د.پشتوان سادق: حکوومەتی ھەرێم بە بەرنامە و پلانی نیشتیمانی خزمەت بە ھاووڵاتیانی دەکات

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ لە دیدارێکدا دکتۆر پشتیوان سادق، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای ھەولێر کۆبوونەوەیەکی فراوانی لەگەڵ ژمارەیەک کادیر و ھەڤاڵانی پارتی لە سنووری لقەکانی ( ٢ ، ١٦ ، ٢٣ ، ٢٤ ) کرد.
ئەمڕۆ دووشەممە ١٠ی ئاداری ٢٠٢٥، لە بارەگای مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای ھەولێر، بە سەرپەرشتی دکتۆر پشتیوان سادق و بە ئامادەبوونی چیا ھەرکی یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەب، ئومێد خۆشناو پارێزگاری ھەولێر، ڕزگار ئەنوەر بەرپرسی لقی٢٤ و سەنگەر کانەبی بەرپرسی لقی٢٣، کۆبوونەوەیەکی فراوان لەگەڵ ژمارەیەک کادیر و ھەڤاڵانی پارتی لە سنووری لقەکانی ( ٢ ، ١٦ ، ٢٣ ، ٢٤ ) بەڕێوەچوو.
لە سەرەتایی کۆبوونەوەکەدا، دکتۆر پشتیوان سادق بە گرنگ و پڕ بایەخەوە باسی لە کار و پڕۆژە بەردەوامەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کرد و، ڕایگەیاند لەسەر بڕیاری ڕێزدار (مەسروور بارزانی) لە داھاتوویەکی نزیک ھەموو ھەرێمی کوردستان بە پڕۆژەی ڕووناکی، دەبێتە خاوەن کارەبای ٢٤ کاتژمێری، کە ئەمەش خەونی گەورەی گشت ھاووڵاتیانی خۆشەویستی کوردستانە و پڕۆژەیەکی ستراتیژی و مەزنە لە ھەرێمی کوردستان، کە ھەمووان تێدا سوودمەند دەبن.
ھەروەھا پڕۆژەی گەیاندنی ئاو بۆ شاری ھەولێر، کە چارەسەری قەیرانی ئاو لە ھەولێر و ژمارەیەک قەزا و ناحیەی دەوروبەری ھەولێر دەکات، یەکێک بوو لە تەوەری قسەکانی دکتۆر پشتیوان لە کۆبوونەوەکە.
دواتر بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی ھەولێر، ئاماژەی بەوەکرد، کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە بەرنامە و پلانی تۆکمە و نیشتیمانی خزمەت بە ھاووڵاتیانی خۆشەویست دەکات.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، دکتۆر پشتیوان سوپاس و دەستخۆشی لە ھەڤاڵان کرد و، جەختی کردەوە کە دەبێت کادیرەکانمان ئەو ئەرک و بەرپرسیارێتیە نیشتیمانیەی لەسەریانە بە باشترین شێوە بەردەوامی پێبدەن.






