان ده‌كه‌م، هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم، دروود و سڵاو له گیانى پاكى شه‌هیدان، سڵاو و ڕێز بۆ خێزان و كه‌سوكارى سه‌ربه‌رزیان.
هەموولایەكتان بەخێربێن،
زۆر سوپاس..




