ھۆشیار زێباری دیدو تێڕوانینی پارتی بۆ پێکھێنانی کابینەی دەیەم دەخاتەڕوو

ھەولێر-KDP.info- لە ھۆڵی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن، بە ئامادەبوونی ھۆشیار زێباری ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی و بەشێک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و، د.سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن و، بەشێک لە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسانی حکوومی و حزبی، ڕێوڕەسمی چوارەمین کتێبی بازنەی گفتوگۆ بەناونیشانی “کوردستان و گۆڕانکارییەکانی عێراق و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست” بەڕێوەچوو.
لە دەستپێکدا د.سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن لە پەیڤێکدا بەگەرمی بەخێرھاتنی میوانەکانی کرد و ئاماژەی بەوەکرد، لە دوای کۆنگرەی چواردەیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەشی ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندن وەک ھەنگاوێک بۆ کاراکردنی گفتوگۆ و پێکەوە گرێدانەوەی جیاوازییەکان، ئۆرگانێکی سەربەخۆی بەناوی “بازنەی گفتوگۆ” دامەزراند و، بەرھەمی ٢ ساڵی ڕابردووی بریتی بووە لە ٢٤ گفتوگۆی ڕاشکاوانە لەسەر پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان و کۆی پڕۆسەی سیاسیی لە عێراق و کێشەی کورد لە ھەر چوارپارچەی کوردستان بەڕێوەبردووە و، پلاتفۆرمێکی کراوە بووە بۆ سەرجەم جیاوازییە نەتەوەیی و ئایینەکان و ھەرێمی کوردستان و عێراق و پارچەکانی دیکەی کوردستان.
پاشان بۆ قسەکردن لەسەر بارودۆخی ئێستای کوردستان و پێکھێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و کۆی گۆڕانکارییەکانی عێراق و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، پانێڵێک بەناونیشانی “کوردستان لەناو گۆڕانکارییەکانی عێراق و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست” بۆ ھۆشیار زێباری ئەندامی دەستەی کارگێڕیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەڕێوەچوو.
لە پانێڵەکەدا کە سەرەتا بە ھەوڵەکان بۆ پێکھێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەستیپێکرد. ھۆشیار زێباری زۆر ڕاشکاوانە دیدوتێڕوانینی پارتی دیموکراتی کوردستانی بۆ پێکھێنانی کابینەی دەیەم ڕوونکردووە و، جەختی لەسەر ئەوە کردووە کە پارتی دیموکراتی کوردستان ھەموو ئەو لایەنە سیاسیانەی کورسی پەرلەمانیان بەدەست ھێناوە وەک براوەی ھەڵبژاردن مامەڵەیان لەگەڵ دەکات و، ئەوە لەبەرچاو ناگرێت لایەنێک کورسی زیاترە یان کورسی کەمترە و دەرگەی پارتی کراوەیە بۆ ھەر لایەنێکی سیاسیی بیەوێت بەشداری لە کابینەی داھاتوو بکات.
سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی عێراق و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستیش، ھۆشیار زێباری جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە کێشەی سەرەکیی عێراق ئەوەیە کە پابەند نییە بەدەستوورەکەی خۆیەوە و لە چوارچێوەی ئەو دەستوورە مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ناکات و، مافە دەستوورییەکانی بۆ دەستبەر ناکات.
لەکۆتایی مەراسیمەکەدا خەڵاتی ڕێزلێنانی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بەسەر بەشداربووانی گفتوگۆکانی وەرزی سێیەم و ئەندامانی بازنەی گفتوگۆ دابەشکرا و، مەراسیمەکە بە دابەشکردنی کتێبەکە کە بە ھەردوو زمانی کوردی و عەرەبی چاپ کرابوون، کۆتایی ھات.




