سەرۆکی ھەرێمی کوردستان: پارتی و یەکێتی پێکەوە حکوومەت پێکدەھێنن

ھەولێر-KDP.info- نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئێستا یەکێتی و پارتی لە ھەولێر لە کۆبوونەوەدان، "پێویستە ھەوڵی جیدی بدەن حکوومەتێکی کارا و جێی ئومێدی خەڵکی کوردستان دروست بکەن".
لەبارەی ئایا تەنیا یەکێتی و پارتی حکوومەت پێکدەھێنن؟ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، "یەکێتی و پارتی پێکەوە حکوومەت پێکدەھێنن".
لەبارەی عێراقەوە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، "ئەوەی لە عێراق ھەیە مەرکەزیەتە و دوورە لە فیدراڵی. مامەڵەی عێراق لەگەڵ ھەرێمی کوردستان مەرکەزییە نەک فیدراڵی".
لەبارەی نەوتەوە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، ئێمە وەکو کاڵای بازرگانی سەیری نەوت دەکەین نەک سیاسی، ڕاگرتی نەوت زیانێکی زۆری لە عێراق دا. ئێستا تورکیاش ئامادەیە و چاوەڕێ دەکەین لە ماوەیەکی نزیکدا نەوتی ھەرێمی کوردستان ڕەوانەی بەندەری جەیھان و دەرەوە بکرێت.
لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، "ئەوەی سەرۆکوەزیران سوودانی پێی کراوە کەمتەرخەمی نەکردووە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش بەوپەڕی شەفافیەتەوە مامەڵەی لەگەڵ بەغدا کردووە، ئێمە تەواوکەری یەکدین لە عێراق، ناکرێت ھەموو پرسەکان لە مووچەدا چڕ بکرێنەوە. سەرۆکوەزیران، دادگای فیدراڵی، پەرلەمانی عێراق دەبێ بەپێی دەستوور مافی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان جێبەجێ بکەن. چیدی نابێ ببێتە ھەواڵی بەپەلە".




