پێشنوێژی مزگەوتی گەورەی خورماڵ بۆ KDP: پاراستن و خۆشەویستیی نیشتمان فەرزە

خورماڵ-KDP.info- لە زنجیرەیەك دیمانەی تایبەتی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ مامۆستایانی ئایینیی شار و دەڤەرە جیاوازەكانی كوردستاندا، هەموویان لەسەر یەک خاڵ كۆكن كە ئایینی پیرۆزی ئیسلام بۆ نیشتمانپەروەری هانمان دەدات، تەنانەت مامۆستا عەبدوڵڵا حەمەمراد، گوتاربێژی مزگەوتی گەورەی خورماڵ دەڵێت، خۆشەویستیی نیشتمان و پاراستنی لە دەستی دوژمن وەك، نوێژ لەسەر تاكەكانی كۆمەڵگا فەرزە.
مامۆستا عەبدوڵڵا حەمەمراد ڕایدەگەیەنێت، خۆشەویستیی نیشتمان بەشێكە لە ئیمان، ئەگەر لە ڕوانگەی قورئانەوە تەماشا بكەین، خوای گەورە دەفەرموێت، ئەو نیشتمانەی بۆ ئێوەی دیاری كردووە، حەق و مافی تۆیە و لەسەرشانی تۆ پاراستنی واجب كردووە. پێغەمبەرمان محەمەد (د.خ) دەفەرموێت هەركەسێك لەسەر خاك و ئاو نیشتمانی خۆی خوێنی بڕێژرێت، پلەی شەهیدی وەردەگرێت. زانایانیش دەڵێن، خۆشەویستی بۆ نیشتمان بەشێكە لە ئیمان.
گوتاربێژی مزگەوتی گەورەی خورماڵ، لە درێژەی لێدوانەكەیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، سەرنج دەخاتە سەر بایەخی ژینگەپارێزی لە ئیسلامدا و دەیگەڕێنێتەوە بۆ هەمان خاڵ كە بەشێكە له هاندان بۆ خۆشەویستیی نیشتمان و دەڵێت، خوای گەورە دەشتایی و سەوزایی بۆ مرۆڤەكان و ئاژەڵان بەردەست خستووە، داوامان لێدەكات كاتێك ڕۆشتی بۆ گەشتوگوزار، لە بن داردا ئاگر مەكەنەوە و مەیسووتێنن و ژینگە پیس مەكەن و بەرد فڕێ مەدەنە كانیاوەكانەوە، چونكە ژینگە مافی گشتییە، شوێنی گشتی ئەوەندەی بۆ تۆیە كە سوودی لێ دەبینیت، پاشان بۆ كەسانی ترە.
"پێویستە لە زانكۆ و قوتابخانە و مزگەوتهكاندا، ههروهها دایك و باوكان هۆشداری تەواو بدەن بە منداڵەكانیان، چۆن نوێژیان لەسەر فەرزە، پاراستنی نیشتمان بە هەمان شێوە لەسەریان فەرزە، مامۆستا عەبدوڵڵا حەمەمراد وای گوت.
عەزیز ڕەسووڵ




