"کارگەی زۆم لەسەر ئاستی عێراق یەکەمە"

سۆران-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕایدەگەیەنێت، کارگەی زۆم بۆ بەرھەمی شیرەمەنی، رۆژ بەڕۆژ لەفراوانبووندایە و ئێستا کار بۆ کردنەوەی بنکەی تازەی وەرگرتنی شیر دەکەن و چەندین بنکەی تازەش دەکەنەوە، کە لەسەر ئاستی عێراق و ھەرێمی کوردستانیش لە ھەموو بوارێکدا یەکەمە.
کامەران حوسێن مامەند، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، کارگەی زۆم لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران زۆر گرنگە و یەکێک لە کارگە ھەرە گرنگەکانی بواری شیرەمەنییە، کە ئێستا لە کوردستان ھەیە و لە ھەموو عێراقیشدا لە ڕووی کوالێتییەوە یەکەمە، چونکە لە کێبڕکێی نێوان ھەموو کارگەکان خەڵاتی یەکەمی پێدراوە لەسەر ئاستی عێراق و ھەرێمی کوردستان، کە باشترین بەرھەمی کوالێتی و شیرەمەنیی ھەیە و یەکێک لە کارە باشەکانی ئەو کارگەیەش ئەوەیە، ئاژەڵەکان لەناو ژینگەی سرووشتیی ھەرێمی کوردستان دەژین، بۆیە ئەگەر بەراورد بە کارگەکانی دیکەی بکەین، ئەو شیرەی ئەوان لەو ئاژەڵانەی وەردەگرن، لەناو کێڵگەکان بەخێو دەکرێن و لە ھۆڵەکانن، بەڵام ئاژەڵەکانی ئەو کارگەیە لەناو سرووشتی کوردستانن، بۆیە ئێستا لە زۆرینەی قەزا و ناحیەکان کە ئاژەڵی لێیە، بنکەی کردووەتەوە و شیریان لێ وەردەگرن وەکو بارزان تا سیدەکان و خەلیفان و ناوچەکانی دیکە.
مامەند گوتیشی، کۆکردنەوەی شیریش ھەروا ھەرەمەکی نییە، بەڵکو تاقیگەیان ھەیە و شیرەکان لە تاقیگە پێویستە دەربچن و نابێت ئاوی تێدا بێت و تەنیا شیری مانگا کۆدەکەنەوە، بۆیە کۆمەڵێک مەرجیان ھەیە بۆ وەرگرتنی شیر و لیتری بە ٩٠٠ دینار لە ئاژەڵدارانی وەردەگرن و ھانی خەڵکیش دەدەن ئەوەی ئاژەڵێکی ھەیە زیاتری بکات و مانگای شیر زیاتر بەخێو بکرێت، چونکە بەرھەمەکەی ساخ دەبێتەوە و ئەمەش وادەکات ڕێژەی ئاژەڵ و بەرھەمی شیرەمەنی زیاتر بێت، بۆیە کۆمپانیایەکی نیشتیمانییە و ھیچ ماددەیەکی پارێزراوی زیادکراو لەناو بەرھەمەکان ناکرێت و بەرھەمەکانیش دەدرێتە دووکانەکان کەی فرۆشتیان ئەوکات پارەیان لێوەردەگرن، بۆیە کاریگەری زۆری لەسەر ناوچەکە و ھەرێمی کوردستان دروست کردووە.
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی سۆران دەشڵێت، ئێستا کۆمپانیاکە لە فراوانبووندایە و دەیەوێت لەپاڵ بەرھەمی شیر، بەرھەمی دیکەی کشتوکاڵی وەرگرن لەو ناوچانەی بەرھەمی کشتوکاڵییان ھەیە وەکو سێو و بەرھەمی دیکە، بۆ ئەوەی بە پیشەسازی بکرێت، بۆیە ئێستا دەیانەوێت بۆ وەرگرتنی شیریش بنکەی زیاتر بکەنەوە کە جۆری بەرھەمیشیان زۆرە وەکو ماست و ماستاو و لۆر و پەنیر و بەرھەمی دیکەش، بۆیە مامەڵەیان لای ئێمەیە بۆ ئەوەی بنکەی تازە لە قەسرێ و ڕواندز بکەنەوە و ڕەزامەندیش دراوە و ھەوڵ دەدەن لە حاجی ئۆمەرانیش بنکە بکەنەوە، بۆیە بەردەوام لە فراوانبووندایە بۆ ئەوەی ھەموو ھەرێمی کوردستان بگرێتەوە.
بڵند ئیبراھیم




