سەرۆکی حکوومەت پێشوازی لە باڵیۆزی نوێی شانشینی یەکگرتوو لە عێراق کرد

ھەولێر-KDP.info- مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە عیرفان سدیق، باڵیۆزی نوێی شانشینی یەکگرتوو (بەریتانیا) لە عێراق کرد.
ئەمڕۆ سێشەممە ٢٢ی نیسانی ٢٠٢٥، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە عیرفان سدیق، باڵیۆزی نوێی شانشینی یەکگرتوو لە عێراق کرد.
سەرۆکی حکوومەت وێڕای پیرۆزبایی دەستبەکاربوون، ھیوای سەرکەوتنی بۆ باڵیۆز خواست لە ئەرکەکەی و ھەموو پشتیوانییەکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی دەربڕی لە پێناو پێشخستنی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و شانشینی یەکگرتوو.
باڵیۆزی شانشینی یەکگرتوو، ئاماژەی بەوەدا کە ھەرێمی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا پێشکەوتنی باشی بەخۆیەوە بینیووە و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان لە ھەموو بوارەکاندا دووپات کردەوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، کە ئەندرۆ بیزلی کونسوڵی گشتیی شانشینی یەکگرتوو لە ھەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، ھەردوولا جەختیان لە پێویستی چارەسەرکردنی کێشەکانی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ و ڕێزگرتن لە سیستەمی فیدراڵی عێراق و قەوارەی دەستووریی ھەرێمی کوردستان و دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم لە زووترین کاتدا کردەوە.
ھەروەھا ئامادەکارییەکانی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە مانگی نۆڤێمبەری ئەمساڵ تاوتوێ کرا.





